فیلمی كۆری parasite

09:46 - 2022-03-31
ئەدەب و هونەر
488 جار خوێندراوەتەوە

ئاكار قه‌ره‌داغی

كۆریای باشوور، مێژووییه‌كی پڕ له‌ داگیركاریی و جه‌نگی هه‌یه‌، نیوه‌ی دانیشتووانه‌كه‌ی نه‌خۆش بوون و له‌ژێر هێڵی هه‌ژاریدا ده‌ژیان. تاكه‌ سه‌رچاوه‌ی ژیانیان راوه‌ ماسی بوو. له‌ ماوه‌یه‌كی كه‌مدا  بوو به‌و وڵاته‌ی پێشبڕكێی ئابووری و پیشه‌سازی بكات. سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیست، له‌لایه‌ن ژاپۆنه‌وه‌ و داگیركرا. تا كۆتایی دووه‌م جه‌نگی جیهان هه‌ر وا مایه‌وه‌. پاش جه‌نگ كۆریای باشوور ئازاد كرا، به‌ڵام نه‌هامه‌تییه‌كانی به‌رده‌وام بوون. جه‌نگی نێوخۆی كۆریا له‌ نێوان ساڵانی 1950-1953 دا به‌رپابوو. به‌مه‌ش جه‌نگی ساردی نێوان هه‌ردوو بلووكی رۆژئاوا و رۆژهه‌ڵات، به‌ سه‌رۆكایه‌تیی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا و یه‌كێتی سۆڤێت له‌و وڵاته‌دا هێلانه‌یه‌كی بۆ خۆی دۆزییه‌وه‌ و كاریگه‌ریی گه‌وره‌ی له‌سه‌ر كۆریای باكوور و باشووردا به‌جێهێشت. (1961) و پاش هاتنه‌سه‌ركاری (پارك جۆنگ هی)، یه‌كه‌م جار كۆریا رووه‌كانی پێشكه‌وتن و شارستانی به‌خۆوه‌ بینی. ئه‌ویش پاش گرنگی دان به‌ خوێندن و پیشه‌سازیی هه‌مه‌لایه‌نه‌. ئه‌م پێشكه‌وتنه‌ش پاشتر بوونه‌ مایه‌ی له‌دایكبوونی چه‌ندین كۆمپانیای زه‌به‌لاحی جیهان له‌و وڵاته‌دا، له‌وانه‌ش كۆمپانیاكانی (LG, samsung, hyundai).  كۆرییه‌كان به‌وه‌وه‌ نه‌وه‌ستان. پاش سه‌ركه‌وتنییان له‌ دۆزینه‌وه‌ی پێگه‌یه‌كی گرنگ له‌ ئابووری و پیشه‌سازی جیهاندا به‌و به‌رهه‌مه‌ كۆرییانه‌، هه‌وڵیان خسته‌ گه‌ڕ بۆ ئه‌وه‌ی كه‌لتوور و زمانی خۆیان به‌ جیهانی ده‌ره‌وه‌ بناسێنن.
سینه‌مای كۆری، به‌گشتی، ره‌نگدانه‌وه‌ی تێكڕای هه‌لومه‌رجه‌كانی ئه‌و وڵاته‌ و گۆڕانكارییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و ئابوورییه‌كانییه‌تی. یه‌كێك له‌و خاڵانه‌ی له‌و بواره‌دا ده‌كرێ ئاماژه‌ی پێ بكه‌ین بایه‌خدانی ئه‌و سینه‌مایه‌یه‌ به‌سێكس، ته‌نانه‌ت له‌ ده‌ره‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌ خێزانییه‌كانیشدا. به‌شێك له‌ فیلم و دراماكانیان وه‌رگێڕدرانه‌ سه‌ر چه‌ندین زمانی جیهانی، بیرۆكه‌ی چه‌ند درامایه‌كی كۆریش له‌وانه‌The Good Doctor  كرایه‌ بناغه‌ی درامایه‌كی سه‌ركه‌وتووی ئه‌مریكی. كۆریا توانی له‌ ماوه‌ی 20 ساڵدا  نه‌ك ته‌نها هونه‌ره‌كه‌ی خۆی پێش بخات، به‌ڵكو توانی پێشبڕكێ له‌گه‌ڵ وڵاته‌پێشكه‌وتووه‌ به‌رچاوه‌كانی ئه‌م بواره‌شدا بكات. 

