ئاماده‌كردنی: جه‌واد حه‌یده‌ری
كۆمه‌ڵێك نیشانه له وه‌رچه‌رخان بۆ لای ئابوورییه‌ك له‌سه‌ر بنه‌مای به‌رهه‌مهێنان و هێزی كار و خۆماڵیخوازی له‌بری سامانخوازی و به‌جیهانیبوون ده‌بینرێت، ره‌وتێك كه له‌وانه‌یه له چوارچێوی مودێلێكی نوێی سیاسی‌دا ده‌ربكه‌وێت و چه‌ندین ئاراسته‌ی سیاسی دژبه‌یه‌كیش به‌دوای خۆیدا بهێنێت.
سه‌رده‌مانێك حكومه‌تی خۆشگوزه‌ران له‌سه‌ر بنه‌مای ئابووری (كینزی) له‌لایه‌ن گرووپه راسته‌كان و چه‌په‌كانی رۆژئاواوه جێی سه‌رنج بوو. بۆ نموونه له ئه‌مریكا ئه‌یزنهاوه‌ر و ریچارد نیكسۆن و سه‌رانی كۆماریخواز به ته‌واویی لایه‌نگری بنه‌ما سه‌ره‌كییه‌كانی مۆدێلێكی ئابووری له‌و شێوه‌یه بوون، چاودێری رێكخستنه‌وه‌ی بازاڕ، دابه‌شكردنه‌وه‌ی داهات و سیاسه‌تی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ناجێگریی ئابووری، هه‌موو ئه‌وانه یارمه‌تی په‌ره‌سه‌ندنی به‌رنامه خۆشگوزه‌رانی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی دا و بووه هۆی به‌هێزبوونی یاساكانی كار و له‌بارتر كردنی ژینگه‌ی كار.
چه‌په‌كان پێوه‌ی ماندوبوون
له سه‌رده‌می ناسراو به لیبراڵیزمی نوێ‌دا دۆخه‌كه به‌هه‌مان شێوه بوو. سیاسییه‌كان و كه‌سه ئابوورییه‌كانی هۆگری بازاڕ، كه‌سانی وه‌ك میلتۆن فریدمان، رۆنالد ریگان، مارگرێت تاچه‌ر، هێزی بزوێنه‌ری ئه‌و ره‌وته بوون، به‌ڵام سه‌ركه‌وتنی كۆتایی ئه‌م مودێله ئابوورییه تا راده‌یه‌كی زۆر به‌رهه‌می كار و هه‌وڵی سه‌ركرده چه‌په‌كانی وه‌ك بیل كیلنتۆن و تۆنی بلێر بوو كه بازاڕخوازییان چه‌سپاند. ئه‌و كه‌سانه هاوكات به‌دوای سڕینه‌وه‌ی رۆتینات و سامانگه‌رایی و دروستكردنی جیهانێكی باڵاوه بوون و هه‌وڵیان دا نایه‌كسانی و پشێوی ئابووری په‌رده‌پۆش بكه‌ن.
ئه‌مڕۆكه له سه‌روبه‌ندی دووركه‌وتنه‌وه له لیبرالیزمی نوێداین، هه‌رچه‌ند هێشتا دیار نییه كه چ شتێك جێی ئه‌و ده‌گرێته‌وه. له‌ڕاستیدا نه‌بوونی مۆدێلی جێگره‌وه خراپ نییه. به‌هه‌رحاڵ ئێمه پێویستمان به یه‌ك سیستمی یه‌كپارچه‌ی باو نییه كه رێگه‌چاره‌ی پێناسه‌كراوی بۆ هه‌موو ئه‌و وڵات و ناوچانه پێیه، كه هه‌لومه‌رج و پێداویستی جیاوازیان هه‌یه، به‌ڵام مێژوو پێمان ده‌ڵێت: ئه‌و بۆشاییه‌ی كه له لاوازی لیبرالیزمی نوێوه دروست ده‌بێت به‌م نزیكانه به نموونه و پارادایمی نوێ پڕده‌بنه‌وه كه له كۆتاییدا پێویستی به پشتیوانی گرووپه سیاسییه‌كان هه‌یه. هه‌ڵبه‌ت له‌وانه‌یه ئه‌نجامێكی له‌و جۆره، به‌م سیاسه‌تی جه‌مسه‌رگه‌راییه‌ی ئێستا هه‌یه مه‌حاڵ بێت، به‌ڵام ماوه‌یه‌ك له‌مه‌وپێش نیشانه‌كانی ئه‌م یه‌كگرتووییه ده‌ركه‌وتووه.
