کورتەچـیرۆک

دوو كورته‌چیرۆكی جیاواز

09:30 - 2022-03-31
ئەدەب و هونەر
663 جار خوێندراوەتەوە

مرێم میسری

رضا معین

له‌ ده‌رگایان دا.
گوێی لێنه‌بوو.
دووباره‌ له‌ ده‌رگایان دایه‌وه‌. به‌ڵام ئه‌و ئه‌وه‌نده‌ نقومی خواپه‌رستی خۆی بوو ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ده‌رگاكه‌شیان بشكاندایه‌ هه‌ر ئاگای لێنده‌بوو. فریشته‌ كه‌مێك ئارامی گرت، پاشان به‌ هێواشی ده‌رگاكه‌ی كرده‌وه‌ و هێواش هێواش چووه‌ ژووره‌وه‌. ژووره‌كه‌ له‌وه‌ بچووكتر بوو كه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ دیاربوو. هیچ كه‌لوپه‌لێكی تیانه‌بوو جگه‌له‌ سیپاڵێكی كاڵه‌وه‌ بوو كه‌ سێ نانی له‌سه‌ر بوو له‌گه‌ڵ چرا فتیله‌یه‌ك. مرێم به‌رامبه‌ر په‌نجه‌ره‌یه‌ك دانیشتبوو كه‌ به‌سه‌ر ده‌شته‌كه‌دا ده‌یڕوانی، هه‌ردوو ده‌ستی رووه‌ و ئاسمان به‌رزكردبۆوه‌ و ده‌پاڕایه‌وه‌ و هه‌مان ئه‌و وێردانه‌ی ده‌خوێند كه‌ له‌ چل ساڵ له‌وه‌به‌ره‌وه‌ ده‌یزانی، هێشتا ئاگای له‌ فریشته‌ نه‌بوو.
فریشته‌ قوڕگی ساف كرد و وتی: «ببووره‌؟»
مرێم لای كرده‌وه‌، ده‌تگوت له‌ مناڵێكی چه‌توون راماوه‌ كه‌ له‌گه‌ڵ هاوڕێكانیدا گره‌وی كردووه‌ بێت و گاڵته‌ به‌م پیره‌ژنه‌ داماوه‌ بكات، به‌ دڵشكاوییه‌وه‌ وتی: «به‌ڵێ؟»
ده‌تگوت چل ساڵه‌ هیچ كه‌سێك پێی نه‌خستۆته‌ ئه‌و ماڵه‌وه‌.
«تۆ مرێم میسریت؟»
مرێم ده‌سته‌كانی هێنایه‌ خواره‌وه‌ و رووی گرژ كرد.
«وام پێده‌ڵێن؟»
فریشته‌ له‌ ده‌سته‌پاچه‌ییدا برۆكانی به‌رزكرده‌وه‌. سه‌رێكی بادا و وتی:
«داوای لێبووردن ده‌كه‌م. تێناگه‌م.»
«ئه‌وانه‌ی چل ساڵ پێش ئێستا منیان تاوانبار كرد. ئێستا پێم ده‌ڵێن مرێم میسری!»
