شەقامی شانزلیزێ

ئەگەر سەردانی نەكەیت وەكو ئەوە وایە نەچووبیتە پاریس

11:26 - 2022-09-25
دووتوێ
484 جار خوێندراوەتەوە

شەمێران عەلی 

لە هەموو شارێكدا بازاڕی میللی و شوێنی كۆن و مێژوویی هەیە، هەروەها شەقامێك، یان دوو شەقامی كۆن و مێژوویی هەیە كە زۆر ناسراون و خەڵكێكی زۆر رووی تێدەكەن. بە جۆرێك نەك خەڵكی شارەكە، بگرە گەشتیارانیش هەمیشە خەون بەوەوە دەبینن كاتێ گەشت دەكەن بەناوبانگترین شوێنی ئەو شارە ببینن كە بۆی دەچن، لای خۆمان لە كوردستان بۆ نموونە لە شارێكی وەكو سلێمانیدا شەقامی سالم، كە ناوە میللییەكەی سەهۆڵەكەیە، ساڵانێكی زۆرە ئەم شەقامە بە بەردەوامی ئاوەدانە، نەك هەر خەڵكی شارەكە بگرە لە شارەكانی دیكەشەوە خەڵكی رووی تێدەكەن. لە هەولێر شەقامی باتە و لە كەركوك شەقامی كۆماری « شارع جموری» لە سنە شەقامی فیردەوس و لە مەهاباد شەقامی شاپوور و شەقامی وەفایی... گەلێك شەقامی دیكە هەیە گەشتیار حەز دەكەن وەختێ دەچنە شارێكەوە یەكسەر بچنە ئەو شەقامە.
جوانترین شەقامی جیهان
شەقامی شانزلیزێ یەكێكە لە شەقامە ناسراوەكانی جیهان مێژوویەكی كۆنی هەیە و شەقامێكی دڵگیرە، ئەوەی روو لە پاریس بكات حەز دەكات پیاسەیەك بەو شەقامەدا بكات، شانزلیزێ یەكێكە لە شەقامەكانی پاریسی پایتەختی فەرەنسا و شەقامێكی گەشتیارییە، فەرەنسییەكان ئەو شەقامە بە جوانترین شەقامی جیهان دەزانن، راستی نەك هەر فەرەنسییەكان بگرە خەڵكی ئەوروپا و وڵاتانی عەرەبی و...هتد خەون بەوەوە دەبینن رۆژێك بتوانن بچنە پاریس و پیاسەیەك بەو شەقامەدا بكەن. باخەكانی مۆزەخانەی لۆڤەر و كەوانەی سەركەوتن، كە ناپلیۆن بۆناپارت دروستی كردووە. لە پشتەوەی كەوانەكەدا ناوی ئەو ژەنەڕاڵانەی لەگەڵ ناپلیۆندا كاریان كردووە هەڵكەندراوە... چەندین شوێنی سەرنجڕاكێش لەسەر ئەو شەقامە هەیە، كەوانەی سەركەوتن یەكتربڕی12 شەقامی پاریسە، جگە لە گەشتە ئاوییەكان لەسەر رووباری سین، كە 36 پردی كۆنی هەیە، كۆنترینیان پردی نێفە مێژووەكەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1606. كاتێك باس لە پاریس دەكرێت، یەكەم شت دێتە بەرچاو بورجی ئیڤڵە، ئەو بورجەی لەلایەن ئەندازیار ئەلێكساندەر گوستاڤ ئیڤڵەوە دروستكراوە. ئەم شەقامە ئاوەدان و قەرەباڵغە رێژەیەكی زۆر سەوزایی و باخی هەیە، گەلێك دوكان و كافێ و ماركێت و ... دەكەونەسەر ئەم شەقامە پانە. 

