رۆڵی منـاڵ له‌ فـیلـمی سـینه‌مـاییـدا

11:41 - 2022-09-08
ئەدەب و هونەر
367 جار خوێندراوەتەوە

ره‌زا شـوان

2-2 کۆتایی


زۆرن ئه‌و منداڵانه‌ی كه‌ رۆڵی پاڵه‌وانێتییان له‌ فیلمه‌ سینه‌ماییه‌كانـدا بۆ منداڵان و بۆ گه‌وره‌كان هه‌بوو. هه‌ندێكیان له‌ ژیاندان و هه‌ندێكی تریان مردوون. بۆ نموونه‌ ناوی چه‌ند منداڵێك دێنین، كه‌ له‌ فیلمه‌ جیهانییه‌كاندا رۆڵی پاڵه‌وانـێتییان تێیاندا بینیون و ناوبانگێكی جیهانیان هه‌یه‌، وه‌كو:
(جان كۆجان)ی ته‌مه‌ن شه‌ش ساڵان، له‌ ساڵی (1921)دا، له‌ فیلمی (منداڵ) ده‌رهێنانی هونه‌رمه‌ندی كۆمیدی ئه‌مریكی و جیهانی (چارلی چاپلین). فیلمه‌كه‌ به‌ ره‌ش و سپییه‌ و ماوه‌كه‌ی (80) خوله‌كه‌ (جان كۆجان) له‌م فیلمانه‌شدا رۆڵی پاڵه‌وانێتی هه‌بوو: (ئـۆلیڤه‌ر تویست: 1922) و (دادی: 1923) و (رۆبنسۆن كرۆزۆ:1924). كه‌ جێی سه‌رسامی بینه‌رانی ئه‌م فیلمانه‌بوو.
كچۆڵه‌ (شیرلی تمبل: 1928 ـ 2014) له‌ دایكبووی ئه‌مریكایه‌ و به‌ (شازاده‌ بچكۆله‌) ناوی ده‌به‌ن. له‌ ته‌مه‌نی (3) ساڵیدا به‌جیهانی سینه‌ما ئاشنابـوو. رۆڵی پاڵه‌وانێتی له‌ زنجیره‌ فیلمی كۆمیدیی ره‌خنه‌ئامێز (بایبی بیورلیسكس)دا هه‌یه‌. سه‌رسامی هه‌موو بینه‌رانی به‌لای خۆیدا راكێشا. شیرلی تمبل له‌ چه‌ندین فیلمی سینه‌ماییدا رۆڵی پاڵه‌وانێتی هه‌یه‌. به‌ (ئه‌فسانه‌ی سینه‌ما)یان ده‌زانی. شیرلی كه‌ گه‌وره‌ش بوو، چـووه‌ ناودنیای سیاسه‌ت و دیپلۆماسییه‌وه‌ چه‌ندین پله‌ و پایه‌ی به‌رزی هه‌بوو. 
(جادلین سمیس)ی ته‌مه‌ن هه‌شت ساڵ، كه‌ كوڕی ئه‌كته‌ری سینه‌مایی (ویل سمیس)ه‌، له‌ فیلمی (گه‌ڕان به‌ دوای شادی)دا، رۆڵی پاڵه‌وانێتی هه‌یه‌. هه‌روه‌ها له‌ فیلمی (كوڕه‌ كاراتییه‌كه‌)ش ده‌رهێنانی (جاكی چان) جادلین رۆڵی پاڵه‌وانێتی هه‌یه‌.
4ـ (ئانۆك ستیڤن)ی سویسری، له‌ فیلمی (هایدی) كه‌ نووسینی رۆماننووسی سویسری (یۆهانا لویزه‌ هـۆیسه‌ر) و ده‌رهێنانی (ئالان گسپۆنه‌ر).(ئانۆك ستیڤن) ی ته‌مه‌ن هه‌شت ساڵان، رۆڵی (هایدی) ده‌بینێت.
