گزرە، پاشەكەوتێك بۆ زستان

11:08 - 2022-09-25
دووتوێ
522 جار خوێندراوەتەوە
گزرە لە چۆمان

فەرهاد چۆمانی

ئاو و هەوا و سروشتی كوردستان بە شێوەیەكە، هەندێك لە ناوچە شاخاوییەكان لە زستاندا بەفر رێگەی هاتوچۆ دەگرێت. بەم هۆیەوە دەستكەوتنی عەلەف و ئالیك بۆ ئاژەڵی گوندەكان قورس دەبێت، بۆیە خەڵكی گوندەكان بیریان لەوە كردۆتەوە پاشەكەوتی ئالیك و عەلەف بكەن بۆ ئاژەڵەكانیان، بۆیە لێرەدا باسی گزرە دەكەین.
دێ چڵو یان دێو چڵو، بەگشتی گزرە بڕینی لق و چڵە گەڵای دارەكانی دار مازوو و بەڕوو و دارەكانی ترە، بۆ ئەوەی لە چلەی زستاندا بكرێتە بەرخۆر یان ئالیكی مەڕوماڵاتی مەڕداران.
شوان و مەڕدارەكان هەموو ساڵێك لە کۆتاییەكانی هاوین و سەرەتاكانی پاییزدا، بەرلەوەی گەڵای دارمازوو و بەڕوو و دارەكانی تر زەرد ببن بەهەرەوەزی دەیانبڕنەوە، لە شوێنێك لەسەر درەختێك یاخود لە پاڵ درەختێكی گەورە دایاندەنێن.
 شێوازی دانان و هەڵچنینی دێ چڵو، گزرە پێویستی بە شارەزایی هەیە، بۆ ئەوەی كاتێك لە دوو مەتر بەرزتر دەبێتەوە نەكەوێت و لە ماوەی پاییز و زستانیشدا رەشەبا و بەفر و باران بەلایدا نەهێنێ.
ئەو كەسەی دێ چڵو دادەنێت پێی دەگوترێ (دێدانەر) كەسێك بەردەستی دەكات و بە ئامرازێكی تایبەت (كنۆرە)لقە بڕاوەكانی دەداتە دەست و ئەویش بە شێوازی دانانی گیشە لەسەر یەك دایاندەنێت.
ئەگەرچی بڕینەوەی هەر لقێك لە هەر جۆرێكی درەخت ساڵێك تەمەنی درەختەكە دوادەخات، بەڵام مەڕدارەكان دەڵێن ئەم كارە سوودی دوو لایەنەی هەیە و لە كۆنەوە باب و باپیرانمان هەمان كاریان كردووە و ناوچەكەشمان هێشتا سەرسەوزە، هەم درەختەكە لە لقی زیاد و ناپێویست پاك دەكرێتەوە، هەم رانەمەڕی ئێمە لە چلەی زستان و ئەو كاتەی ساڵدا كە هیچ ئالیكێك نامێنێ بیاندەینێ و ناتوانین لەبەر بەفری زۆر دەریان بكەین، لق بە لق لە دێ چڵوەكە، گزرەكە دەریدەهێنین و وەك ئالیك دەیاندەینێ.

#کەشتیی نـــوح

بابەتە پەیوەندیدارەکان