«به‌ چ تاوانێك؟»
مرێم بڵمه‌ بڵمێكی كرد و پرسیاره‌كه‌ی فریشته‌ی بێ وه‌ڵام هێشته‌وه‌.
فریشته‌ گێژ ببوو، ئه‌م پێ و ئه‌و پێی كرد. به‌ دوای رسته‌یه‌كی گونجاودا گه‌ڕا. سه‌ره‌نجام وتی: «نازانم. شتێكی ئه‌وتۆیان پێ نه‌وتووم.»
«تۆ نه‌وه‌ی كامیانی؟ قه‌سابه‌ ساخته‌چییه‌كه‌؟ پیره‌سه‌گه‌ گڵاوه‌كه‌؟ یان كوێخا حه‌رامزاده‌كه‌؟»
«من مناڵی كه‌س نیم.»
مرێم به‌ زه‌حمه‌ت قاچه‌ ئاوساوه‌كانی كۆكرده‌وه‌ و هه‌ڵسا بۆ ئه‌وه‌ی په‌نجه‌ره‌كه‌ دابخات. فریشته‌ بینی پشتی چه‌ماوه‌ته‌وه‌ و سه‌ری ده‌ڕوات و قنگی ناڕوات. وتی: «من راسپێردراوم ئه‌م نامه‌یه‌ به‌ مرێم میسری بگه‌یه‌نم. پێیان وتم لێره‌ ده‌ژی.»
«نامه‌؟»
«به‌ڵێ.»
مرێم كه‌ به‌ هانكه‌ هانك ماوه‌ی نێوان په‌نجه‌ره‌ و سیپاڵه‌كه‌ی ده‌بڕی پرسی:
«له‌لای چ كه‌سێكه‌وه‌؟»
فریشته‌ دوودڵ بوو.
«ها؟»
«له‌ جێگایه‌كه‌وه‌.»
«له‌ كوێوه‌؟»
«چ جیاوازییه‌كی هه‌یه‌؟»
مرێم له‌ ناوه‌ڕاستی رێگاكه‌دا وه‌ستا و به‌ تووڕه‌ییه‌وه‌ سه‌یری فریشته‌ی كرد.
«له‌ غه‌یبه‌وه‌.»
«چی؟»
«وتم له‌ غه‌یبه‌وه‌.»
مرێم، وه‌ك ئه‌وه‌ی ئاگر كه‌وتبێته‌ گیانی، چاوانی بچووك بوونه‌وه‌ و به‌ نیگایه‌كه‌وه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ی سه‌یری سووتێنه‌ریی قووڵایی دۆزه‌خ بكات، له‌ فریشته‌ ورد بۆوه‌.
«ناڕه‌وایه‌ ...» له‌ناكاو هاته‌وه‌ سه‌رخۆی و ده‌می داخست.
«چیت فه‌رموو؟»
مرێم كه‌ له‌ تووڕه‌یی و سه‌رسامیدا گێژ ببوو، سه‌یری ئه‌ملاولای خۆی كرد وتی: «وه‌ره‌ ئه‌و نانه‌م بده‌رێ.»
فریشته‌ رایكرد و یه‌ك نانی هه‌ڵگرت و دایه‌.
«ده‌ستم هێزی تیا نییه‌. پارچه‌یه‌كی لێ بكه‌ره‌وه‌ و بیخه‌ره‌ ده‌ممه‌وه‌.»