له‌ فیلمی (پیـپی گۆره‌ویدرێژ) كه‌ نووسینی رۆماننووس و چیرۆكنووسی سویدی (ئاسترید لیندگـرین)ه‌، ئه‌و كچـۆڵه‌‌ بلیمه‌ته‌‌ (9) ساڵانه‌ كه‌ رۆڵی پـیپی ده‌بینێت، جووتێ گۆره‌ویی درێژی هه‌ریه‌كه‌ له‌ ره‌نگێك له‌ پێـیه‌كانی دایه‌، قژه‌ سووره‌ درێژه‌كه‌ی ستایلێكی تایبه‌تی هه‌یه‌. رۆڵی پاڵه‌وانێتی كۆمیدی هه‌یه‌ و جووڵه‌ی سه‌یر و سه‌رنجڕاكێش و زۆر كاری له‌ توانابه‌ده‌ر ده‌كات. هه‌موو منداڵان سه‌رسام ده‌كات و ده‌یانهـنێته‌ خۆشی و خه‌نده‌ و پێكه‌نین.
له‌زنجـیره‌ رۆمانی (هاری پۆته‌ر)، نووسینی رۆماننووسی ئینگلیزی خاتوو (جوان رۆلینگ) كه‌ (دانیال جاكوب رادكلیف)ی ته‌مه‌ن (13) ساڵان، رۆڵی پاڵه‌وانێتی هه‌یه‌، رۆڵی (هاری پۆته‌ر) ده‌بینێت. (ئیما واتسـۆن)ی (10) ساڵان و (رۆبه‌رت گرینت)ی (13) ساڵانیش، له‌پاڵ دانیال رادكلیفدا، رۆڵی سه‌ره‌كییان هه‌یه‌. ئه‌م فیلمه‌ له‌ هه‌موو جیهاندا نمایشكرا. ژماره‌یه‌كی پێوانه‌یی له‌ ده‌سكه‌وتی پاره‌ و له‌ناوبانگ به‌دیهـێنا، نووسه‌ره‌كه‌ی و ده‌رهـێنه‌ره‌كه‌ی به‌ هـۆی ئه‌م فیلمه‌وه‌ بوون به‌ملیۆنێر.
هه‌ریه‌كه‌ش له‌م منداڵانه‌ رۆڵی پاڵه‌وانێتیان له‌ فیلمه‌ سینه‌ماییه‌ جیهانییه‌كاندا هه‌یه‌:
(كمارك لیسته‌ر: ده‌ ساڵان) و (جۆدی فۆست: له‌ سێ ساڵییه‌وه‌) و (هایله‌ر میله‌ر: ده‌ ساڵان) و (دارو باریـمۆری) و (جۆناسان ئه‌شمـور) و (ماریۆ كۆستۆدیۆ) و (ستیڤـزن وارسه‌ر) و (لیندا بلێر) و (هارفی ستیفنز: پێنج ساڵان) و چه‌ندین منداڵی تر كه‌ رۆڵی پاڵه‌وانێتی و سه‌ره‌كییان له‌ فیلمه‌ سینه‌ماییه‌كاندا هه‌یه‌.

رۆڵی مناڵی كورد له‌ فیلمه‌ كوردییه‌كاندا
منداڵانی كوردیش گه‌ر ده‌رفه‌تیان بۆ بڕه‌خسێت، له‌ رووی به‌هره‌ و توانـاوه‌، له‌ منداڵانی تری جیهان كه‌مترنین.  له‌ چه‌ند فیلمێكی سینه‌مایی كوردیدا، منداڵانی كورد رۆڵی سه‌ره‌كییان تێیانـدا بینیوه‌. له‌ سایه‌ی رۆڵی ئه‌و منداڵانه‌وه‌ فیلمه‌كان سه‌ركه‌وتـن و ناوبانگیان به‌ده‌ستهـێناوه‌. ئه‌م منداڵانه‌ش درچووی هیچ په‌یمانگایه‌كی شانـۆیی و سینه‌مایی و هونه‌ری نین. زۆر به‌ سروشتی و عه‌فه‌وی نواندن ده‌كه‌ن و رۆڵه‌كانیان ده‌بینن. ناوی چه‌ند منداڵێكی به‌هره‌مه‌ندی كورد ده‌هـێنم كه‌‌ رۆڵی سه‌ره‌كییان له‌ هه‌ندێ فیلمی به‌ناوبانگی كوردیدا هه‌‌یه‌‌:
یه‌كه‌م فیلمی سینه‌مایی كه‌ به‌زمانی كوردی تۆماركراوه‌، (زارێ)یه‌. به‌رهـه‌می یه‌كێتی سۆڤیه‌تی پێشووه‌، له‌ ساڵی (1926)دا، له‌لایه‌ن ده‌رهێنه‌ری ئه‌رمه‌نی (هامۆ به‌گ نازاریان)ه‌وه‌ ده‌رهێنراوه‌. دیمه‌نه‌كانی له‌ شاخه‌كانی ئه‌رمه‌نسـتان گـیراوه‌ و هـه‌ر له‌ ئه‌رمه‌نستانیش بۆ یه‌كه‌م جار نمایشكرا. ئه‌م فیلمه‌ باس له‌ خۆشه‌ویستی كوڕ و كچـێكی لاوی كوردی ئێزیـدی ده‌كات، كچـه‌كه‌ ناوی (زارێ) یه‌ و كوڕه‌كه‌ش شـوانه‌ و نـاوی (سـیـدۆ)یه‌. 
