ئازادیی سەركوتكردن، سەركوتكردنی ئازادی

10:28 - 2022-09-07
کەلتور
535 جار خوێندراوەتەوە
وەستان لەبەردەم هێزی سەرکوتکەردا

لە فارسییەوە: جەواد حەیدەری

سەركوتكردنی ئازادی بە شێوەیەكی گشتی، بەشێك لەو مافانەیە كە سیستمە ناڕەواكان بۆ خۆیان و لایەنگرانیان پاراستووە. سەركوتكردنی ئازادی رادەربڕینیش بەشێكە لەو مافانە كە بۆ خۆیان دروستكردووە.
لەو جۆرە سیستمانەدا هەمیشە بە شێوەی راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ بە گوێی خەڵكیدا دەچرپێنن كە هەرگیز بە پێچەوانەی چاوەڕوانی حكومەت هیچ نەڵێن و هەڵسوكەوت نەكەن و تەنانەت بیریش نەكەنەوە، بەڵام ئەوەی حكومەت لەوان چاوەڕوانی دەكات ئەوەیە كە سەربەرستانە و ئازادنە بڵێن و كاربكەن و بخۆن.
ئەگەر كەسێك ئەو وانەیە بە باشی فێر نەبووبێت یان لە بیری كردبێت، دووبارە وەبیری دەهێنەوە و ئەگەر لەسەر ئەو تەوەزەلییە بەردەوام بێت یان نەگەڕێتەوە بۆ رێگای ڕاست، ئەوە خۆی دەكات بە پەند و عیبرەت بۆ ئەوانی دیكە.
سەركوتی ئازادی لەوانەیە لەناو دەقی دەستووری وڵات هەبێت یان نەبێت، جیاوازییەكی نییە، چونكە دەستووری دەسەڵاتدار هەمان دەستووری نووسراو نییە و بەڵكو دەتوانێت پێچەوانەی دەستووریش بێت. دەستووری دەسەڵاتدار دەستوورێكە كە لە كرداردا جێبەجێ دەكرێت و دەتوانێت بە تەواوەتی دەستوورێكی نەنووسراو بێت. 
لەڕاستیدا لەو جۆرە وڵاتانەدا دەستوور سەروەر نییە و دەسەڵاتدار دەستوورە و ویست و ئیرادەی دەسەڵاتدار بەشێوەی روون و ئاشكرا بەسەر بیروڕای گشتیدا دەسەپێنرێت. هەر بۆ ئەو مەبەستە بێدەنگكردنی دەنگی خەڵك بەشێك لە یاساكانی دەسەڵاتدار یان دەستووری نەنووسراوەیە.

