کورتەچـیرۆک

ئه‌و ژنه‌ی له‌ شارۆن ستۆن ده‌چێت

12:48 - 2022-09-15
ئەدەب و هونەر
564 جار خوێندراوەتەوە

له‌ فارسییه‌وه‌: محه‌مه‌د كه‌ریم

پیاوه‌كه‌ له‌و ژنه‌ی پرسی كه‌ خۆی زۆر پێ جوان بوو:
+ببووره‌ تۆ شارۆن ستۆن نیت؟
ژنه‌ به‌ نازه‌وه‌ وتی: نه‌خێر... به‌ڵام.
پێش ئه‌وه‌ی درێژه‌ی بداتێ، پیاوه‌كه‌ وتی: به‌ڵێ، پێم وابوو. له‌به‌رئه‌وه‌ی ... ژنه‌ قسه‌كه‌ی پێ بڕی: به‌ڵام هه‌موان ده‌ڵێن زۆر له‌یه‌ك ده‌چین. وانییه‌؟
پیاوه‌كه‌ بێ چه‌ند و چوون وتی: نه‌خێر هه‌موان به‌ هه‌ڵه‌دا چوون. له‌به‌رئه‌وه‌ی شارۆن ستۆن ژنێكی جوانه،‌ به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ تۆ هیچ جوان نیت. هه‌ر بۆیه‌ پێم وابوو نابێت تۆ شارۆن ستۆن بیت.
ژنه‌ تێگه‌یشت كه‌ هه‌ڵخەڵە‌تاوه‌، به‌ تووڕه‌ییه‌وه‌ قیژاندی:
-بێ شه‌ره‌ف! بۆچی خوشك و دایكت نییه‌؟
پیاوه‌كه‌ به‌ ئارامی وتی: با هه‌مه‌، به‌ڵام ئه‌وان هیچ كامیان له‌و باوه‌ڕه‌دا نین له‌ شارۆن ستۆن ده‌چن.
ژنه‌ به‌ ناڕه‌زاییه‌وه‌ وتی: باشه‌، یانی چی؟
پیاوه‌كه‌ وتی: له‌به‌رئه‌وه‌ی تۆ پێت وابوو له‌ شارۆن ستۆن ده‌چیت، ویستم هه‌ڵه‌كه‌ت بۆ راست بكه‌مه‌وه‌.
ژنه‌ دیسان تووڕه‌ بوو: بڕۆ هه‌ڵه‌ بۆ دایكت راست بكه‌ره‌وه‌.
پیاوه‌كه‌ هه‌روا به‌ خوێنساردییه‌وه‌ بۆی روون كرده‌وه‌: پێم وتی دایكم هیچ خه‌یاڵێكی وای نییه‌ سه‌باره‌ت به‌ خۆی. به‌ڵام تۆ هه‌ته‌.
ژنه‌ هاواری كرد: به‌ تۆچی كه‌ من خه‌یاڵێكی وام هه‌یه‌، جانتاكه‌ی بۆ هێرشكردنه‌ سه‌رپیاوه‌كه‌ به‌رزكرده‌وه‌.
پیاوه‌كه‌ خۆی كێشایه‌ دواوه‌ و ویستی بڕوات به‌ رێی خۆیه‌وه‌.
به‌ڵام ژنه‌ ده‌ستبه‌ردار نه‌بوو. سێ چوار كه‌سی فزول له‌وێدا كۆببوونه‌وه‌، حه‌زیان ده‌كرد شه‌ڕه‌كه‌ به‌رده‌وام بێت.
یه‌كێك به‌ پیاوه‌كه‌ی وت: بۆ كوێ؟ په‌له‌ مه‌كه‌ با شته‌كه‌ روون بێته‌وه‌.
یه‌كێك تر وتی: له‌ تۆ ناوه‌شێته‌وه‌ قوربان! پیاوێك بەو‌ كه‌سایه‌تییه‌وه‌!
ئاماژه‌ی بۆ چاكه‌ت و پانتۆڵه‌ رێك و پێكه‌كه‌ی كرد.
