کتێبی ئەزموونی نووسینی ئەنوەر قادر محەمەد

جوانی و بەهای ئەزمووننووسی

12:31 - 2022-09-18
کەلتور
501 جار خوێندراوەتەوە

هەرێم عوسمان

ئەزمووننووسی، هەوڵێکە بۆ لە خۆڕامان و خۆ-خستنەبەرچاوی خۆ، ڕۆشنکردنەوەی خودە و دواتر نیشاندانی ئەو خودەیە بۆ ئەویتر، بێگومان ئەم ئەزموونە جۆرێک دڵنیایی و پێگەیشتنی لە خۆدا هەیە کە دەیەوێت زیاتر بدرەوشێتەوە و خۆی بۆ ئەویتری خوێنەر بخاتەڕوو، واتە ئەزموونێکە لەنێو و لە دەرەوەدا خۆی دەردەخات، کەواتە ئەزمووننووسی هەوڵی مرۆڤێکی پێگەیشتوو، تێگەیشتوو و مێژووییە کە لە ئەزموونگەلێکەوە قسەمان بۆ دەکات و لێی رادەمێنێت و دەریدەبڕێت، لە پەنهانی دەریدەخات. 
کەواتە ئەزموون بەرجەستەکردن و دەردانی و نیشاندانی ئەو بابەتەیە کە چەشتووتە یاخود تیایدا نیشتەجێ بوویت یان لەناوتدایە و دەرکەوتی هەیە. ئەزموون جۆرێکە لە شارەزایی ورد و وەستایی، پسپۆربوونە، سەرسپیکردن و تیاگەورەبوونە. لێرەدا باسی ئەزموونی نووسینی کەسایەتییەک دەکەم کە دەست و سەروپرچی لە نووسیندا سپی کردووە. ئەنوەر قادر جاف، کە پرۆفیسۆرێکی بواری ئەدەب و لەمە گرنگتر شاعیرێکە و لە ماوەی رابردوودا کتێبی «ئەزموونی نووسین»ی خۆی بڵاوکردەوە، کە یەک دوو رۆژێکی خۆشم لەگەڵ ئەم کتێبە یان ئەزموونە دەوڵەمەند و ئاشنایە بەسەر برد، لەبەرئەوە پێمخۆشە لەگەڵ ئێوەدا هاوبەشی پێبکەم.  
ئەزموون و یادەوەریی
کتێبی ئەزموونی نووسینی ئەنوەر قادر محەمەد، بەرهەمێکی جوان و سەرنجڕاکێشە لە نووسینی ئەزموون و یادەوەریی ئەدەبیی کوردیدا. نووسەر و شاعیر لەم ئەزموونەدا وەک پسپۆرێکی بواری تیۆری و رەخنەی ئەدەبی، بەشێوەیەکی تۆکمە و بەرنامە بۆ داڕێژراو، ئەزموونەکەی نووسیوەتەوە. ئەزموونەکە وێڕای دەوڵەمەندی و فراوانی، هەستیاری و زمانی ئەدەبی، دۆخگەل و زەمەنگەلێکمان نیشان دەدات کە گرنگ و پڕبایەخن. نووسەر کە شاعیرێکی دیار و ناودارە، ئەزموونەکەی بۆ رۆشنکردنەوەی ئەزموونە شیعرییەکەی تەرخانکردووە، ژان و چێژی لە دایکبوونی تێکستەکانی دەخاتەڕوو، هاوکات بەمەشەوە ناوەستێت رەهەندی ئیستایکی و هونەری و بابەتی دەقەکان دەخاتەڕوو. لەلایەکی دیکەشەوە ئەوەشمان بۆ دەگێڕێتەوە کە چۆن وەرگیراوە و پێشوازی لێکراوە، ئەمەش نیشاندانی ماوە و مێژوو و قۆناخێکیی رۆشنبیرییە کە خوێنەوارانی کورد لە پەنجا ساڵی رابردوودا پیایدا تێپەڕیون، ئەو رێگری و سەختییانە گەرمی و رووناکیی و یاخیبوونێکی زۆری بۆیان دروست کردووە، بە واتایەکی دیکە لەو قۆناخەدا هەموو شتێک رەهەندێکی سیاسی و نەتەوەیی و یاخیگەریی وەرگرتووە، ئەمەش وای کردووە زمانە ئاساییەکە رەمزی ببێت. 
دوورتر لەمە دەڕوات
ئەم ئەزموونە لە کۆڕی زانیاری و لە بڵاوکراوەکانی هەفتاکاندا لەگەڵ هێمن، مەسعود محەمەد و هەژار و شوکر مستەفا، د. عیزەدین و د.ئەوڕەحمانی حاجی مارف...ژیاوە و پەروەردەبووە، هاوکات لە بنەماڵەیەکی دیار و خوێندەواری وەک مەلا عەبدولکەریمی مدەریس و مەلا قادر بووە، بە واتایەکی دیکە د. ئەنوەر لەپڕ و لەخۆوە فڕێ نەدراوەتە ناو پانتایی رۆشنبیریی و ئەدەبییەوە، بەڵام دەرچوون و یاخیبوون و فراوانبینی د. ئەنوەر دوورتر لەمە دەڕوات و دەچێتە ناو جیهانی ئەکادیمی و ئەدەبیاتە بەرزەکەی روسیا و فارس، سوید...لەگەڵ چەندین ئەزموونی ئەکادیمی و مەعریفیدا ئاوێزان دەبێت و گیانێکی نوێی بیرکردنەوە و توێژینەوە و شیعرنووسی بە بەر ئەم ئەزموونەدا دێت و پەروەردە دەبێت، لەگەڵ گۆڕانی ژیانی شاعیردا، زمان و بیرکردنەوەی شیعریشی دەگۆڕێت.