كۆده‌نگی بۆ به‌رهه‌می خۆجێیی به‌ڕێوه‌یه
ئه‌گه‌رێكی زۆر هه‌یه كۆده‌نگییه‌كی به‌ده‌ر له حزبایه‌تی له‌سه‌ر بابه‌تی به‌رهه‌مهێنان و به‌رهه‌مخوازی دروست ببێت، واته مۆدێل و نموونه‌یه‌ك كه پێداگری ده‌كات له سه‌ر دابه‌شكردنی هه‌لی ئابووری له ته‌واوی ناوچه‌كان و به‌شه‌كانی هێزی كاردا. به‌پێچه‌وانه‌ی لیبرالیزمی نوێوه، به‌رهه‌مخوازی رۆڵێكی گرنگ به حكومه‌ت و كۆمه‌ڵگەی مه‌ده‌نی بۆ به‌ده‌ستهێنانی ئه‌و ئامانجه ده‌دات. هه‌روه‌ها كه‌متر پشت به بازاڕ ده‌به‌ستێت و سه‌باره‌ت به كۆمپانیا زه‌به‌لاحه‌كان گومانی هه‌یه، زیاتر جه‌خت له به‌رهه‌مهێنان و سه‌رمایه‌گوزاری زیاتر ده‌كاته‌وه تا سامانخوازی. ته‌ئكید له زیندووكردنه‌وه‌ی مه‌ڵبه‌نده ناوچه‌ییه‌كان ده‌كات نه‌ك به‌جیهانیبوون. هه‌روه‌ها خۆی له حكومه‌تی خوشگوزه‌رانی كینزی به‌دوور ده‌گرێت، چونكه چڕبوونه‌وه‌یه‌كی كه‌متری له‌سه‌ر دووباره دروستكردنه‌وه و گواستنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و كارگێڕی ئابووری هه‌یه و زیاتر جه‌خت له چوارچێوه‌ی ته‌وه‌ری بۆ دروستكردنی هه‌لی كار بۆ هه‌موومان ده‌كاته‌وه، به‌رهه‌مخوازیی له هه‌ردوو شێوه‌ی خۆی لاده‌دات، چونكه سه‌باره‌ت به ته‌كنۆكراته‌كان گومانی زیاتری هه‌یه و حه‌ساسیه‌تێكی كه‌متری ده‌رهه‌ق به پۆپۆلیسته ئابوورییه‌كانیش هه‌یه.
نیشانه‌كانی كۆده‌نگی
ده‌توانین زۆرێك له توخمه‌كانی سه‌ره‌وه له‌ناو قسه‌كانی جۆ بایدن سه‌رۆكی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا و هه‌ندێك له سیاسه‌ته‌كانیدا ببینین. بۆ نموونه پێشوازی له سیاسه‌ته پیشه‌سازییه‌كان بۆ ئاسانكاری ره‌وتی گواستنه‌وه بۆ وزه‌ی سه‌وز، دابینكردنی ناوخۆیی و خستنه‌ڕووی هانده‌ر بۆ پیشه باشه‌كان و هه‌روه‌ها تاوانباركردنی كۆمپانیا زه‌به‌لاحه‌كان له دروستكردنی هه‌ڵاوسان و مل نه‌دان به هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌و باجانه‌ی كه دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكی پێشووی ئه‌مریكا له دژی چین له‌به‌رچاوی گرتبوو.