فریشته‌ به‌ قسه‌ی كرد. هه‌روا به‌و دوو سێ ددانه‌ تاك و لۆیه‌ی مابووی، نانه‌كه‌ی ده‌جوی، به‌ ده‌می پڕه‌وه‌ وتی: «له‌ غه‌یبه‌وه‌.»
فریشته‌ به‌سه‌ر ته‌ئیدی كرد: «به‌ڵێ، له‌ غه‌یبه‌وه‌.»
«نان ناخۆی؟»
«نه‌خێر، سوپاس.»
مرێم ده‌ستی بۆ فریشته‌ درێژكرد بۆ ئه‌وه‌ی یارمه‌تی بدات پاڵ بدات به‌ دیواره‌كه‌وه‌. كه‌ دانیشت، هه‌ردوو قاچی درێژ كرد، ئاهێكی هه‌ڵكێشا و وتی: «نامه‌كه‌م بده‌رێ.»
فریشته‌ به‌ زه‌وقێكی مناڵانه‌وه‌ وتی: «كه‌واته‌ تۆ مرێم میسریت؟»
«خوا مرێم میسری بباته‌وه‌! هیچ بنیاده‌مێك پێش من له‌م كاوله‌یه‌دا نه‌ژیاوه‌ و دوای منیش تیا ناژی. ته‌نیا منی به‌دبه‌ختم كه‌ ده‌بێت هه‌تا ده‌مرم له‌م كولانه‌ سه‌گه‌دا بژیم و جگه‌له‌ كه‌لامی خوا هیچ شتێكم به‌ زماندا نه‌یه‌ت و بۆ تاوانێكیش كه‌ نه‌مكردووه‌، شه‌و و رۆژ داوای به‌خشین بكه‌م. نامه‌ نه‌فره‌تییه‌كه‌م بده‌رێ.»
فریشته‌ له‌و هاواره‌ی پیره‌ژن به‌سه‌ریدا كردبووی تاسا بوو، له‌ به‌ینی په‌ڕه‌كانییه‌وه‌ پاكه‌تێكی نورانی ده‌رهێنا و دایه‌ ده‌ستی. مرێم سه‌یری زه‌رفه‌كه‌ی كرد. سه‌ره‌كه‌ی به‌رزكرده‌وه‌ و وتی: «شتێكی دیكه‌ش هه‌یه‌؟»
فریشته‌ به‌ هێواشی وتی: «نه‌خێر.»
خه‌ریك بوو ده‌ڕۆی كه‌ مرێم وتی: «ئه‌و دوو نانه‌ ببه‌ بۆ توێشووی رێگه‌ت.»
فریشته‌ ده‌رگاكه‌ی كرده‌وه‌ و وتی: «وتم هیچ ناخۆم.» له‌ شه‌قه‌ی باڵی دا و لێیدا رۆیشت.
مرێم زه‌رفه‌كه‌ی كرده‌وه‌، كاغه‌زه‌كه‌ی ناوی ده‌رهێنا و رێكی كرده‌وه‌. خه‌ته‌كه‌ی زۆر ورد بوو. چاوانی كرد به‌ كونه‌ سووژن. كاغه‌زه‌كه‌ی هێنایه‌ پێشه‌وه‌. بردیه‌ دواوه‌. خستییه‌ به‌ر رووناكییه‌كه‌. نه‌خێر. نه‌یده‌توانی بیخوێنێته‌وه‌. ته‌واو پیر ببوو.