روویەكی دیكەی سەركوتی ئازادی، ئازادی دڕندەییە
نەبوونی ئازادی رادەربڕین لە سیستمە ناڕەواكاندا، بە مانای نەبوونی ئازادی درۆكردن و چەواشەكاری و شاتوشوتكردنی دژی نەیارانی خەیاڵی نییە. 
 ئازادی رادەربڕین لە وڵاتانی سەربەست و ئازاد هەروەها بە مانای ئازادی قسەنەكردن و مافی گوێنەگرتن یان وەرگرتنی پەیامی ئەوانی دیكەشە. بەڵام لە هەندێك لەو وڵاتانەدا وەها شتێك نییە، چونكە بڵندگۆ پڕ دەنگەكانی حكومەت بە هەزاران رێگەی جیاواز ئامادەن كە كەڕت بكەن. لە هەندێك لە وڵاتان هەمیشە حەپەی سەگان هەمیشە بەشێكی جیانەكراوەیە لە ژیانی رۆژانەی خەڵكی. لە هەندێك لە وڵاتان كەسانێك بە تەواوی سەربەستن كە دڕەندانە چ بە شێوەی زارەكی و چ بە شێوەی جەستەیی پەلاماری مرۆڤەكان و هێماكان بدەن. هیچ سنوورێك بۆ توندوتیژی دژی خەڵك لە ئارادا نییە و بێهێزی لە سەركوتكردنی ئازادی، بە یەكێك لە نیشانەكانی رژێمە خوێڕییەكان لە قەڵەم دەدرێت.
یەكێك لە شێوازە كاریگەرییەكان بۆ سەركوتكردنی ئازادی رادەربڕین پشت بەستنە بە رادەربرینی سەركوتكەرانە. درۆهەڵبەستن، چەواشەكاری، پیلانگێڕی، تۆمەت لێدان و بەدناوكردن و هەر جۆرە رەفتاری چاوترسێن كەرانە، جۆرێك دەربڕینی سەركەوتنە، لەوانە دەركردنی فتوای كوشتن و هەڕەشە و تیرۆر و كوشتنی كەسانی بێ توانا لە ناوخۆدا.
سەركوت بەهایەكی كۆمەڵایەتییە
گرنگ نییە چی لە یاسا و رێساكاندا هاتووە، كاتێك تۆ لە كۆمەڵگادا گەشە دەكەیت، لەسەر بنەمای یاسای نەنووسراو و سیستمی سزا و پاداشت، فێر دەبن كە بەهاكان و ئەخلاق و بڕیارە راستەقینەكان كامانەن؟ بۆ نموونە بە گوێتدا دەچرپێنن كە مرۆڤ بوون دژە بەهایە و دڕندەیی و گازگرتن و وەڕین بەشێكە لە باشترین دەستكەوتەكانی ژیان.
سەركوتی ئازادیش بە شێوەیەكی گشتی بەشێك لە بەها كۆمەڵایەتییەكان لە قەڵەم دەدرێت. كاتێك لە ناو سیستمی سەركوتكردندا گەورە دەبیت چاوەڕوانی ئەوەت لێدەكەن كە سەرەتا دەبێت هەندێك شت لەناو خۆتان سەركوت بكەیت، هەندێك شت زیاتر، هەندێك شت كەمتر و هەندێك شت بە تەواوەتی لەناو خۆتدا سەركوت بكەیت.
كاتێك كە سەركوت لەناو تۆدا ریشە دادەكوتێت، ئەو كاتەیە كە دەتوانیت خەڵكانی دیكەش سەركوت بکەیت. بۆ وەڕین و گازگرتن سەرەتا دەبێت فێری هار بوون بیت.
لە كۆمەڵگای ئازادیخواز منداڵان فێر دەكەن كە ئازادی بەهایەكی كۆمەڵایەتی و كاتێك كە گەورە بوو چاوەڕوانی ئەو جۆرە فیكر و بیرەی لێدەكەن. لە ئەفغانستان منداڵ فێر دەكەن كە سەركوت بەهایەكی كۆمەڵگایە و چاوەڕوانی نەڕە نەڕە و وەڕین و گازگرتنی لێدەكەن. 
لەڕاستیدا كاتێك سەركوت دەبێت بە بەهایەكی كۆمەڵایەتی ئیتر دەبێتە بەشێك لە یاسای نەنووسراو یان هەمان یاسای زاڵ. لەم شێوازە بەبێ ئەوەی كەسێك بڕیار بەسەر كەسێكی دیكەدا بدات بۆ نموونە سەری كەسێك ببڕێت خۆی دەزانێت كە ژینگە چ چاوەڕوانییەكی لەو هەیە، ئەگەر ئەو مسۆگەر نەكات دەزانێت چ سزایەكی بەسەر دێت.

سەركوتكردنی دەربڕین نان و ئاوی تێدایە 
لە هەندێك شوێن لە جیهان، تەنانەت لە ئەمریكاش درۆ هەڵبەستن و چەواشەكاری دژی هەندێك لە كەمینەكان لەوانە، نەتەوە، ژنان، بێگانە و بیانییەكان دەتوانێت نان و ئاوی تێدا بێت. لە یاسای نووسراودا نەهاتووە، بەڵام لە یاسای نەنووسراودا گرەنتی هەیە. هەر بۆیە بۆ درۆهەڵبەستن پێكەوە كێبەركێ دەكەن، هەتا ئەو كاتەی كە بە قازانجی سیستەم كار دەكەن پارێزراون و دەتوانن لووتكەكانی گەندەڵی و دزی بگرن بە بێ ئەوەی زیانیان بەركەوێت.
هێزی ئاژاوەنانەوە و چەواشەكاری دژی ئازادیخوازان دەتوانێت پێگەیەكی كۆمەڵایەتی و توانای دارایی بەدی بهێنێت، بۆ ئەو كارەش بكەرانی سەركوت بەردەوام چاوەڕوانییەكانی رژێم تاوتوێ دەكەن تا ببینن زۆربەیان چ شتێكیان پێخۆشە ببیستن، باش، خراپ، جوان یان ناشیرین، تا بەردەوام كاوێژی بكەنەوە.