فیلمی كوردی (ساتێك بۆ مه‌ستی ئه‌سپه‌‌كان) كه‌‌ به‌زمـانی كـوردی و فارسییه‌‌، نـووسین و ده‌رهـێنانی به‌همه‌ن قوبادییه‌‌. كه‌ له‌ رۆژهه‌‌ڵاتی كوردستان ده‌رهـێنراوه‌. له‌‌ ساڵی (2000) دا، بۆ یه‌كه‌م جار له‌ فـێستیڤاڵی كـان نمایشكرا. رۆڵی پاڵه‌وانێتی ئه‌م فیلمه‌ منداڵێكی كـورده‌ به‌ناوی ئه‌یوب ئه‌حمه‌د، له‌و كاته‌دا، ته‌مه‌نی (13) ساڵبوو. به‌هـۆێ جه‌نگی عیراق و ئێرانـه‌وه‌، بۆ رۆژهه‌ڵاتی كوردستان كۆچیان كردبوو. هه‌ر له‌م فیلمه‌دا دوو ئه‌كته‌ری منداڵی تریـش رۆڵیان هه‌یه‌، رۆژیـن یونس ته‌مه‌ن (10) سـاڵان و مه‌هدی ئـیخیاردین سێ ساڵان، لـه‌‌ فیلمه‌كه‌دا ئه‌م سێ منداڵـه‌ خوشك و بران و دایك و باوكیان نه‌ماوه‌، ئه‌یوب له‌پێناوی په‌یداكردنی بژێـوی ژیانی (رۆژین)ی خوشكی و (مادی) بـرا بچـووكی، كه‌ پێویستی به‌پاره‌ هه‌یه‌ بۆ نه‌شـته‌رگه‌رییه‌كی پێویست، هه‌موو به‌رپرسیارێتییه‌ك ده‌خاته‌ ئه‌ستۆی. ئه‌یوب و رۆژین و مادی سه‌ركه‌وتوانـه‌، له‌م فیلمه‌دا رۆڵه‌كانیان بینیوه‌. ماوه‌ی فیلمه‌كه‌ (80) خوله‌كه‌. 
شایه‌نی باسیشه‌ ئێستا ئه‌یوب ئه‌حمه‌د گه‌نجـێكه‌ و گه‌ڕاونـه‌ته‌وه‌ بۆ پێنجوێن. خه‌ریكی كاری كـۆڵبه‌رییه‌. زۆر حه‌ز ده‌كات له‌ فیلمێكی سینه‌مایی كوردی تازه‌دا بانگی بكه‌ن و رۆڵـێكی بده‌نێ.
فیلمی (كیسه‌ڵه‌كانیش ده‌فڕن) فیلمێكی جه‌نگی درامییه‌، نووسین و ده‌رهێنانی به‌همه‌ن قوبادییه‌. كه‌ له‌ ساڵی (2004) دا نمایش كرا.
