دەرئەنجامی هەڵبژاردنەکانی سوید

11:15 - 2022-09-18
کەلتور
517 جار خوێندراوەتەوە

شۆڕش قادر رەحیم 

رێکەوتی 11/9/2022،  هەڵبژاردنی پەرلەمان و شارەوانییەکانی سوید کرا. ئەم هەڵبژاردنە لەچاو هەڵبژاردنەکانی ساڵانی رابردوودا جیاواز بوو، لە پاش دەرکەوتنی دوایین دەرەنجام، بەرەی راستڕەوەکان سەرکەوتنی گەورەیان بەدەستهێنا و بەرەی چەپیش توشی شکست بۆوە. دواتریش ماگدەلێنە ئەندرشۆن سەرۆک وەزیرانی سوید دەستی لەکار کێشایەوە. بۆ یەکەمجاریش پارتی راستڕەوەکان سەرکەوتنی گەورەیان بەدەستهێنا و بوونە خاوەنی 73 کورسی، بەمشێوەش بوونە دووەمین پارتی سوید. هەرچەندە هێشتا پارتی سۆشیال دیموکرات لەرووی ژمارەی کورسییەوە لە پلەی یەکەمدایە و 107 کورسی بەدەستهێناوە، بەڵام بەرەکەیان شکستی هێنا. کۆمەڵێک سیناریۆش هەیە بۆ دروستکردنی حکومەت، هەرچەندە هێشتا روون نییە چۆن دەبێت.  لەم هەڵبژاردنەشدا پێنج کورد لە پارتە جیاوازەکانی سوید، توانیان بچنە ناو پەرلەمانەوە. جگە لەوەش دەیان کوردی تر توانیویانە بچنە ناو ئەنجومەنی شارەوانییەکانەوە. 
هەڵبژاردنێکی گرنگ 
لەم هەڵبژاردنەدا نزیکەی هەشت ملیۆن و 200 هەزار کەس، مافی دەنگدانیان هەبوو، ئەمانیش  چوونە سەر سندوقەکانی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی: 349پەرلەمانتار بۆ پەرلەمانی سوید (ریکسداگ). هەڵبژاردنی 20 ئەنجومەن بۆ پارێزگاکان. هەڵبژاردنی 290 ئەنجومەن بۆ شارەوانییەکان. 
دوو بەرەی دژ بەیەک 
لەم هەڵبژاردنەدا هەشت پارتی سیاسی  بەشدار بوون، کە ئەوانیش بە سەر دوو بەرەی چەپ و راستدا دابەش بوون. 
بلۆکی سور - سەوز پێکهاتووە لە:
1. پارتی سۆشیال دیموکرات (S ) 
2. پاری چەپ (V) 
3. پارتی سەنتەر (C) 
4. پارتی ژینگە (MP). 
بلۆکی شین پێکهاتووە لە: 
1. پارتی مودێرات (M)
2. لیبراڵەکان (L)
3. پارتی مەسیحی (KD)
4. پارتی دیموکراتەکانی سوید (SD).راستڕەوەکان
هەڵبژاردنی پارێزگاکان و شارەوانییەکان
   هاوتەریب بە هەڵبژاردنی پەرلەمان، هەڵبژاردنی پارێزگا و شارەوانییەکانیش دەستیپێکرد، کە ئەویش بەم جۆرەیە: 
هەڵبژاردنی پارێزگاکان، 20  پارێزگایە و بەرامبەرە بە  1600 کورسی. 
هەڵبژاردنی شارەوانییەکان، 290 شارەوانیە و بەرامبەرە بە  12800 کورسی
پارێزگاکان داڕێژەری کاروباری خزمەتگوزارییە تەندروستییەکانن.
 شارەوانییەکانیش سەرپەرشتی خوێندن،تەندروستی بە ساڵاچوان و کاروباری منداڵان دەکەن.
 لە هەڵبژاردنی پارێزگاکاندا 122 پارت و لایەن بۆ دەرەنجامی (3 %) دەنگهێنان بۆ چوونە ناو ئەنجومەنی پارێزگا پێشبڕکێ دەکەن .
بەڵام لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکاندا 321 پارت و لایەن پێشبرکێ دەکەن بۆ بەدەستهێنانی زۆرینەی دەنگەکان، ئەویش بەمجۆرەی خوارەوەیە:
1. بە رێژەی (2 %) دەنگهێنان ئەگەر تەنها لە یەك بازنەدا دەنگدانی بۆ بکرێت 
2. بە رێژەی (3 %) دەنگهێنان بۆ ئەو پارت و لایەنانەی لە چەند بازنەی دەنگداندا دەنگیان پێدەدرێت و بە رەچاوکردنی هەندێك گۆڕانکاری.