سێیه‌م كه‌س وتی: ئه‌م ژنه‌ وه‌كو كچی تۆ وایه‌، عه‌یبه‌، شه‌رم بكه‌.
ژنه‌كه‌ بینی پیاوه‌كه‌ خه‌ریكه‌ بۆی ده‌رده‌چێت قیژاندی به‌سه‌ریا: هه‌رچی به‌ ده‌متا دێت ده‌یڵێیت و دوایی وه‌كو مانگا سه‌رت شۆڕ ده‌كه‌یت لێی ده‌ده‌ی ده‌ڕۆی؟
یه‌كێك پرسی: چی بووه‌ خانم؟ هه‌راسانی كردوویت؟
ژنه‌كه‌ به‌ دوای پیاوه‌كه‌دا رایده‌كرد و سێ چوار كه‌سی تری دوای خۆی خست وتی: له‌ هه‌راسانكردن خراپتر. بۆره‌ پیاوی بۆگه‌ن.

له‌ بنكه‌ی پۆلیس پێش ئه‌وه‌ی ئه‌فسه‌ری ئێشكگر پرسیار بكات، ژنه‌ وتی: جه‌نابی نه‌قیب من شكاتم له‌م پیاوه‌ هه‌یه‌. سووكایه‌تی پێكردووم. ئه‌فسه‌ر سه‌ری به‌لای پیاوه‌كه‌دا وه‌رچه‌رخاند كه‌ قژه‌ ماش و برنجییه‌كه‌ی رێكده‌خست وتی: راست ده‌كات؟
پیاوه‌كه‌ وتی: من ته‌نیا پێم وتووه‌ تۆ له‌ شارۆن ستۆن ناچیت. ئه‌گه‌ر ئه‌م قسه‌یه‌ سووكایه‌تییه‌، باشه‌ من سووكایه‌تیم كردووه‌.
ئه‌فسه‌ره‌كه‌ به‌ واقوڕماوییه‌وه‌ سه‌یری ژنه‌كه‌ی ده‌كرد.
ژنه‌ زیاتر له‌چكه‌كه‌ی برده‌ دواوه‌، به‌شێوه‌یه‌ك كه‌ چه‌ند تاڵێك مووی قژی بتوانن وه‌كو كه‌وانه‌ روخساری بخه‌نه‌ چوارچێوه‌وه‌.
ئه‌فسه‌ره‌كه‌ نه‌یتوانی نیگای له‌سه‌ر ژنه‌كه‌ بگوێزێته‌وه‌.
ژنه‌ وتی: ئه‌سڵه‌ن په‌یوه‌ندی به‌وه‌وه‌ چییه‌ من له‌ كێ ده‌چم؟
ئه‌فسه‌ری پاسه‌وان به‌ پیاوه‌كه‌ی وت: راست ده‌كات په‌یوه‌ندی به‌ تۆوه‌ چییه‌ له‌ كێ ده‌چێت؟
پیاوه‌كه‌ وتی: تۆ ئه‌مپلیت؟
ئه‌فسه‌ر وتی: ئه‌مپل چییه‌؟
پیاوه‌كه‌ وتی: مه‌به‌ستم ئه‌مپلی فایه‌ره‌ كه‌ ده‌نگ دووباره‌ ده‌كاته‌وه‌.
ئه‌فسه‌ر وتی: وه‌ڵامی پرسیاره‌كه‌ی من بده‌ره‌وه‌.
پیاوه‌كه‌ وتی: ئاخر من له‌ناو ئه‌م كۆمه‌ڵگایه‌دا ده‌ژیم. چۆن ده‌توانم گوێ به‌ مه‌سه‌له‌كانی ده‌وروبه‌رم نه‌ده‌م. دوێنێش پیره‌ژنێكم بینی كه‌ پێی وابوو سۆفیا لۆرینه‌. زۆری خایاند هه‌تا تێمگه‌یاند وانییه‌. پێم وایه‌ ئاخریش هه‌ر باوه‌ڕی نه‌كرد. دوێنێ له‌ بنكه‌ی سیانزه‌ی پۆلیس بووم. له‌لای نه‌قیب مه‌نوچه‌هری له‌به‌ر شكاتێكی له‌م شێوه‌یه‌.