ئازادی یانی ئازادی دەربڕین
ئازادی دەربڕین و دەربڕین ئازادییە، ئازادی دەربڕین یانی ئەگەر نمایشكردنی ئازادانە بیر و جەستە. دەربڕینی ئازاد تەنها ئازادی قسەكردن و نووسین نییە، هونەر، شێوازی پۆشاك و جلوبەرگ، تەنانەت شێوازی نانخواردنیش بەشێكە لە دەربڕین، هەروەها لستنەوەی ئایس كرێم و لەبەركردنی جلوبەرگ بە ڕەنگی سەیر و سەمەرە و دژایەتیكردن لەگەڵ هەر جۆرە بڕوای ئایینی یان پۆستی سیاسی.
هەر رژێمێكی ملهوڕ لە پڕۆسەی خوڵقان و ئەفراندنی خۆی، كاتێك دەست بە دانانی یاسا دەكات، سەركوتی زۆرێك لە هێماكانی ئازادی لە دەقی یاساكەدا پێشبینی دەكات، بەڵام لەوەی كە بەردەوام سەلیقە و دیارەی نوێ سەرهەڵدەدەن، حكومەت ناتوانێت یاسای خۆی بە بەردەوامی هەموار بكاتەوە، بۆیە ناچارە چاوەڕوانییەكانی خۆی رۆژانە بكات و لە رێگەی پەیوەندییەكانییەوە خەڵك تێبگەیەنێت و سیستمی سزا و پاداشت بۆ تێگەیشتنی ئەوان لەبەرچاو بگرێت.
پێشێلكاری چاوەڕوانییەكانی حكومەت، نەك یاسای نووسراو سزای هەیە، هەركەسیش پێشێلكاری چاوەڕوانییەكانی دەسەڵات و یاسای نووسراو نەكات پاداش دەكرێت.
لەوەی كە مرۆڤ بە ئازادی لە دایكبووە بەشێوەیەكی غەریزی لە واتای ئازادی تێدەگات و دەزانێت كە چەتەكانی ئازادی چ كڵاوێكی گەورەیان لەسەری ناوە. ئازادیخوازان لە هەر شوێنێك بتوانن یاسا دەشكێنن و تەنانەت خودی شوێنكەوتوانی یاسای دزانیش هەر كاتێك بتوانن پێشێلی دەكەن. كێشمەكێش و ململانێی نێوان ئازادی و سەركوت ئەوەندە درێژە دەخایەنێت تا ئەو رۆژەی كە گۆمەڵگا مردنی چەتەكانی ئازادی بە چاوی خۆی دەبینێت، مێژوو شایەتحاڵە.
كۆمەڵگای ئازاد دۆزەخی بكوژ و دز و دەستدرێژكەرانە و كۆمەڵگای سەركوتكەر بەهەشتی ئەوانە.

خۆسانسۆرکردن خۆسەركوتكردنە
خۆسانسۆرکردن بەشێكە لە چوارچێوەیەكی نەنووسراو، كاتێك چاوەڕوانییەكانی سیستمی دەسەڵات بۆ سەركوتكردنی توانا و بەهرە مرۆییەكانی خۆت دەزانی بە شێوەی خودئاگا یان نائیرادی ئەو چاوەڕوانیانە وەدی دەهێنیت و ئەمەش یانی ئەوەی كە خۆت سەركوت كردووە.
پێویست ناكات غەیبزان بێ تا بتوانی چاوەڕوانییەكانی ژینگەی دەوروبەری خۆی بدۆزیتەوە.
كاتێك لە بنەماڵەیەكدا گەشە دەكەی لەگەڵ بەها و نابەها و چاوەڕوانییەكانی بنەماڵە گەورە دەبێ. كەواتە ئاكام و لێكەوتە ئەرێنی و نەرێنی بەهاشكێنی یان بەها و رێساكان لەبەر چاو دەگریت. 
خۆسانسۆرکردن هەندێكجار بۆ پاراستنی سەر و ماڵی خۆت و ئەوانی دیكە پێویستە، بەڵام كاتێك بۆ وەرگرتنی پاداشت لە ژینگە بڕیار دەدەی ئەوە بۆ هەمیشە بەهرە و توانا باشەكانی خۆت بۆ هەمیشە دەخنكێنی و ئەمەش یانی لەخۆدان و خۆكوشتن.

بۆچی سەركوتکردنی دەربڕین گرنگە؟
كۆمەڵگای ئازادیخواز دۆزەخی بكوژ و دز و دەستدرێژەكەرانە و كۆمەڵگای سەركوتكەر بەهەشتی ئەوانە. بەدرێژایی مێژوو فریودەران لە جلوبەرگی رۆشنبیری و سیاسەتمەداریدا بۆ بەدەستهێنان و پاراستنی دەسەڵات دەستیان بە بەرهەمهێنان و دروستكردنی جۆرەكانی ئایدیۆلۆژی كردووە كە ئامانجیان پێكهێنان و پاساو و پاكانەیە بۆ كۆمەڵگای سەركوتكەر. پێكهاتەی ملهوڕی و كۆیلەئاسا كە بەهەشتێكە بۆ خۆیان، كە نرخەكەی دروستكردنی دۆزەخێكە بۆ زۆرینە.  
بەبێ سەركوت هیچ كات ئیسلام و مەسیحییەت و كۆمۆنیزم و سیستمەكانی كۆیلەداری دەستیان بە دەسەڵاتی سیاسی نەگەیشتووە. بەهۆكاری جیاواز، سەركوتكردنی راستی و ئازادی دەربڕین گرنگە، بۆ هێشتنەوەی خەڵك لە گەمژەییدا، بۆ ولانانی سنوور و سەربەخۆی تاك، بۆ بەهێزكردنی كۆیلەداری و پاراستنی رژێمی ملهوڕ. 
ئازادی بكوژی سیستمە نارەواكان و هەر سیستمێكی نارەوا و بكوژی خۆی دەدۆزێتەوە بۆ ئەوەی بە هەر شێوەیەك بێت لەناوی ببات.
سەرچاوە: Nebesht.com

بابەتە پەیوەندیدارەکان