كاتێك جۆن یلن وه‌زیری دارایی ئه‌مریكا و یه‌كێك له گه‌وره ئابووریناسه‌كانی ئه‌مریكا باسی له (friend-shoring) كرد- واته دابینكردنی پێداویستییه‌كان له‌ڕێگه‌ی هاوپه‌یمانانه‌وه له بری رێكخراوی بازرگانی جیهانی، ئیدی زانیمان كه رۆژگار له حاڵی گۆڕانكاریدایه.
به‌ڵام ئه‌م شێوازی بیركردنه‌وه‌یه له‌ناو راستڕه‌وه‌كانیشدا هه‌یه. كۆمارییه‌كانی ئه‌مریكا كه له‌سه‌رهه‌ڵدانی چین نیگه‌ران بوون له‌گه‌ڵ دیموكراته‌كان بوون به هاوپه‌یمان تا به سیاسه‌تی پیشتیوانیكردن له سه‌رمایه‌گوزاری و داهێنه‌رانه توانای به‌رهه‌مهێنانی ئه‌مریكا به‌رز بكه‌نه‌وه، بۆ نموونه سیناتۆر ماركۆ رۆبیۆ كاندیدی پێشوو یه‌كێك له‌و كه‌سانه‌ی كه پێده‌چێت بۆ هه‌ڵبژاردنی داهاتووی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مریكا خۆی كاندید بكات، به توندی خوازیاری ئه‌وه‌یه كه گرنگییه‌كی زۆر به سیاسه‌تی پیشه‌سازی بدرێت، یانی پێشكه‌شكردنی كۆمه‌كی دارایی و بازاڕی و ته‌كنیكی، به كاره بچووكه‌كان له كه‌رته‌كانی به‌رهه‌مهێنان له پیشه‌سازی پێشكه‌وتوودا.
سیاسه‌تی بێڕه‌حمانه
زۆربه‌ی چه‌په‌كان له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌دان. داڕێژه‌ری سیاسه‌تی بازرگانی ئه‌مریكا له‌گه‌ڵ چین له ئیداره‌ی تره‌مپدا، رۆبه‌رت لایتیزه‌ر بوو. ئه‌و له‌به‌ر ئه‌و تاكتیكه بێڕه‌حمانه‌ی كه له‌به‌رامبه‌ر رێكخراوی بازرگانی جیهانی گرتییه‌به‌ر، له‌ناو پێشكه‌وتنخوازه‌كان لایه‌نگرێكی زۆری بۆ خۆی كۆكردۆته‌وه. رۆبه‌رت كاتنه‌ر یه‌كێكی دیکه له كه‌سایه‌تییه رچه‌شكێنه‌كانی چه‌پ وتوویه‌تی: روانگه و بۆچوونه‌كانی لایتیزه‌ر له‌باره‌ی سیاسه‌تی بازرگانی و پیشه‌سازی و ئابووری نیشتمانیی، هه‌مان دیدگا و بۆچوونه‌كانی دیموكراتخوازو پێشكه‌وتنخوازه‌كانه.
ناوه‌ندی نیسكانن كه ناوه‌كه‌ی خۆی له ویلیا‌م نیسكانن ئابووریناسی لیبراڵ و گه‌وره راوێژكاری ریگان سه‌رۆكی پێشووتری ئه‌مریكا وه‌رگرتووه، كارامه‌یی حكومه‌تی كردووه به یه‌كێك له توخمه‌كانی باوه‌ڕ و بڕوای خۆی و ته‌ئكید ده‌كاته‌وه كه توانای حكومه‌ت له دابینكردنی كاڵا گشتییه‌كان بۆ هه‌بوونی ئابوورییه‌كی ته‌ندروست زۆر پێویسته.