ئه‌فسه‌ری پاسه‌وان كه‌ هه‌روا رێك و راست دانیشتبوو، سه‌ركه‌وتوانه‌ سۆفتێكی له‌ گیرفانی ده‌رهێنا و وه‌ره‌قه‌ درێژه‌كانی راكێشایه‌ به‌رده‌می رێكی كردن:
كه‌واته‌ ئه‌م هه‌راسانكردنانه‌ی ژنان ئیشی رۆژانه‌ته‌.
پیاوه‌كه‌ وتی: نه‌خێر، هه‌موو رۆژێك نا، هه‌ركاتێ تووشم بێت. جاریوایه‌ رۆژی دووجار. هه‌ڵبه‌ته‌ ته‌نیا ژنان نین. له‌گه‌ڵ زۆر له‌ پیاوانیشدا ئه‌م كێشه‌یه‌م هه‌یه‌. هه‌ندێك پێیان وایه‌ مارلۆن براندۆن، هه‌ندێكیان پێیان وایه‌ ئه‌رنۆڵدن. ئیتر مه‌سه‌له‌كه‌ ته‌نیا ئه‌وه‌نییه‌ له‌ هونه‌رمه‌نده‌كان بچن.
ژنه‌ ئاوێنه‌یه‌كی بچووكی له‌ جانتاكه‌ی ده‌رهێنا و به‌ كلێنس ژێر چاوانی پاك كرده‌وه‌، له‌ كاتێكدا ئاوێنه‌كه‌ی ده‌خسته‌وه‌ ناو جانتاكه‌ی وتی: كه‌واته‌ هه‌راسانكه‌رێكی پڕۆفیشناڵی! باش بوو كه‌وتیته‌ داوه‌وه‌.
ئه‌فسه‌ری خه‌فه‌ر وتی: هه‌ڵبه‌ته‌ به‌هۆی وریایی هێزی پۆلیس و به‌دواداچوون و چاودێری ماندوونه‌ناسانه‌یانه‌وه‌.
ژنه‌ به‌سه‌رسوڕمانه‌وه‌ وتی: به‌ڵێ؟
ئه‌فسه‌ر وتی: باشه‌، هه‌ڵبه‌ته‌ تۆش له‌ خۆمانیت.
ژنه‌ به‌ مه‌كرو نازه‌وه‌ وتی: وای، هێشتا چاكه‌مان نه‌خواردۆته‌وه‌ بووین به‌ خزم.
ئه‌فسه‌ر توانجی ژنه‌كه‌ی پشتگوێ خست و هاواری كرد: ئاشتیانی! چا بێنه‌.
پۆلیسێك ده‌رگاكه‌ی كرده‌وه‌ و هاته‌ ژووره‌وه‌، پێی دا به‌ زه‌ویدا: به‌سه‌رچاو جه‌نابی نه‌قیب. رۆیشت.
پیاوه‌كه‌ وتی: بڕوانه‌ جه‌نابی نه‌قیب من هه‌راسانكه‌ری پڕۆفیشناڵ نیم. هه‌ڵاتووش نیم كه‌وتبێتمه‌ داوه‌وه‌. له‌ هه‌ر جێگایه‌كیشدا قسه‌یه‌كم كردبێت، باجه‌كه‌یم داوه‌، چوومه‌ته‌ بنكه‌ی پۆلیس و قه‌رزاری كه‌س نیم.
ئه‌فسه‌ر به‌ تاڵی وتی: باقی قسه‌كانت بۆ دادگا.
كاغه‌زێكی خسته‌ به‌رده‌می پیاوه‌كه‌ و وتی: ناو و ناونیشان و شته‌كانت بنووسه‌. پیاوه‌كه‌ خێرا نووسی و كاغه‌زه‌كه‌ی خسته‌وه‌ به‌رده‌می ئه‌فسه‌ره‌كه‌. ئه‌ویش وه‌ره‌قه‌كانی خسته‌ به‌رده‌می ژنه‌كه‌ و وتی: تۆش ناو و ناونیشان و شته‌كانت بنووسه‌.