   پارتەکانی ناو پەرلەمان رەگوڕیشەی پتەویان لە هەڵبژاردنی پارێزگا و شارەوانییەکاندا هەیە. بەڵام بە پێچەوانەی هەڵبژاردنی پەرلەمان، هەڵبژاردنەکانی پارێزگا و شارەوانییەکان، پارت و لایەنی خۆجێیان هەیە کە نوێنەریان کاندید دەکەن و سەرکەوتن بەدەست دەهێنن. ئەم پارت و لایەنانەش زۆربەیان پارتی ناڕازین یان پارت و لایەنی پرسێکی تایبەتی ناو کۆمەڵگان بۆ نموونە وەك پارتی خزمەتگوزاری تەندروستی. یان پارتی بچوکن و کار دەکەن تا ببنە پارتی سەرتاسەری و لە ئایندەدا ببنە پارتی ململانێکار بۆ هاتنە ناو پەرلەمان.
دەرەنجامەکانی شارەوانییەکان خاوترن
 ئەنجامی دەنگدان بۆ ئەم دوو هەڵبژاردنە لە جیاکردنەوەی دەنگەکاندا لە چاو هەڵبژاردنی پەرلەماندا خاوترە کە ئەنجامەکانی درەنگتر رادەگەیەنرێت، نزیکەی دوو هەفتە دوای جیاکردنەوەی دەنگەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمان رادەگەیەنرێت، بەڵام دەتوانرێت بوترێت لەم هەڵبژاردنەدا بەگوێرەی جیاکردنەوەی دەنگەکان پارتی دیموکراتەکانی سوید لە پێشەنگ دایە.
کێشەکانی بەردەم کابینەی نوێ
کابینەی نوێی حکومەت لەبەردەم کۆمەڵێک کێشەی گەورەدایە لەوانە:  بوون بە ئەندامی هاوپەیمانی ناتۆدا، جەنگی روسیا و ئۆکرانیا بەردەوامە، وەرگرتنی سەرۆکایەتی ئەوروپای هاوبەش لە سەرەتای ساڵی 2023 دا لە پێشیدایە، هەڵئاوسانی ئابووری بەردەوامە و قەیرانی بازاڕی وزە و سوتەمەنی و کارەبا لە هەڵکشاندایە . ئەگەر  قەیرانی پێکهێنانی حکومەتیش گرفتی بخرێتە بەردەم  و پێكنەهێنرێت، بێگومان قەیرانەکان سەختتر و چارەسەرەکان دژوارتر دەبێت، لێرەدا پارت و لایەنەکان بەرپرسیارێتی دەگرنە ئەستۆ  گرێکان دەکەنەوە و بەربەستەکان دەشکێنن و چارەسەرێکی گونجاوی سیاسی دەدۆزنەوە تا سەقامگیری نەشێوێت لە وڵاتدا.
 لەم دۆخەدا کاندیدی سەرۆک وەزیران، سەرۆکی پارتی مۆدیراتەکان، ئولۆف کریستەرشۆن ئەرکێکی قورسی دەکەوێتە سەر شان لە پێکهێنانی حکومەتێکدا کە رەزامەندیی پارتەکانی بلۆکی شین بە دەست بهێنێت لە 26/9/2022 کە کاتی دەنگدانە لە پەرلەمان بە حکومەتەکەی.
   پێش هەموو شت بلۆکەکان دەستنیشانی پێکهێنانی حکومەت بە دیارییکردنی سەرۆک وەزیران دەکەن، بەڵام بە ئەگەرێکی زۆرەوە هۆکاری کاریگەری تر هەیە ببێتە بنەمای پێکهێنانی حکومەت.  پارتەکان هەر یەکەیان وەك لایەنێکی سەربەخۆ دەبن لە هەڵبژاردنەکاندا نەك وەک هاوپەیمان یان بلۆك لەگەڵ یەکتریدا، واتە بلۆکەکان ناجێگیرن و بە گوێرەی ئەگەرەکان خۆیان دەگونجێنن لەگەڵ یەکتر و  قەوارەی تردا کە هێڵە سیاسییەکانیان گونجاو بێت لەو هاوپەیمانییە نوێیەدا.
کێشەی بەرە سیاسییەکان
لە بلۆکی شیندا پارتەکان لە لیبراڵ و ناسیۆنالیست و سۆشیال لیبراڵی پارێزەر و پارێزەران پێکهاتووە. ئەگەرچی ئەمانە بلۆکێکن (شین) بەڵام جیاوازی زۆر لە نێوانیادا هەیە لە پرسە سەرەکی و گرنگەکاندا. 
کاندیدی بلۆکی شین لە پارتی مودێرات، ئولۆف کریستەرشۆن بۆ سەرۆک وەزیران هێڵی کاری گونجاندن و لێك نزیکبونەوە هەڵدەبژێرێت و ئەجیندای هاوبەشی سیاسی دیاری دەکات و کۆدەنگی کۆدەکاتەوە لە نێو پارت و لایەنەکانی بلۆکی شیندا و کارێک دەکات رەزامەندیی ئەو لایەنانە مسۆگەر بکات کە لە بوارێکدا ناڕازین وەك پارتی لیبراڵ کە رەتی دەکاتەوە لە حکومەتێکدا بێت پارتی دیموکراتەکانی سوید لە هاوپەیمانییەکەدا بەشداری بکات.