ناسنامه‌ی فیلم
فیلمێكی درامی و كۆمیدیای ره‌شی كۆریای باشـووره‌ زاراوه‌ی « كۆمیدیای ره‌ش» به‌و جۆره‌ كۆمیدیایه‌ ده‌گوترێ كه‌ مۆركی گشتیی مایه‌ی پێكه‌نینی بینه‌رێتی، به‌ڵام له‌سه‌ر بنه‌مای ره‌خنه‌ی پلار و ته‌نانه‌ت داشۆرینیش بنیات نراوه‌. ئه‌و بابه‌تانه‌ی ئه‌م جۆره‌ كۆمیدیایه‌ چاره‌سه‌ری ده‌كات به‌ گشتی تابۆ، قه‌ده‌غه‌ن و نابێ توخنیان كه‌ون، وشه‌ی « ره‌ش» یش به‌و مانایه‌یه‌ كه‌ سه‌ره‌ڕای لایه‌نه‌ كۆمیدییه‌ زاڵه‌كه‌شی، به‌ڵام بینه‌ر غه‌مبار ده‌كات. ساڵی (2019) به‌رهه‌م هێنرا و ده‌رهێنانی (بۆنگ جۆن هو) و پاڵه‌وانییه‌تی (چۆ یو جۆنگ، چۆی وو شیك، سۆنگ كانگ هو، لی سۆن كیون)ه‌، سیناریۆی فیلم له‌لایه‌ن (بۆنگ جۆن هو، هان جین وۆن) ه‌وه‌ نووسراوه‌، كۆمپانـیاكانی(CJ Entertainment, Barunson E&A) به‌رهه‌می هێناوه‌ و ماوه‌كه‌ی 132 خوله‌كه‌، تێچووی فیلم 13 ملیۆن دۆلار و داهاتی 204 ملیۆن دۆلار بووه‌، یه‌كه‌م په‌خشی ئه‌م فیلمه‌ له‌ كۆڕبه‌ندی (كان)ی سینه‌مایی بوو.

چیرۆكی فیلمه‌كه‌
فیلمه‌كه‌ باسی خێزانێكی هه‌ژار ده‌كات (كیم) ی باوك، (چۆنگ سوك)ی دایك، (كی جۆنگ)ی كچ و (كی وو)ی كوڕ، ئه‌م خێزانه‌ له‌ ژێرزه‌مینی باڵه‌خانه‌یه‌كی بچووكدا ژیان به‌سه‌رده‌به‌ن. كاریان ئاماده‌كردنی پاكه‌تی پیتزایه‌ به‌شێوه‌یه‌كی كاتی بۆ خواردنگه‌یه‌ك به‌رامبه‌ر پاداشتێكی كه‌م كه‌ ته‌نانه‌ت ناتوانن ئینته‌رنێتێكی سه‌ربه‌خۆی بۆ خۆیان پێ دابین بكه‌ن.
خێزانی كیم رۆژانه‌ له‌ هه‌وڵدان بۆ دابینكردنی پێداویستییه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی ژیان. له‌و كاته‌دا كه‌ خۆیان به‌دوای رێگاچاره‌یه‌كدا بۆ ده‌ربازبوون له‌و هه‌ژارییه‌ی به‌رۆكی گرتوون ده‌گه‌ڕێن، مین هیوك، كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ براده‌ره‌كانی كی وو، پێشنیازی ئه‌وه‌ی بۆ ده‌كات وه‌كو مامۆستای تایبه‌تی زمانی ئینگلیزی لای خێزانی پارك، كه‌ خێزانێكی ده‌وڵه‌مه‌ندن كار بكات. هه‌ر چه‌نده‌ كی وو بڕوانامه‌ی نییه‌، به‌ڵام بڕوانامه‌ی ساخته‌ی بۆ دروست ده‌كه‌ن. پاش ئه‌وه‌ی یۆن كیو خێزانی پارك قسه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌كات و شێوازی وانه‌ وتنه‌وه‌ی به‌دڵ ده‌بێت، ده‌ست به‌كاره‌كه‌ی ده‌كات.
به‌وه‌رگرتنی كی وو وه‌كو مامۆستا لای خێزانی پارك، به‌شێكی نوێی فیلم ده‌ستپێده‌كات. خێزانی كی وو وه‌كو مشه‌خۆرێك خۆیان ده‌خزێننه‌ نێو خێزانی پاركه‌وه‌ و به‌شێوه‌یه‌ك خۆیان ده‌رده‌خه‌ن كه‌ یه‌كدی ناناسن، پاش نزیكبوونه‌وه‌ و تێكه‌ڵبوونییان له‌گه‌ڵ خێزانی پارك قۆناغێكی توندتر ده‌ستپێده‌كات په‌یوه‌ندی به‌نهێنییه‌كانی ماڵی خێزانی پاركه‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ به‌ ته‌واوه‌تی كه‌سایه‌تییه‌كان ده‌گۆڕێت و چه‌ندین دیمه‌نی سه‌یر و چاوه‌ڕوان نه‌كراو له‌خۆده‌گرێت و ته‌واو جیاوازه‌ له‌ سه‌ره‌تای ده‌سپێكی فیلم.