شاعیر وەک لێکۆڵەرێک
جوانی ئەم بەرهەمە لەوەدایە کە ئەزموونە شیعرییەکە تەواوکۆ و پێش زەمینەی ئەزموونە مەعریفی و ژیارییەکەی تێهەڵکێش کراوە. واتە شاعیر وەک لێکۆڵەرێک و خستنەڕووی باکگراوندی ئەزموونە شیعرییەکەی ئاوڕی لە شیعری خۆی داوەتەوە، بە جۆرێک کە ئەزموونی خۆپێگەیاندنی کەسی و ئەکادیمی تەواوکاری ئەزموونە شیعرییەکەیە، هاوکات قۆناخی شیعری خۆشی بەپێی ئەزموونەکە ریزبەند کردووە و باکگراوندی ئەکادیمی و خۆسازیش لەنێو چوارچێوەی چوار ئەزموونە شیعرییەکەدا کە گۆڕاون بەرجەستەکراون، واتە ئەزموونەکە لە چوار بەشی سەرەکی پێکهاتووە:
بەشی یەکەم: گەڕان لە دووی خۆدەربڕین(سەرەتا هەتا 1978)
بەشی دووەم: مشتوماڵ و خۆڕشتن و خەمڵینی ئەزموون (1979-1987)
بەشی سێیەم: کۆچێکی تر (1988-2004)
بەشی چوارەم: گەڕانەوە بۆ زێد(2004-2021)
ئەم چوار بەشە هاوئاهەنگە بە چوار ئەزموونی شیعری، کە نووسەر بەشێوەیەکی هونەری، ئەدەبی و مەعریفی ئەزموونەکەی نووسیوەتەوە، خوێنەر لە رێگەی ئەو شێواز و زمانە ئەدەبیە بەرزەوە، هاوکات ئەو گرێ، چنین و گێڕانەوە هونەرییەوە کەمەندکێشی خوێندنەوەی دەقەکە دەبێت؛ واتا ئەزموونەکە بریتییە لە چەندین دەقی جیاواز کە پێکەوەبەسترا و چنراون، وەک ئەوەی لێکۆڵینەوەیەکی فراوان یان ببوورن دەقێکی گێڕانەوەبەند، یان دیوانە شیعرێکی هەمەئەزموون یاخود وێنەگەلێکی کۆن و نوێ، یاخود مێژوویەکی تاکەکەسی کە لەگەڵ گشت دەدوێ، ئەمانە و چەندان تایبەتمەندی دیکە کە لەم بەرهەمەدا کۆبوونەتەوە.
رۆڵی ئاگایی یان نائاگایی
ئەم بەرهەمە نموونەیەکی سەرنجڕاکێشە بۆ ئەو پرسیارگەلەی لەبارەی رۆڵی ئاگایی یان نائاگایی لە داهێنانی دەقی ئەدەبیدا دەکرێت. شاعیر لێکۆڵەرێکی پڕبەرهەم و ئاگاداری دونیای تیۆر و رەخنەی ئەدەبییە، لەم ئەزموونەشدا بە وردی ئاوڕی لەمە داوەتەوە، بۆیە خوێنەر رووبەڕووی دۆخێکی هەستیاری رەوایەتیدان بە نووسەر دەبێتەوە کە ئایا ئەمە پێشکەوتن و پێشبڕیار بۆ خوێنەری دەقە شیعرییەکانی ناسازێنێت، ئایا خستنەڕووی ئەو مۆتیڤانەی کە ئەزموونی نووسەر بۆ لەدایکبوونی دەقەکانی خستۆتەڕوو، خوێنەری دەقەکانی لە ئایندەدا رووبەڕووی بەرپرسیارێتی و دەرچوون ناکاتەوە؟ هاوکات پرسیاری گەورەتریش لە شیعرداهێن و شیعرناس دەهێنێتەپێش، کە ئایا شاعیر بەهۆی شیعرناسییەکەیەوە بەهرەی شیعری کپ نەکردوە بۆ هونەری شیعر؟ ئەمە دەکرێت ببێتە بابەتی لێکۆڵینەوەیەکی ورد لەسەر ئەزموونی شیعری و ئەم ئەزموونەی کە من خوێندومەتەوە. هاوکات شاعیری ئەزمووننووس باسی گەلێک لەو سەرچاوانەی کردووە کە لە ئەزموونە شیعریی و ئەکادیمییەکەیدا پاڵپشت و هزروەری (پەروەردەی هزری) بوون.
لە پاڵ ئەم گەشتە شیعریی و ئەکادیمییەدا، ئەزمووننووس بەشێکی بۆ ئەزموونی وەرگێڕان و پاشکۆیەک کە دوو وتاری گرنگ و سەرنجڕاکێشە لە ساڵی 1975 نووسیویەتی تەرخانکردووە، ئەو دوو وتارە دەرخەری لێهاتوویی ئەو پێنووسەیە کە نزیکەی نیو سەدە لەمەوپێش نووسیویەتی، لە کۆتایی ئەزموونەکەشدا ئەلبوومێکی ئاوهەنگ بە ئەزموونەکەی تێدایە. 
سەرچاوە: 
د. ئەنوەر قادر محەمەد، ئەزموونی نووسین (شیعر، وتار، وەرگێڕان، توێژینەوە و پاشکۆیەک) دەزگای سەردەم-سلێمانی، 2021 .

بابەتە پەیوەندیدارەکان