ئۆرن كاس راوێژكاری میت رامنی كاندیدی كۆمارییه‌كان له ساڵانی 2008 و 2012 بۆ پۆستی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مریكا، ره‌خنه‌گری سه‌رمایه‌داری سامانخوازیانه و پشتیوانی له گه‌ڕانه‌وه‌ی زنجیره‌ی دابینكردنه ناوخۆییه‌كان و سه‌رمایه‌گوزاری له ناوچه‌خۆجێیه‌كان ده‌كات. یان بۆ نموونه پاتریك دنین یه‌كێك له كه‌سایه‌تییه دیار و به‌رچاوه‌كانی له ناو راسته پۆپۆلیسته‌كان، ئه‌و هه‌م لایه‌نگری سیاسه‌تی پشتیوانی كردنه له كرێكاران و هه‌م هانده‌ری حكومه‌ته بۆ به‌رهه‌می ناوخۆیی. ئێزرا كلاین نووسه‌ری رۆژنامه‌ی نیویۆرك تایمز له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و قسانه‌دا وتوویه‌تی: ئه‌و شته‌ی كه زۆر به‌لامه‌وه جێی سه‌رنجه ئه‌وه‌یه كه ئه‌مانه زۆر له حزبی دیموكراتی ئێستا ده‌چێت.
ناكۆكی نێوان دوو جه‌مسه‌ره‌كه‌ی ئه‌مریكا
سه‌باره‌ت به ئه‌مریكا، دیاره كاتێك كه باسی كار و به‌ده‌سهێنان و هه‌لی كار و به‌شداری كه‌رتی حكومی و كه‌رتی تایبه‌ت دێته ئاراوه، كرده‌وه‌خوازی له‌وانه‌یه به‌سه‌ر سیاسه‌تی حزبیدا زاڵ بێت. سیاسه‌تمه‌داره ناوچه‌ییه‌كان له‌گه‌ڵ كێشه هه‌ڵقوڵاوه‌كان له دابه‌زینی ئابووری و سه‌رهه‌ڵدانی بێكاری و داهێنه‌رانی ده‌وڵه‌مه‌ند و قازانجخوازانی سیاسه‌ته تاقیكه‌ره‌وه‌كان رووبه‌ڕوو بوونه‌ته‌وه‌و له زۆر حاڵه‌تدا په‌یوه‌ندی سیاسی كاریگه‌ری له‌سه‌ر كار‌و هه‌وڵه‌كانیان نه‌بووه. ئێستا ده‌بێت چاوه‌ڕێ بین و ببینین كه ئایا ئه‌و هاوكارییه ناحزبییه و بیرۆكه و ئه‌ندێشه دوو لایه‌نه‌یه پارادایمێكی نوێی لێده‌كه‌وێته‌وه یان نا.
لێكترازانێكی قووڵ له‌باره‌ی بابه‌ته كۆمه‌ڵایه‌تی و رووناكبیرییه‌كانه‌وه له نێوان كۆمارییه‌كان و دیموكراته‌كان له ئارادایه، له‌وانه له‌باره‌ی مافی نه‌ته‌وه و ژنان. زۆربه‌ی كۆمارییه‌كان له‌وان رۆبیۆ هێشتا لایه‌نگریی خۆی بۆ تره‌مپ كه هه‌ڕه‌شه‌یه بۆ سه‌ر دیموكراسی ئه‌مریكا هه‌ڵنه‌وه‌شاندۆته‌وه. هه‌میشه ئه‌م مه‌ترسییه له ئارادایه كه سیاسه‌ته پیشه‌سازییه نوێكان كه هه‌م له‌لایه‌ن موحافزه‌كاران و هه‌م له لایه‌ن پێشكه‌وتنخوازه‌كان پشتیوانی لێده‌كرێت دواتر به‌ره‌و له‌ناو چوون بڕوات یان ببن به هه‌نگاوو كردارێكی كۆن.
له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌و شتانه، كۆمه‌ڵێ نیشانه هه‌یه له هه‌ڵوێستگرتنێكی گه‌وره بۆ لای سیاسه‌تی ئابووری پشتبه‌ستوو به به‌رهه‌مهێنان، هێزی كار، خۆجێیخوازی له بری سامانخوازی، به‌كاربه‌رگه‌رایی و به‌جیهانیبوون ده‌بینرێت و پێده‌چێت به‌رهه‌مگه‌رایی له چوارچێوه‌ی مودێلێكی سیاسی نوێ‌دا ده‌ربكه‌وێت كه ته‌نانه‌ت توندترین به‌رهه‌ڵستكاران و نه‌یارانی سیاسی بۆ لای خۆی رابكێشێت.
سه‌رچاوه: nebesht.com