لایه‌نی هونه‌ریی فیلمه‌كه‌
فیلمی پاراسایت– واته‌ مشه‌خۆر، یا مێمڵ - سه‌ركه‌وتووانه‌  كۆمیدیای ره‌ش به‌رجه‌سته‌ ده‌كات. ئه‌م جۆره‌ چاره‌سه‌ركردنه‌، نه‌ك ته‌نها له‌ كۆریا، به‌ڵكو له‌ سه‌رتاسه‌ری جیهاندا كه‌مه‌. به‌شێوه‌یه‌كی گشتی رووداوه‌كانی فیلم و ساته‌ جیاوازه‌كانی چیرۆكه‌كه‌ی جیاوازی نێوان چینه‌كانی كۆمه‌ڵ ده‌خه‌نه‌ڕوو. وێڕای ئه‌وه‌ش، وه‌كو تاقیكردنه‌وه‌یه‌كی ده‌روونیی ناوازه‌ خراوه‌ته‌ پێش چاوی بینه‌ره‌وه‌، كه‌ له‌ رێگه‌ی گۆڕانی هه‌لومه‌رج و لێكه‌وته‌كانیه‌وه‌ و سه‌لماندنی ئه‌و راستییه‌شه‌ كه‌ ده‌كرێت هه‌ڵه‌یه‌كی گه‌وره‌ی كوشنده‌ له‌ شتێكی بچووك، یاخود گاڵته‌یه‌كه‌وه‌ ده‌ستپێبكات، به‌ڵام به‌رده‌وام بوون له‌سه‌ری به‌ره‌و تاوانی گه‌وره‌ مرۆڤ په‌لكێش بكات.
ره‌نگدانه‌وه‌ی دابونه‌ریت و كه‌لتوری كۆریا له‌م فیلمه‌دا گه‌وره‌ و روون و به‌هێزه‌. چ له‌ داڕشتنی هونه‌ری و سه‌ركه‌وتووانه‌ی فیلمه‌كه‌ و چ له‌شێوازی هه‌ڵسوكه‌وتی چینه‌ جیاوازه‌كانی كۆمه‌ڵ له‌ فیلمه‌كه‌دا، به‌وه‌ی ئه‌و بارگرانییانه‌ی به‌ ئه‌ستۆی هه‌ژاره‌كانه‌وه‌یه‌، ره‌نگه‌ هێندێك جار به‌ره‌و چاوچنۆكییان په‌لكێش بكات. ئه‌م دیمه‌نه‌ به‌راورد به‌ خۆشگوزه‌رانی ده‌وڵه‌مه‌ندان تا ئه‌و راده‌یه‌ی ته‌نانه‌ت ژێرزه‌مینی تایبه‌ت له‌ ماڵه‌كانییان دروست ده‌كه‌ن بۆ پاراستنیان له‌ كاتی هه‌ڵگیرسانی جه‌نگ له‌ نێوان هه‌ردوو كۆریادا، كه‌ له‌ راستیشدا ئه‌م ئه‌گه‌ره‌ به‌هۆی دیكتاتۆرییه‌تی رێبه‌ر و رژێمی كۆریای باكووره‌وه‌ كراوه‌یه‌، به‌ڵام چاره‌سه‌ری هونه‌رییانه‌ی ئه‌م فیلمه‌ ده‌لاله‌تی گرنگی له‌و بواره‌دا پێده‌به‌خشێ. سه‌رجه‌می ئه‌و لایه‌نانه‌ش هه‌م له‌ باشتر گه‌یاندنی په‌یامی سه‌ره‌كیی فیلم و هه‌م له‌ پیاده‌كردنی بنه‌ما هونه‌رییانه‌ی چه‌مكی « كۆمیدیای ره‌ش» یشدا رۆڵی گرنگیان هه‌یه‌.
(بۆنگ جۆن هو)ی ده‌رهێنه‌ر زۆر سه‌ركه‌وتوانه‌ توانی رووداوه‌كان و په‌یامی گشتیی فیلمه‌كه‌ ئامێته‌ی یه‌ك بكات، له‌گه‌ڵ به‌رجه‌سته‌كردنی ورده‌كارییه‌كانی فیلم، به‌كاریگه‌رییه‌كانی ره‌نگ و ده‌نگ ودابه‌شبوونی هونه‌رییانه‌ی سایه‌ و رووناكیشه‌وه‌. له‌ رێگه‌ی هه‌ڵبژاردنی ئه‌كته‌ر، له‌لایه‌كه‌وه‌ و شوێن و گرته‌ و دیمه‌نه‌كانیشه‌وه‌ له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌، توانی كارێكی پڕ هارمۆنیی تۆكمه‌ بخاته‌ به‌ر دیده‌ی بینه‌ران و پێش ئه‌وانیش سینه‌ماكاران و ره‌خنه‌گرانی ئه‌م بواره‌وه‌. سه‌یریش نییه‌ تێكڕای ئه‌مانه‌ ببنه‌ هۆكاری وه‌ده‌ستهێنانی چه‌ندین خه‌ڵاتی گرنگ، كه‌ زۆر به‌ كه‌می فیلمیكی بیانی – به‌ زمانی نێوه‌نده‌ جیهانییه‌كانی هه‌ڵسه‌نگاندنی فیلم – توانیویه‌تی وه‌ده‌ستیان بێنی، له‌وانه‌ش خه‌ڵاتی ئۆسكار بۆ باشترین ده‌رهێنه‌ر. بۆنگ جۆن هو، به‌م فیلمه‌ی جارێكی دیكه‌ لێهاتوویی خۆی سه‌لمانده‌وه‌ و توانی دوو خه‌ڵاتی دیكه‌ی ئۆسكار بۆ باشترین سیناریۆ و باشترین فیلم به‌ده‌ستبهێنێت، یه‌كه‌میان له‌گه‌ڵ هان جین وۆن ودووه‌میش به‌ هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ كواك سین ئه‌ی. به‌گشتیش، ئه‌م فیلمه‌ چوار خه‌ڵاتی ئۆسكاری برده‌وه‌ ئه‌وانیش (باشترین فیلم، باشترین فیلم به‌زمانێكی بیانی – نا ئینگلیزی– باشترین ده‌رهێنه‌ر وباشترین سیناریۆ) و ئه‌م فیلمه‌ به‌ كرده‌وه‌ یه‌كه‌مین فیلمی نا ئینگلیزی بو كه‌ خه‌ڵاتی ئۆسكاری بۆ باشترین فیلم برده‌وه‌.
شان به‌شانی ده‌رهێنه‌ر ئه‌كته‌رانی فیلم رۆڵێكی كاریگه‌رییان بینی له‌ سه‌ركه‌وتنی ئه‌م به‌رهه‌مه‌ به‌ له‌به‌رچاوگرتنی لایه‌نی ئه‌كادیمی، وردی له‌ نواندن و لێكتێگه‌یشتن و مامه‌ڵه‌ی گونجاو له‌ جووڵه‌ و تێكسته‌كان و گوزارشتی له‌ش و ده‌موچاو به‌هاوسه‌نگی له‌گه‌ڵ رووداوه‌كانی فیلم.
به‌شێوه‌یه‌كی گشتی ئه‌م فیلمه‌ شۆڕشێكی نوێ بوو له‌ جیهانی سینه‌مادا پاش ئه‌و سه‌ركه‌وتن و ناوبانگه‌ی وه‌ده‌ستی هێنا. شایانی ئه‌وه‌شه‌ به‌و گۆشه‌ نیگایه‌ش ئاوڕی لێ بدرێته‌وه‌ كه‌ جۆنی ده‌رهێنه‌ر نموونه‌یه‌كی دیكه‌ی شێلگیرییه‌ له‌ مێژووی كۆریادا له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی وێڕای ئه‌و كاره‌ساتانه‌ی به‌سه‌ریدا هاتوون و لێیان ده‌رباز بوون، رێگه‌ی خۆشیان به‌ویستێكی پۆڵایینه‌وه‌ به‌ره‌و داهاتووی گه‌شه‌سه‌ندن و پێشكه‌وتنی راسته‌قینه‌ بڕیوه‌. ئه‌مه‌ هه‌نگاوێكی بوێرانه‌ی ئه‌و پێشكه‌وتنه‌ هه‌مه‌لایه‌نه‌یه‌ كه‌ ئه‌و وڵاته‌ له‌ بواری زانست و پیشه‌سازی و هونه‌ردا به‌ده‌ستیهێناوه‌ و ئه‌وه‌مان بۆ ده‌سه‌لمینێت كه‌ مه‌حاڵ له‌لای كۆرییه‌كان نییه‌.

بابەتە پەیوەندیدارەکان