پاشماوەی تیشكەكە و نووسینەكانی سەردەمی ئەنگوستەچاو

10:16 - 2022-10-11
کەلتور
351 جار خوێندراوەتەوە

كوردەوان محەمەد سەعید

هیشام ئەلهاشمی تیشكێكی گەورە بوو لە ئاسۆی عیراقی نوێدا، ئێستاش پاشماوەی ئەو تیشكە كتێبێكە بە ناوی (بقیە الچو‌و كتابات فی زمن العتمە) كە ساڵی 2021 لە لوبنان چاپ كراوە، ئەم كتێبە ئەنجومەنی راوێژكاری عیراق و رێكخراوی كۆنراد ئەدیناوەری ئەڵمانی بە هاوبەشی بە چاپیان گەیاندووە، قەبارەی كتێبەكە گەورەیە و لە 400 لاپەڕەدا 113 وتاری هیشامی لەخۆ گرتووە كە تایبەتن بە بارودۆخی ئاسایشی عیراق و وردەكاری زۆر گرنگ لە بارەی رێكخراوە تیرۆریستییەكانی وەك ئەلقاعیدە و داعش.
هیشام ئەلهاشمی توێژەری پسپۆڕ لە بواری ئاسایش و ئایدیۆلۆژیا و جوڵانەوە پەڕگیرەكاندا، ساڵی 1973 لەدایك بووە و بەكالۆریۆسی لە كارگێڕی و ئابووریدا بەدەست هێناوەو دواتر ماستەریشی لە بواری مێژوودا بەدەست هێناوە، كتێبێكی هەیە بە ناوی جیهانی داعش و نزیكەی هەزار وتاریشی لە رۆژنامە عەرەبی و جیهانییەكاندا هەر لەو بارەیەوە بڵاو كردۆتەوە، وەك توێژەر و لە هەمان كاتدا وەك رۆژنامەنووس كاری دەكرد، ئەم رۆژنامەنووسە لێهاتووە رۆژی شەشی تەمووزی 2020 لەبەردەم ماڵەكەی خۆیدا لە نزیك ناوچەی سەوزی بەغدا كوژرا، هاشم بەوە ناسرابوو كە كەسێكی ئەكادیمی و پڕ زانیاریی بوو، بە تایبەت لە بوارەكەی خۆیدا، واتە ئاسایشی عیراق و مەترسی گروپە تیرۆریستییەكان كە تیایدا قاڵ ببووەوە و پسپۆڕی بەدەست هێنابوو.

رەفتارەكانی داعش
لەم كتێبەیدا كە پاشماوەی تیشكەكانییەتی و جەمال ئەلفەیاز وتارەكانی بۆ كۆكردۆتەوە، زیاتر جەخت لە رێكخراوی تیرۆریستی داعش و شەڕ و بەرەنگاربوونەوەی عیراقییەكان لەگەڵ داعشدا دەكاتەوە، لە وتارەكانی ناو ئەم كتێبەدا هیشام زۆر بە وردی باس لە رەفتارەكانی داعش، چۆنێتی جم و جۆڵیان و تاكتیك و فڕو فێڵەكانیان و شێوازی حوكم كردنیان لەو ناوچانەی كەوتبووە ژێر دەستیان، دەكات، وردەكاری لە بارەی هەوڵەكانی داعش بۆ دەست بەسەردا گرتنی هەموو عیراق و دامەزراندنی دەوڵەتە ئیسلامەكەی خۆیان باس دەكات، هەروەها بە وردیش دیراسەی لەسەر بیروباوەڕی داعشییەكان كردووە و باس لەوە دەكات كە ئەوان بە میتۆدی سەلەفی قوتبی جیهادی بەڕێوە دەچن و پاشخانی فیكرییان لەو سەرچاوەیە ئاو دەخواتەو. 

گرنگییەكی تایبەتی داوە بە موسڵ
هیشام لە 2003 بە دواوە، تا رۆژی تیرۆر كردنیشی یەكێك بوو لە شرۆڤەكارە هەڵكەوتووەكانی عیراق و لە زۆربەی كەناڵە ناوخۆیی و دەرەكییەكانیشەوە، سەدان شیكاری بۆ دۆخی ئاسایشی عیراق كردووە و وەك لە وتارەكانی ناو ئەم كتێبەشیدا دەردەكەوێت، گرنگییەكی تایبەتی داوە بە موسڵ و دەوروبەری كە كەوتبووە ژێر دەستی داعشەوە، لەم كتێبەدا باس لەوە دەكات كە رەفتاری نامرۆڤانەی داعش چۆن بووە لەگەڵ خەڵكی عیراق و لەو چوارچێوەیەشدا، لەسەر زاری یەكێك لەو هاووڵاتیانەی لە زیندانەكانی داعش رزگاریان بووە دەڵێ: ئەوان زیندانییەكانیان كردبوو بە چەند بەشێكەوە، بەشێك بۆ زۆر كافرەكان كە مەبەستیان ئێزدییەكان بوو، بەشێك بۆ كەمتر كافرەكان كە مەبەستیان لە مەسیحییەكان بوو، بەشێكیش بۆ شیعەكان، هەڵبەت شیعەشیان بە كافر لەقەڵەم داوە، بەڵام كەمتر لە ئێزدی و مەسیحی، پاشان رەفتاری داعش لەگەڵ هەریەك لەو گروپانە دەگۆڕاو ئەوانەی كە لەسەر دزی و هەندێك سەرپێچی گیرابوون كەمتر ئەشكەنجە دەدران، بەڵام ئێزدییەكان و مەسیحییەكان و شیعەكان توندترین و خراپترین ئەشكەنجەیان هەبوو، لێدان بە سۆندەو كێبڵ و چاوهەڵكۆڵین و كوشتن، كار و رەفتاری رۆژانەی خۆیان بوو، كچانی ئێزدییان دەكردە سەبایاو لاقەیان دەكردن، لەگەڵ شەو دادەهات پێشبڕكێیان بوو بۆ لای كچە ئێزدییەكان تا جوانترینیان هەڵبژێرن.
ئەوەی هیشام لەسەر زاری ئەو زیدانییەوە بۆمان دەگێڕێتەوە و هەروەها لە وتارەكانی دیكەشیدا ئاماژەی پێكردووە بریتییە لە یەك پارچە تاریكی و تاریكپەرستی و ئەنگوستەچاو، وەك لە ناونیشانی كتێبەكەشدا دەردەكەوێت، بە راستی ئەم كتێبە بریتییە لە نووسینەكانی ئەنگوستەچاو.

بابەتە پەیوەندیدارەکان