چیرۆكی فیلمه‌كه‌ ده‌رباره‌ی (3) منداڵی په‌نابه‌ره‌ له‌كه‌مپێكی ئاواره‌ كورده‌كان، له‌ نێوان رۆژهه‌ڵات و باكووری كوردستاندا. چاوه‌ڕێی روخانـدنی سه‌دام حوسێن ده‌كه‌ن.
له‌م فـیلمه‌دا، ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ منداڵانی كورد به‌شدارییان كردووه‌. به‌ڵام سێ له‌ منداڵه‌كان رۆڵی پاڵه‌وانێتیـیان هه‌یه‌، كه‌ ئه‌مانه‌ن:
(سـۆران ئیبراهیم) ته‌مه‌نی (13) ساڵه‌، دێ به‌ دێ ده‌گه‌ڕی و ئانتین و ساجی سه‌ته‌لایت بۆ خه‌ڵكی گونده‌كان داده‌نێت، بۆیه‌ به‌ نازناوی (كاك سه‌ته‌لایت) ناویان ده‌برد. شڕه‌ ئینگلیزییه‌كیشی ده‌زانی.
(ئاواز له‌تیف) ته‌مه‌نی (11) ساڵه‌، رۆڵی (ئاگرین) ی له‌م فیلمه‌دا هه‌یه‌، زۆر به‌جوانی و سروشتی رۆڵه‌كه‌ی بینیوه‌، كچۆڵه‌یه‌كی بێ دایك و بێ باوكه‌. برا‌یه‌ك (3) ساڵانی نابیناشی هه‌یه‌. خه‌م و ئه‌ركی به‌خێوكرنی براكه‌ی كه‌وتۆته‌ سه‌ری.
(هێرش فه‌یسه‌ڵ ره‌حمان) كه‌‌ ته‌‌مه‌نی (13) ساڵه‌ و خاوه‌نی پێـداویستی تایبه‌‌ته‌، له‌ منداڵییـه‌‌وه‌ به‌هۆی شۆرتی كاره‌باوه‌، هه‌ردوو ده‌سته‌‌كانی له‌‌ شانییه‌وه‌ پـزیشك بڕیـویانه‌ته‌وه‌. هـێرش له‌م فـیلمه‌دا رۆڵی (هـه‌نگـۆف)ی هه‌یه‌. هه‌ر وه‌كو منداڵێكی ئاسایی مه‌له‌ و زۆر كاری تر ده‌كات. زۆر سه‌ركه‌وتووه‌ له‌ رۆڵه‌كه‌یدا.
ماوه‌ی فیلمی (كیسه‌ڵه‌كانیش ده‌فڕن) (97) خوله‌كه‌. بۆ یه‌كه‌مین جار له‌‌ساڵی (2014) دا نمایشكرا.
فیلمی (بێكه‌س) كه‌ فیلمێكی سینه‌مایی كۆمیدی درامیی كوردییه‌. نووسین و ده‌هێنانی هونه‌رمه‌ند كارزان قادره‌ بۆ یه‌كه‌مین جار له‌ ساڵی (2012) دا نمایشكرا. باس له‌ دوو برای پێڵاو بۆیاخچی ده‌كات، كه‌ له‌ فیلمه‌كه‌دا ناویان (دانـا)  و(زانـا) یه‌.
ناوی ته‌واویان (زه‌مه‌ند ته‌ها ـ دانا) و (سه‌روه‌ر فازل ـ زانا) دوو منداڵی به‌توانان.
ده‌یانه‌وێت له‌ ژیانی پڕ له‌ مه‌ینه‌تی و كوێره‌وه‌ری هه‌ڵـبێن و خۆیان بگه‌یه‌نن به‌ (سۆپه‌رمان) له‌ ئه‌مریكا. پێیانوایه‌ ئه‌و ده‌توانێت هه‌موو كێـشه‌كانیان بۆ چاره‌سه‌ر بكات. دانا و زانا به‌ سواری كه‌ره‌كه‌یـان كه‌ ناویـان لێناوه‌ (مایكڵ جاكـسۆن) ده‌سـت ده‌كه‌ن به‌ گه‌شـته‌كه‌یان بـۆ ئه‌مریكا. ماوه‌ی فیلمه‌كه‌ (97) خوله‌كه‌. وێنه‌كانی له‌ باشووری كوردستان گیراون. وه‌ریان گێڕاوه‌ بۆ سه‌ر چه‌ندین زمانی جیاوازی جیهانی.