 پارتی دیموکراتەکانی سوید» راستڕەوەکان» کە دووەمین پارتی گەورەن لە سوید و گەورەترینی بلۆکی شینن پێویستە سازش بکەن لەسەر چەند پرسێک، لە کاتێکدا ئەنجامێکی باشی هەڵبژاردنیان بە دەستهێناوە و دەنگدەرێکی زۆریش متمانەی پێداون بۆ ئەوەی لە پێکهێنانی حکومەت و ناو پەرلەماندا رۆڵی کاریگەریان هەبێت و داواکاری خۆیان بسەپێنن بەسەر پارتەکانی تری ناو هەمان بلۆکدا یان بچنە دەرەوەی بلۆکی شین و لە دەستدانی زۆرینەی لاواز بۆ بلۆکی سور- سەوز وە یان مۆدێرات و پارتی مەسیحی حکومەت پێک بهێنن و پشتیوانی لە پارتی دیموکراتەکانی سوید و لیبراڵەکان لە ناو پەرلەماندا وەربگرن کە ئەمەش کەمینەیەکی لاواز دەبێت. 
   هەروەها بلۆکی سور- سەوزیش هەمان گرفتی هەیە، سۆشیال دیموکراتەکان رووبەڕووی ناکۆکی و ململانێ دەبنەوە لەگەڵ پارتی چەپی سۆشیالیست و پارتی سەنتەری جووتیاران کە پێشتر هاوپەیمانی پارتەکانی ناو بلۆکی شین بوون تا هەڵبژاردنەکانی 2018، ئێستا هاوپەیمانن لە  بلۆکی سور- سەوز بە بەهانەی ئەوەی پارتەکانی ناو بلۆکی شین نەرمی دەنوێنن بەرامبەر سیاسەتی دیموکراتەکانی سوید. پارتی سەنتەر پێیان باشە حکومەتێکی هاوپەیمانی یان حکومەتێك لەگەڵ هەموو پارتە ناوەندەکان هەبێت، لەوانەش سۆشیال دیموکراتەکان، مودێراتەکان، لیبراڵەکان، بەڵام پێناچێت هیچ کام لەو خواستانەی پارتی سەنتەر بچێتە بواری بەدیهێنانەوە بە هۆکاری ئەوەی هاوپەیمانییەکەی پێشوو لەپێش هەموویانەوە مۆدێراتەکان و پارتی مەسیحی هاوپەیمانی لەگەڵ پارتی دیموکراتەکانی سوید رەت ناکەنەوە لە پێکهێنانی حکومەتێکدا کە خۆیان زۆرینە بن، پارتی سۆشیال دیموکرات و مۆدێراتەکانیش ناتوانن پێکەوە حکومەتێکی هاوبەش پێکبهێنن. پارتی سەنتەر ناچاربوو هاوپەیمانی بلۆکی سور- سەوز هەڵبژێرێت و پشتیوانی حکومەتەکەی ماگدەلێنە ئەندورسۆن بکات. پارتی سەنتەر بە تەواوی داوای پارتی چەپ رەت دەکاتەوە لە پێكهێنانی حکومەتێکی سور – سەوزدا، لەبەرئەوەی ناکۆکی زۆر گەورە لە بۆچوونەکانیاندا  هەیە.
   هەربۆیە پێکهێنانی حکومەت، کارێکی ئاسان نییە  و ماوەی زۆری دەوێت. 
کوردەکانی ناو  پەرلەمانی سوید
 بە گوێرەی هەمان جیاکردنەوەی دەنگەکان  پێنج پەرلەمانتاری بە رەگەز کورد دەنگیان هێناوەو چوونەتە ناو پەرلەمانەوە کە ئەوانیش  ئەمانەن:
لە پارتی سۆشیال دیموکرات: لاوێن رەیدار، سەرکان کوێسە، قادر کاسیرگا،. لە پارتی دیموکراتەکانی سوید: سارا گیلێ. لە پارتی لیبرالەکان: گولان ئەڤچی
 شایەنی باسە بە دەیان پەرلەمانتاری دۆستی کورد لەم هەڵبژاردنانەدا دەنگیان هێناوە کە دۆستی زۆر نزیکی کوردن و ئەندامیشن لە تۆڕی سویدی – کوردی ناو پەرلەمانی سوید و هەڵوێستی باشیان بەرامبەر دۆزی کورد هەیە و هەندێکیان چەندینجار سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردەوە لەوانە:
• فرێدریك مالم لە پارتی لیبرال.
•دێنیس ئێگیچلە پارتی سۆشیال دیموکراتی سوید.
• ماگنوس مانهامەر لە پارتی سۆشیال دیموکراتی سوید.
• لەیف نێدسمێد لە پارتی سۆشیال دیموکراتی سوید.
• هۆکان سڤێنگەلین لە پارتی چەپی سوید.

سەرچاوە//www.val.se/

بابەتە پەیوەندیدارەکان