بەرەو كۆتایی وەرزی ئەمساڵی تێنسی سەرزەوی

11:01 - 2022-09-26
دووتوێ
468 جار خوێندراوەتەوە

پاڵەوانێتییەكانی تێنسی سەرزەوی هەنگاو بەرەو كۆتایی وەرزی 2022 دەنێن و ئەم مانگە(سێپتەمبەری 2022) تەنیا چەند پاڵەوانێتییەكی 250 خاڵ و 500 خاڵی كوڕان و كچان بەڕێوە دەچن.
سەرجەم گراند سلامەكان كۆتاییانهاتووە، ماستەرزەكانیش تەنیا ماستەرزی پاریس ئۆپن ماوە ئەمیش كۆتایی مانگی ئایندە بەڕێوە دەچێت، هەردوو خولی كۆتایی ساڵی (گوادالاخارای كچان- مەكسیك) و (نیتۆی كوڕان- ئیتاڵیا) ماون و بەتەواو بوونی ئەمان ئیتر وەرزی 2022 كۆتایی دێت.
سەبارەت بە خولەكانی كچان، ئەم مانگە گرنگترین پاڵەوانێتی بریتی بووە لە پان پاسفیك لە تۆكیۆ كە پاڵەوانێتییەكی 500 خاڵ بووەو شەوی شەممەی رابردوو یاریی كۆتاییەكەی كرا، لە یاریی كۆتاییدا لۆدمیلا سامسۆنۆڤای روسی جامی پاڵەوانی بەرز كردەوەو لە یاریی كۆتاییدا لە چینۆن زینگی چینی بردەوە.
سەبارەت بە خولە 250 خاڵییەكانیش، هەر ئەم مانگە خولی چینای لە هیندستان كۆتاییهات و لیندا فرۆفیرتۆڤی چیكی پاڵەوانی خولەكە بوو، خولێكی تر بریتی بوو لە خولی پۆرتۆرۆڤ بو لە سلۆڤینیا و كاترینا سینیاكۆڤای چیكی یەكەمی ئەم خولە بوو، دەبێت دوێنێش یەكشەممە 26/6 هەردوو خولی تالین لە ئەستۆنیا و پارما لە ئیتاڵیاش دەستیانپێكردبێت.
سەبارەت بە خولەكانی كوڕان، خولی لاڤەر گرنگترین خول بووە كە كرابێت و هەردوو هەڵبژاردەی ئەوروپا و جیهان یارییەكانی ئەم خولەیان كردووە.
سەبارەت بە خولە 250 خاڵییەكانیش بۆ كوڕان، خولی سان دییگۆ لە ئەمریكا و میتز لە فرەنسا پێی ناوەتە یاریی كۆتاییەوە.
بەم نزیكانەش چەند خولێكی تریش دەستپێدەكەن لەوانە:چنگدۆ  و زهاوی لە چین، سۆفیا لە بولگاریا و ئاڤیڤ لە ئیسرائیل،  كە دەبێت دوێنێ یەكشەممە دەستیانپێكردبێت، مانگی ئۆكتۆبەریش چەند پاڵەوانێتییەكی تر لەگەڵ مساتەرزی پاریس دەستپێدەكەن.

#ســتادیـۆم

بابەتە پەیوەندیدارەکان