هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار دواخرایەوە

07:00 - 2022-03-31
عیراق
666 جار خوێندراوەتەوە

بەهۆی تەواونەبوونی رێژەی یاساییەوە، بۆ جاری دووەم كۆبوونەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار شكستیهێنا و گۆڕدرا بۆ كۆبوونەوەی ئاسایی.

تەواونەبوونی رێژەی یاسایی
د.بڕیار رەشید ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە فراكسیۆنی یەكێتی، لەوبارەیەوە بە PUKmedia ی راگەیاندووە: بەهۆی تەواونەبوونی رێژەی یاسایی نوێنەرانەوە، كۆبوونەوەی نوێنەران بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار نەكرا. وتیشی: دەستەی سەرۆكایەتیی نوێنەران بڕیاریدا كۆبوونەوەكە بگۆڕێت بۆ دانیشتنی ئاسایی.
پێش كۆبوونەوەكەش، هەرێم كەمال ئاغا سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە ئەنجومەنی نوێنەران رایگەیاندبوو كە لەگەڵ ئەوەی بڕیاربوو سەعات 11 كۆبوونەوەی نوێنەران بكرێت لەسەر پرسی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار، بەڵام ژمارەیەكی كەمتر لە ئەندامان ئامادەبوون. وتیشی: پارتی ئەو ژمارە ئەندامەی نوێنەرانی بۆ كۆنەبۆتەوە كە رۆژی شەممەی رابردوو كۆیكردبوونەوە، بۆئەوەی دەنگ بە كاندیدەكەیان بدەن بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار.

«رێگریمان كرد»
هەروەها نوری مالیكی سەرۆكی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، لە پەیامێكیدا رایگەیاند: چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعەكان و هاوپەیمانەكانی، سەلماندیان سێیەكی پەكخەری ئەنجومەنی نوێنەرانیان مسۆگەرە و رێگرییان كرد لە بەڕێوەچوونی كۆبوونەوەكەی ئەنجومەنی نوێنەران. 
مالیكی نووسیوێتی: وەرەقەیەكی دەستپێشخەرییان ئامادەیە بۆ پاراستنی پڕۆسەی سیاسی لە چەقبەستن و ئەمڕۆ و سبەی لەگەڵ هاوپەیمانەكانیان كۆدەبنەوە و بە مەبەستی سەرخستنی دەستپێخەرییەكەشیان لەگەڵ سەرجەم هێز و پێكهاتە سیاسییەكانی تردا كۆدەبنەوە و گفتوگۆ دەكەن. 

نەوەی نوێ بەشدار نەبوو
پێش كۆبوونەوەی نوێنەرانیش، شاسوار عەبدولواحید سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە پەیامێكدا رایگەیاند: بڕیاربوو تا كۆبوونەوەی داهاتووی نوێنەران بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار، چەند خاڵێكی رێكەوتنە 17 خاڵییەكەیان جێبەجێ بكرێت، بەڵام جێبەجێ نەكراون. 
لە پەیامێكی ڤیدیۆیشدا رۆژی سێشەممە بە ئەندامانی فراكسیۆنی سەر بە جووڵانەوەكەی راگەیاند تا هەنگاوێك نەنرێت بۆ خزمەتكردنی هاووڵاتیان و جێبەجێكردنی یاداشتە 17 خاڵییەكەمان، مەچنە ناو هۆڵی كۆبوونەوە نوێنەرانەوە. 
سەدر: تەوافوق بە مانای كۆتاییهاتن
هەروەها، موقتەدا سەدر سەرۆكی رەوتی سەدر لە پەیامێكیدا دووپاتیكردەوە: بۆ پێكهێنانی حكومەتی تەوافوقی، لەگەڵ لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی رێكناكەوێت.
راشیگەیاندووە: تەوافوق بە مانای كۆتاییهاتنی وڵات دێت ‌و داخرانی سیاسی باشترە لە رێكەوتن لەگەڵ چوارچێوەی هەماهەنگی. نووسیوێتی: هیچ خێرێك لە حكومەتی تەوافوقی و بەشبەشێنەدا نییە.

خۆپیشاندان كرا
هەر دوێنێ، وەك ئەوەی پێشتر بانگەوازی بۆ كرابوو، پێش كۆبوونەوەی نوێنەران، لە گۆڕەپانی تەحریر لە بەغدا، پەیڕەوانی مەزهەبی شیعە و لایەنگرانی سەماحەتی سەید عەلی سیستانی دژی بێڕێزیكردن بە مەرجەعەكەیان، خۆپیشاندانێكی گەورەیان رێكخست.
خۆپیشاندەران ئیدانەی ئەو بێڕێزیكردنەیان كرد، كە بە مەرجەعەكەیان كراوە و داواشیانكرد ئەو كەسانەی ئەو جۆرە لێدوانانە دەدەن، بدرێنە دادگا و سزا بدرێن.
خۆپیشاندانەكە دوای ئەوە هات، كە لە چەند شەوی رابردوودا، نایف كوردستانی كادری باڵای پارتی لە تویتێكدا باسی مەرجەعی شیعەی كردبوو.

بابەتە پەیوەندیدارەکان