گوێت لە هەموو زمانەكانی جیهان دەبێت
ناوبانگی شانزلیزێ بەهۆی ئەو رووبەرە فراوانەوە نەبوو كە پانییەكەی 70 مەتر و درێژییەكەی 1910 مەترە، بەڵكو بەهۆی ئەو حەشیمەتەوەیە كە رووی تێدەكەن، لەم شەقامەدا گوێت لە هەموو زمانەكانی جیهان دەبێت، شانزلیزێ دوای تاوەری ئیڤڵ بەناوبانگترین شوێنی گەشتیارییە لە ئەوروپادا، شەو و رۆژ جمەی دێ، هەمیشە ئاوەدانە، كوردوتنەنی دەڵێی حەمامی رەواحیلە بەردەوام قەرەباڵغ و ئاوەدانە و چۆڵ نابێ. ساڵانە ژمارەی ئەو كەسانەی سەردانی ئەو شەقامە دەكەن نزیك دەبێتەوە لە 220  ملیۆن گەشتیار.

شوێنی خۆپیشاندانە فەرمی و جەماوەرییەكانە
جگە لەوە شانزلیزێ شوێنی خۆپیشاندانە فەرمی و جەماوەرییەكانە لە پلەی یەكەمدا، كە نمایشی ساڵانەی سەربازی تێدا بەڕێوەدەچێت، لە یادی كەوتنی زیندانی باستیل لە 14ی تەمموزی 1892 كە تێیدا هەموو پێشبڕكێیە وەرزشییە گەورەكان، وەك پێشبڕكێی پاسكیل و ماراسۆنی پاریس... فەرەنسییەكانیش تێیدا بۆ ئاهەنگ گێڕانی جەماوەری كۆدەبنەوە. ئەگەر گەشتیارانی ئەو شەقامە لە مانگەكانی ساڵدا جۆراوجۆربن، ئەوا لە وەرزی هاویندا زۆرتر گەشتیارانی عەرەب رووی تێدەكەن. بەشی زۆری گەشتیارە عەرەبەكان بەتایبەت ئەوانەی دەوڵەمەندن بۆ پشووی هاوینە دەچنە پاریس. 

بە رەچەڵەك پورتوگالییە
مێژووی شانزلیزێ دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1616 كاتێك شاژنە ماری دی مێدیسیس رێگایەكی دارستانی دروست كرد بە مەبەستی دەستەبەركردنی پیاسەیەك بۆ خەڵك بە گالیسكە، ناوی شانزلیزێ لە ساڵی 1709 ەوە دانراوە و بەدرێژایی سەدەی هەژدەیەم ئەم شەقامە وەك شەقامێك مایەوە كە خەڵك بە رۆژ بە ئۆتۆمبێل پێیدا دەڕۆیشتن، بە شەوانیش دەگۆڕا بۆ شوێنێكی چۆڵ و ترسناك زۆر كەس نەیوێراوە پێیدا تێپەڕێ، تەنها چەند باڵەخانەیەكی لەسەر دروستكراوبوو. 
ئێستا تەنها یەكێك لەم باڵەخانە كۆنانە ماوەتەوە، دەكەوێتە ژمارە 25 ەوە و خاوەندارێتی كچەكەی ماركیز پایڤایە، كە بە رەچەڵەك پورتوگالییە، پلیكانێك لەخۆدەگرێت لە بەردی ئۆنیكس دروستكراوە، بە تاكە پلیكانە لە جۆری خۆی دادەنرێت.

مۆنۆمێنتی سەربازە نەناسراوەكە
لە سەدەی بیستەمدا دەسەڵاتداران بڕیاریاندا مۆنۆمێنتی سەربازە نەناسراوەكە لە بەردەم دەرگای كەوانەی سەركەوتندا دابنێن، بەرزییەكەی زیاتر لە پەنجا مەتر دەبێت، شۆستەی فراوان لە لایەكانییەوە هەیە و بە چرای غازی رۆشنكراوەتەوە و بووەتە شوێنی كۆبوونەوەی خەڵكی پاریس، خوڵاسە ئەم شەقامە لە رۆژگاری دروستكردنییەوە تاوەكو ئەمڕۆ شەقامێكی ئاوەدان و قەرەباڵغە و ئەوەی بچێتە پاریس بەم شەقامەدا پیاسەیەك دەكات، هەر گەشتیارێك ئەگەر روو لەم شەقامە نەكات وەكو ئەوە وایە نەچووبێتە پاریس. 

#کەشتیی نـــوح

بابەتە پەیوەندیدارەکان