هه‌تا ئاشتیانی له‌ ده‌رگای دا و مۆڵه‌تی وه‌رگرت و پێی دا به‌ زه‌ویدا و چاكانی له‌سه‌ر مێزه‌كه‌ دانا. ژنه‌ش شته‌كانی نووسی و كاغه‌زه‌كانی دایه‌وه‌ به‌ ئه‌فسه‌ر.
ئه‌فسه‌ر دوای چاوپێداخشانێكی خێرا وتی: ئه‌وه‌ ژماره‌ی ته‌له‌فۆنی ماڵه‌وه‌یه‌؟
ژنه‌ وتی: به‌ڵێ، ماڵی خۆمه‌.
ئه‌فسه‌ر وتی: ئه‌گه‌ر ده‌كرێت ژماره‌ی مۆبایله‌كه‌شت بنووسه‌، له‌وانه‌یه‌ پێویستمان بێت.
  ژنه‌ ویستی كاغه‌زه‌كان وه‌ربگرێته‌وه‌، ئه‌فسه‌ر كاغه‌زێكی بچووكی دایه‌ و وتی: له‌سه‌ر ئه‌وه‌ بینووسه‌، كێشه‌ نابێت.
پیاوه‌كه‌ وتی: پێویست ده‌كات منیش ژماره‌ی مۆبایله‌كه‌م بده‌م؟
ئه‌فسه‌ر تۆزێك وه‌ستا و وتی: باشه‌ تۆش ژماره‌كه‌ت بده‌. كێشه‌ نییه‌.
پیاوه‌كه‌ وتی: ئاخر من مۆبایلم نییه‌.
ئه‌فسه‌ر ددانه‌كانی له‌ یه‌ك گیر كرد: كه‌واته‌ بۆچی ده‌پرسیت؟
پیاوه‌كه‌ وتی: ده‌مه‌ویست بزانم كێشه‌ نییه‌ من مۆبایلم نییه‌؟
ئاخر ئاگام له‌ یاساكان نییه‌، هی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ...
ئه‌فسه‌ر وتی: نه‌خێر، كێشه‌ نییه‌.
به‌ ژنه‌كه‌ی وت: هۆی شكاته‌كه‌ت چی بنووسم؟
له‌ جیاتی ژنه‌كه‌ پیاوه‌كه‌ وه‌ڵامی دایه‌وه‌: بنووسه‌ من تۆمه‌تم داوه‌ته‌ پاڵی كه‌ ئه‌و لە شارۆن ستۆن ناچێت.
به‌ ژنه‌كه‌شی وت: ئه‌گه‌ر سووكایه‌تییه‌كی ترم پێكردووی بیڵێ.
ژنه‌ وتی: باشه‌ ئه‌میش جۆرێكه‌ له‌ هه‌راسانكردن.
پیاوه‌كه‌ وتی: به‌ڵام تۆ به‌ منت گوت بێشه‌ره‌ف، بۆگه‌ن، مانگا و قسه‌ی تریش كه‌ دواتر له‌ شكاته‌كه‌مدا باسی ده‌كه‌م.
ژنه‌ راچڵه‌كی وتی: باشه‌ من ئه‌و كاته‌ تووڕه‌ بووم.
به‌ ئه‌فسه‌ری وت: ئێستا ده‌بێ چی بكه‌ین؟
ئه‌فسه‌ر وتی: كه‌ دۆسێكه‌تان ته‌واو بوو ده‌تاننێرم بۆ دادگا، له‌وێ حاكم حوكم ده‌دات.
پیاوه‌كه‌ پرسی: سه‌باره‌ت به‌وه‌ی ئه‌م له‌ شارۆن ستۆن ده‌چێت یان نا بڕیار ده‌ده‌ن.
له‌به‌رخۆیه‌وه‌ وتی: ئیشی حاكمیش به‌ڕاستی قورسه‌ ها. ئه‌گه‌ر بیه‌وێت له‌ نزیكه‌وه‌ لێكۆڵینه‌وه‌ بكات.
