له توركییه‌وه: فه‌رهاد چۆمانی
«هه‌رشتێك كه له دوای منه‌وه جێده‌مێنێت... ده‌فته‌ره‌كان، ده‌ستنووسه‌كان، نامه‌كان، هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی هی من بوون و ئه‌وانه‌ی له‌وانی تره‌وه بۆم هاتن، ئه‌و هێنده ره‌شنووسه‌ی هه‌مبوون هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی لای تۆ و ئه‌وانی ترن و هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی تۆ بۆ من له‌وانی تر ده‌یسه‌نیته‌وه نووسین و تێبینییه‌كانم، به‌بێ ئه‌وه‌ی بخوێنرێنه‌وه، تاوه‌كو دوایین لاپه‌ڕه، بسووتێنرێن.»
له‌سه‌ر جێخه‌وی مه‌رگ، هه‌ر ته‌نیا ئێسك و پێست ماوه، هێز لێبڕاو، ناتوانێ بدوێت، هه‌ناسه‌ی هه‌ر ده‌ڵێی ژیانی ده‌كۆكێنێته دوور، ئاوا كز و پڕ لرخه‌یه. كافكا، به‌هۆی ئه‌و تێبینییه ئاڵۆزانه‌ی له‌سه‌ر پسووڵه نووسرا بوون له‌گه‌ڵ دۆرا دیامانت و پزیشكه‌كانی په‌یوه‌ندی ده‌كرد. ماكس برود ده‌یگوت: ئه‌و تێبینییانه‌ی ته‌نیا چه‌ند ئاماژه‌یه‌ك بوون. پاشماوه‌كه‌ی هاوڕێیان ته‌خمینیان ده‌كرد.
ئه‌گه‌ر چاوێك به‌و كۆمه‌ڵه چیرۆكه ره‌شبین و كورتانه‌ی كافكادا كه به ناونیشانی «هونه‌رمه‌ندی برسێتی» وه‌ك دوایین به‌رهه‌می خۆی نووسیویه‌تی بخشێنینه‌وه، ده‌بینین وزه‌ی ژیانی نه‌ماوه و هه‌ر بۆیه برود فشاری له به‌ڵاڤۆكه‌كه‌ی كافكا كردووه بۆ ئه‌وه‌ی هه‌رچی زووتر بڵاویان بكاته‌وه. ناوی كتێبه‌كه‌ش له پاڵه‌وانێكی كافكاوه‌یه كه هه‌ر ته‌نیا ئێسك و پێست ماوه‌ته‌وه و له نێو قه‌فه‌زی سێركدا مان له خواردن ده‌گرێت. هه‌ستی پێ نه‌كراوه و رێزی لێنه‌گیراوه.
خۆشه‌ویسته‌كه‌ی كافكا و مێلینا ژێنسێسكا، وه‌رگێڕه چیكییه‌كه‌ی جارێك وه‌ها بۆ بۆرد ده‌نووسن: «زوهدی كافكا ته‌واو ترسنۆكانه‌یه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا له نێو ئه‌م حه‌قیقه‌ته‌دا هه‌رچی گه‌وره‌تره باڵاتر.»