سه‌رچاوه‌: Nebesht.com 

گه‌رماوی خێزانی شه‌وابییه‌كان


هێرتا مۆلێر


شه‌وی شه‌ممه‌یه‌. زۆپای گه‌رماوه‌كه‌ سوور بۆته‌وه‌ و ورگی داوه‌ وه‌كو پاره‌. په‌نجه‌ره‌ی هه‌واكێشه‌كه‌ توند داخراوه‌. ئێرنی بچكۆله‌ی ته‌مه‌ن دوو ساڵ له‌ هه‌وای به‌فره‌كه‌دا رچیبوو. دایكی به‌ شۆرتێكی كۆن پشتی ئێرنی بچكۆله‌ ده‌شوات. ئێرنی بچكۆله‌ ده‌گری و ئارام نابێته‌وه‌، دایكی له‌ناو بانیۆكه‌دا به‌رزی ده‌كاته‌وه‌. نه‌نكی ده‌ڵێت، به‌رخۆله‌كه‌م. ئاخر مناڵی وا بچكۆله‌ نابرێته‌ گه‌رماو. دایك ده‌چێته‌ ناو بانیۆكه‌وه‌. ئاوه‌كه‌ هێشتا گه‌رمه‌. سابوونه‌كه‌ كه‌ف ده‌كات. دایك به‌ لفكه‌ توێژاڵی چڵكی پشتی داده‌ماڵێت. توێژاڵی چڵكه‌كه‌ی سه‌رئاو ده‌كه‌وێت. ده‌وری بانیۆكه‌ ئه‌ڵقه‌یه‌كی زه‌رده‌. دایك له‌ بانیۆكه‌ دێته‌ ده‌ره‌وه‌. ئاوه‌كه‌ هێشتا گه‌رمه‌. دایك بانگی باوكی ئێرنی ده‌كات. باوك ده‌چێته‌ بانیۆكه‌وه‌. ئاوه‌كه‌ گه‌رمه‌. سابوونه‌كه‌ كه‌ف ده‌كات. باوك چڵكی سنگی لێده‌كاته‌وه‌، توێژاڵی چڵكی دایك و باوك سه‌رئاو ده‌كه‌ون. ئه‌ڵقه‌ی ده‌وری بانیۆكه‌ قاوه‌یی ده‌بێت. باوك له‌ بانیۆكه‌ دێته‌ده‌ره‌وه‌. ئاوه‌كه‌ هێشتا گه‌رمه‌. باوك نه‌نكی ئێرنی بانگ ده‌كات. دایه‌گه‌وره‌ پێ ده‌خاته‌ ناو بانیۆكه‌وه‌. ئاوه‌كه‌ شله‌تێنه‌. سابوونه‌كه‌ كه‌ف ده‌كات. دایه‌گه‌وره‌ توێخی بچووكی چڵك له‌ شانی داده‌ماڵێت. توێژاڵی چڵكی دایك و باوك و نه‌نك سه‌رئاو ده‌كه‌ون. ئه‌ڵقه‌ی ده‌وری بانیۆكه‌ ره‌ش بووه‌. دایه‌گه‌وره‌ له‌ بانیۆكه‌ دێته‌ده‌ره‌وه‌. ئاوه‌كه‌ هێشتا شله‌تێنه‌. مێرده‌كه‌ی بانگ ده‌كات. بابه‌گه‌وره‌ ده‌چێته‌ ناو بانیۆكه‌وه‌. ئاوه‌كه‌ سارده‌. سابوونه‌كه‌ كه‌ف ده‌كات. بابه‌گه‌وره‌ چڵكی ده‌ستی داده‌ماڵێت. چڵكی بابه‌گه‌وره‌، له‌گه‌ڵ چڵكی دایك و باوك و دایه‌گه‌وره‌ سه‌رئاو ده‌كه‌وێ. دایه‌گه‌وره‌ ده‌رگای گه‌رماوه‌كه‌ ده‌كاته‌وه‌. سه‌یری بانیۆكه‌ ده‌كات. بابه‌گه‌وره‌ نابینێت. ئاوه‌ ره‌شه‌كه‌ شڵپ شڵپ له‌ قه‌راغی ره‌شه‌وه‌بووی بانیۆكه‌وه‌ ده‌ڕژێت. دایه‌گه‌وره‌ بیرده‌كاته‌وه‌ بابه‌گه‌وره‌ له‌ناو بانیۆكه‌دایه‌. دایه‌گه‌وره‌ له‌ دوای خۆیه‌وه‌ ده‌رگای گه‌رماوه‌كه‌ داده‌خات. بابه‌گه‌وره‌ ئاوی بانیۆكه‌ به‌تاڵ ده‌كاته‌وه‌. توێژاڵی ئاوێته‌ی چڵكی له‌شی دایك و باوك و دایه‌گه‌وره‌ و بابه‌گه‌وره‌ ده‌خولێته‌وه‌ و له‌گه‌ڵ ئاوی بانیۆكه‌دا دێته‌ ده‌ره‌وه‌.
خێزانی شه‌وابییه‌كان تازه‌ كوڵ و حه‌مامیان كردووه‌ و خۆشحاڵن له‌به‌ر ته‌له‌فزیۆندا داده‌نیشن. خێزانی شه‌وابییه‌كان تازه‌ كوڵ و حه‌مامیان كردووه‌ و خۆشحاڵن چاوه‌ڕێن، سه‌یری فیلمی سینه‌مایی شه‌وی شه‌ممه‌ بكه‌ن.

سه‌رچاوه‌:  morour.org
له‌ فارسییه‌وه‌: محه‌مه‌د كه‌ریم

بابەتە پەیوەندیدارەکان