ئه‌فسه‌ر وتی: نه‌خێر، سه‌باره‌ت به‌ سووكایه‌تی و هه‌راسانكردنی ئه‌م له‌لایه‌ن تۆوه‌ بڕیار ده‌ده‌ن.
سه‌یری سه‌عاته‌كه‌ی كرد و  وتی: ئێستا ئیتر ده‌وام ته‌واو بووه‌. ئێوه‌ ئه‌مشه‌و لێره‌ ده‌مێننه‌وه‌ هه‌تا به‌یانی ره‌وانه‌ی دادگا ده‌كرێن.
پیاوه‌كه‌ به‌ ژنه‌كه‌ی وت: من ئێستا كه‌ زیاتر ورد ده‌بمه‌وه‌، ده‌بینم له‌ بڕیاره‌كه‌مدا هه‌ڵه‌م كردووه‌. تۆ له‌ شارۆن ستۆن ده‌چیت به‌ڵام كه‌م.
ژنه‌كه‌ وتی: به‌ڕاست وا ده‌ڵێی؟
پیاوه‌كه‌ وتی: به‌ڕاستی. ئه‌گه‌ر لێكچوون له‌ ئارادا نه‌بوایه‌ من له‌ناو ئه‌و هه‌موو هونه‌رمه‌نده‌دا چۆن ناوی شارۆن ستۆنم هێنا.
ژنه‌ وتی: زۆر كه‌س وام پێده‌ڵێن. حه‌زده‌كه‌م یه‌كجار شارۆن ستۆن ببینم بزانم خۆی چی ده‌ڵێت. 
پیاوه‌كه‌ وتی: بێگومان ئه‌ویش دان به‌م لێكچوونه‌دا ده‌نێت.
ژنه‌ به‌ ئه‌فسه‌ره‌كه‌ی وت: ده‌مه‌وێت له‌ شكاته‌كه‌م په‌شیمان ببمه‌وه‌. به‌ڕاستی تاقه‌تی دادگا و ده‌رده‌سه‌ری ئه‌و شتانه‌م نییه‌. ئه‌و كاغه‌زانه‌ بدڕێنه‌ و فڕێی بده‌.
ئه‌فسه‌ر وتی: نابێت یاسا ئه‌ركی خۆی جێبه‌جێ ده‌كات.
ژنه‌ به‌ سه‌رسوڕمانه‌وه‌ وتی: كاتێك من واز له‌ شكاته‌كه‌م بێنم ...
ئه‌فسه‌ر وتی: باشه‌، یاسا چی لێده‌كه‌ی؟
پیاوه‌كه‌ وتی: خۆ یاسا ژماره‌ی مۆبایله‌كه‌ی ئه‌وی لایه‌.
ئه‌فسه‌ره‌كه‌ گوێی پێنه‌دا و به‌ ژنه‌كه‌ی وت: كێشه‌یه‌، به‌ڵام خۆم به‌ شێوه‌یه‌ك چاره‌سه‌ری ده‌كه‌م.
پیاوه‌كه‌ له‌ شوێنی خۆی هه‌ڵسا بڕوات. پێش رۆیشتن رووی له‌ ئه‌فسه‌ره‌كه‌ كرد و وتی: پرسیارێك كه‌ له‌ سه‌ره‌تاوه‌ هاتووین له‌ مێشكمایه‌، ده‌كرێت بپرسم؟
ئه‌فسه‌ره‌كه‌ له‌ كاتێكدا كاغه‌زه‌كانی ده‌دڕاند وتی: بپرسه‌.
پیاوه‌كه‌ وتی: ده‌مه‌وێت بپرسم تۆ له‌ شارلۆك هۆڵمز ناچیت؟

سه‌رنج: ئه‌م چیرۆكه‌ چیرۆكێكی رۆژانه‌یه‌ و ناوی نووسه‌ری له‌سه‌ر نییه‌.

سه‌رچاوه‌:   hawzah.net

بابەتە پەیوەندیدارەکان