چه‌ندین ساڵ به‌ر له‌وه‌ی نه‌خۆشییه‌كه ته‌نگ به كافكا هه‌ڵبچنێت برود نهێنییه‌كه‌ی له‌سه‌ر روو هه‌ڵماڵی و گوتی كه خوێنبه‌ربوونه‌كه‌ی جگه‌ری هه‌م وه‌ك سزا هه‌م وه‌ك ره‌هابوونی ده‌بینێت. نووسه‌ر له نووسینێكیدا له ساڵی 1917دا به ناونیشانی «ئه‌مڕۆ ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی به‌رانبه‌ر سیل هه‌مه« ده‌نووسێت: «هاوشێوه‌ی ئه‌و منداڵه‌ی به‌دامێنی دایكییه‌وه ده‌نووسێت.» برود نه‌خۆشییه‌كه‌ی كافكا وێنا ده‌كات و له رۆژنڤیسكه‌كه‌یدا ده‌نووسێت: «كافكا پێیوایه ریشه‌ی نه‌خۆشییه‌كه‌ی باری رۆحییه. نه‌خۆشییه‌كه‌ی بۆ ئه‌و وه‌ك رزگارییه له هاوسه‌ریی.» كاتێك نه‌خۆشییه‌كه‌ی كافكا ده‌ستنیشان ده‌كرێت، برود «له نێو خه‌مگینیدا دڵخۆشیت.» وای پێ ده‌ڵێت. هه‌ر برود ده‌بێت به‌بێ ئاگاداری كافكا قسه له‌گه‌ڵ پزیشكان ده‌كات و پێ‌داگر ده‌بێت له‌وه‌ی پزیشكی قوڕگ و لووت و گوێ بیبینێت و له هۆڵی چاوه‌ڕوانی له‌گه‌ڵیدا ده‌بێت. كافكا وه‌ك ئه‌وه‌ی باسی كه‌سی سێیه‌م بكات ئاوا باسی خۆی ده‌كات و بۆ ماكس برود دان به‌وه‌دا ده‌نێت كه له مه‌رگ ده‌ترسێت «تا بڵێی له مه‌رگ ده‌ترسا، چونكه تاوه‌كو ئه‌وكات ئه‌زموونی نه‌كردبوو.»
كافكا به ماوه‌یه‌كی كه‌م به‌ر له پێنانه 41 ساڵی، له ژووره تایبه‌ته‌كه‌ی به‌ژماره 12 و له نه‌خۆشخانه‌ی نه‌خۆشییه‌كانی سینگ كۆچی دوایی كرد. ته‌رمه‌كه‌ی دوای هه‌فته‌یه‌ك، له 11حوزه‌یرانی ساڵی 1924دا، له دوانیوه‌ڕۆی رۆژی چوارشه‌ممه‌دا له مه‌زاری نوێی جووه‌كان له پڕاگ به‌ڕێوڕه‌سمێكی نه‌ریتی نێژرا .
به‌ر له‌وه‌ی بمرێت
كافكا به‌ر له‌وه‌ی بمرێت، كۆمه‌ڵێ شتی هاوشێوه له ژیانیدا هه‌بوون، كه دوای مه‌رگی ئه‌و په‌یوه‌ست به‌ناوی كافكاوه ئاشكرا بوون. نووسه‌ری پراگی فرانز وێرفێل له نامه‌یه‌كیدا بۆ كافكا، كه رێكه‌وتی له تشرینی دووه‌می 1915ی به‌سه‌ره‌وه‌یه ده‌نووسێت: «كافكای خۆشه‌ویست، هێنده ساده، نوێ، سه‌ربه‌خۆ و كامڵیت، پێویست ده‌كات وه‌ها مامه‌ڵه‌ت له‌گه‌ڵدا بكرێت كه زۆر ده‌مێك بێت مردبێتی و به نه‌مری گه‌یشتبیت.» هه‌روه‌ها میلێنا كه هه‌واڵی مه‌رگی كافكا ده‌بیستێت: «به چاوێكی هێنده كراوه‌وه سه‌رنجی دنیای ده‌دا، كه نه‌یتوانی زیاتر به‌رگه‌ی بگرێت.» وا ده‌نووسێت.