چه‌ندین خه‌ڵاتی به‌نرخی نێـوده‌وڵه‌تییان پێبه‌خـشی. فیلمێكی تایبه‌تیـیه‌ بۆ منداڵان.
(باوكه‌) كورته‌ فیلمـێكه‌ به‌ زمانی (كوردی) و (نه‌رویجی)یه‌. نووسـین و ده‌رهێنانی هونه‌رمه‌ند هیشام زه‌مانییه‌. ماوه‌ی فیلمه‌كه‌ (15) خوله‌كه‌. دیمه‌ن و وێنه‌كانی له‌ نه‌رویج گیراون و ده‌رهێنراوه‌. بۆ یه‌كه‌م جار له‌ ساڵی (2005)دا، له‌ نه‌رویج نمایش كرا.
ئه‌م فیلمه‌‌ باس له‌ باوكێك و له‌‌ كوڕه‌ (10) ساڵانه‌كه‌ی كه‌ ناوی (بڕوا ئاكۆ ره‌سوڵ)ه‌. كه‌ پاڵه‌وانی فیلمه‌كه‌یه‌. كه‌‌ به‌ قاچاغ هاتوونه‌ته‌ نه‌رویج. له‌ یه‌كێك له‌ كه‌مپه‌كاندان. مافی په‌نابه‌رییان ره‌تده‌كرێته‌وه‌، پۆلیس باوكه‌كه‌ ده‌گرن و سواری ئۆتۆمبێلی پۆلیسی ده‌كه‌ن بۆ گه‌ڕانه‌وه‌، منداڵه‌كه‌ی به‌ گریانه‌وه‌ هاوارده‌كات باوكه‌ جێـم مه‌هیڵه‌. كه‌ پۆلیس لێی ده‌پرسن ئه‌وه‌ كوڕه‌ته‌؟ به‌ نه‌خێر كوڕی من نییه‌ وه‌ڵامی پۆلیس ده‌داته‌وه‌. بۆ ئه‌وه‌ی كوڕه‌كه‌ی مافی په‌نابه‌ری وه‌ربگرێت. ئه‌م فیلمه‌ له‌ نه‌رویج و له‌ ده‌وڵه‌تانی ئه‌وروپادا نمایـش كرا و زۆر كه‌سی هێنایه‌ گریان. زیاتر له‌ (40) خه‌ڵاتی به‌نرخی به‌ده‌ستهـێنا.
فیلمی (كۆچه‌ری بچكۆل) هونه‌رمه‌ند (به‌تین قوبادی) سینارێوی نووسیوه‌ و بۆ سینه‌مای ده‌رهێناوه‌، به‌رهه‌مهـێنانی (محه‌مه‌د ئه‌حمه‌دی)یه‌. وێنه‌ و دیمه‌نه‌كانی ئه‌م فیلمه‌ له‌ ئێران و توركیادا گیراون. له‌ ساڵی (2019) دا به‌رهه‌مهێنراوه‌. بۆ یه‌كه‌م جاریش له‌ ساڵی (2021) دا، له‌ یه‌كه‌مین فـێستیڤاڵی فیلمی سینه‌مایی كوردی له‌ مۆسكـۆ، له‌ هۆڵی سینه‌مایی (ئوكتۆبه‌ر) نمایـشكرا.
له‌‌ (كۆچه‌ری بچكۆل) دوو منداڵی كورد كه‌ بران، ناویان (یوسف مه‌حمود عه‌بدولقادر) و (محه‌مه‌د مه‌حمود عه‌بدولقـادر)ه‌، رۆڵی سه‌ره‌كییان هه‌یه‌.
7ـ  بێجگه‌ له‌و فیلمانه‌ی كه‌ باسمان كـرد، له‌ چه‌ند فیلمێكی سینه‌مایی تری كوردیدا، منداڵانی كورد رۆڵیان هه‌یه‌.

بابەتە پەیوەندیدارەکان