ئه‌ده‌بی كافكا ناوبانگی بۆ په‌یدا نه‌كرد و خه‌ڵاتی ئه‌ده‌بی به‌هۆیه‌وه به‌ده‌ست نه‌هێنا. وه‌ك چۆن خۆیان له ناساندنی كۆمه‌ڵایه‌تییانه ده‌دزییه‌وه، به‌هه‌مان شێوه له نێو دنیای ئه‌ده‌بیدا له‌باره‌ی كافكاوه هیچ چاوه‌روانییه‌كان نه‌بوو له‌مه‌ڕ نه‌وه‌كانی داهاتوو فه‌زڵی كافكا به‌سه‌ر هاوچه‌رخه‌كانی خۆیاندا بده‌ن. ئه‌و نووسینانه‌ی بڵاویكردبوونه‌وه به‌بێ ئه‌وه‌ی ناوبانگێك په‌یدا بكات تێپه‌ڕی بوون. بۆ نموونه كاتێك دووه‌م هه‌ڵبژارده‌ی چیرۆكه‌كانی «پزیشكێ لادێ» بڵاوكرایه‌وه (له ساڵی 1920 له‌لایه‌ن كورت وۆڵفه‌وه بڵاوكرایه‌وه) ته‌نیا یه‌ك وتاری له‌سه‌ر نووسرا. كافكا هیچ شتێكی له‌به‌رانبه‌ر ئه‌و نائومێدیه نه‌كرد كه بڵاوكار و برود تووشی بوون و بۆ ئه‌مه‌ش هیچ هه‌نگاوێكی نه‌نا بۆ گۆڕینی ئاڕاسته‌كه‌ی خۆی. كورت وۆڵد له تشرینی دووه‌می 1921 بۆ كافكا ده‌نووسێت: «هیچ كام له‌و نووسه‌رانه‌ی سه‌ر به ئێمه‌ن هێنده‌ی تۆ به كه‌می خواستیان له‌سه‌ر نییه و پرسیاریان له‌باره‌یانه‌وه ناكرێت، هه‌ستی ئه‌وه دامان ناگرێت چاره‌نووسی ئه‌و كتێبانه‌ی تۆ كه بڵاومان كردۆنه‌ته‌وه هاوشێوه‌ی خۆت په‌یوه‌ست بێت به‌پرسی گرنگی پێنه‌دانه‌وه. ئه‌گه‌ر به‌تێپه‌ڕبوونی كات چیرۆك یاخود رۆمانی درێژترمان بۆ بنێرن. چونكه ئه‌م جۆره له رێگه‌ی تۆ و ماكس بروده‌وه ده‌زانین ئه‌م جۆره له ره‌شنووسانه‌تان ته‌واو كراون یاخود كۆتاییان پێ هاتووه سوپاسگوزار ده‌بین.»
كافكا هه‌رگیز وه‌ڵامی ئه‌و نامه‌یه‌ی نه‌دایه‌وه
برود مردنی ناوه‌ختی كافكا به«كاره‌سات» ناوده‌بات و له‌باره‌ی هاوڕێكه‌ی، كه به «په‌رجووی دنیایی» ده‌داته ناسین و بیست و دوو ساڵ هاوه‌ڵ بوون ده‌ڵێ»ببووه كۆڵه‌كه‌ی بوونم» دێته سه‌ر ته‌رمه‌كه‌ی له گۆڕستان و به‌ده‌م مه‌دحه‌وه ده‌ڵێت وه‌ك په‌یامبه‌رێك كه رۆحی خودا تیایدا ته‌جه‌لی بووبێت ده‌دره‌وشێته‌وه.
له سه‌روبه‌ندی پشكنینی كه‌لوپه‌له‌كانی تایبه‌ت به‌كافكادا، برود ده‌چێته سه‌ر مێزه‌كه‌ی و له‌نێو چه‌كمه‌جه‌كانیدا، له ژێر قه‌ڵه‌می نووك شكاو و په‌روشوبڵاوی نێویدا دوو نووسراو ده‌دۆزێته‌وه.
ماكسی خۆشه‌ویست، دوایین ئاره‌زووم: هه‌رشتێك كه له دوای منه‌وه جێده‌مێنێت... ده‌فته‌ره‌كان، ده‌ستنووسه‌كان، نامه‌كان، هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی هی من بوون و ئه‌وانه‌ی له‌وانی تره‌وه بۆم هاتن، ئه‌و هێنده‌ی ره‌شنووسه‌ی هه‌مبوون هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی لای تۆ و ئه‌وانی ترن و هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی تۆ بۆ من له‌وانی تر ده‌یسه‌نیته‌وه نووسین و تێبینییه‌كانم، به‌بێ ئه‌وه‌ی بخوێنرێنه‌وه، تاوه‌كو دوایی.
سەرچاوە: https://oggito.com