کتێبی زەوی، بەرهەمێکی زانستی نوێ

10:18 - 2022-10-11
کەلتور
391 جار خوێندراوەتەوە

د. ئیبراهیم محەمەد جەزا*

بەمدواییانە کتێبێکی وەرگێڕدراو لە بواری زەویناسیدا بڵاو بووەوە و کەوتە بەردەستی خوێنەرانی زمانی کوردی. کتێبەکە لە زمانی ئینگلیزییەوە و لەلایەن زەویناس باوان فایەق جەلال وەرگێڕدراوە بۆ زمانی کوردی و بە دیزاینێکی زۆر جوان و تازە داڕێژراوە و پڕ پڕە لە زانیاری زەویناسی ( باوان فایەق جەلال، 2022، زەوی- بنەماکانی زەویناسی لەڕووی فیزیاییەوە، وەرگێڕان، کتێبخانەی دڵشاد، 302ل) . بەبڕوای من کتێبەکە یەکێکە لەو هەوڵە زانستییە دەگمەن و گرنگانەی کە کتێبخانە و خوێنەری کوردی سوودی لێوەردەگرن و دەبێت بە شانازییەوە سەیر بکرێت. 
وەرگێڕان و بڵاوکردنەوەی کتێبێک لە قەبارەی گەورە و 302 لاپەڕە و لەخۆگرتنی  دەیان هێڵکاری و وێنەی رەنگاوڕەنگی مانابەخش بەڕاستی کارێکی ناوازەیە و جێگەی دەستخۆشییە، کە وەرگێڕ چەند ساڵێک سەرقاڵی بووە تا گەیاندوێتییە ئەو ئاستە.  پێویستە ئاماژەش بە کتێبخانەی دڵشاد بدەم کە ئامادەبوو کتێبەکە چاپ بکات و بڵاویشی بکاتەوە کە بە خۆشحاڵییەوە ئێستا لە کتێبخانەکەیان دەست دەکەوێت و نرخی کتێبەکەش زۆر گونجاوە. کتێبخانەی دڵشاد یەکێکە لەو کتێبخانانەی کە پەڕتووکە زانستییەکان چاپ و بڵاودەکاتەوە و نموونەی ئەم کتێبخانانە زۆر کەمن لە کوردستان، بەهۆکاری ئەوەی کە خوێنەری بابەتە زانستییەکان کەمترن بە بەراورد لەگەڵ خوێنەری بابەتە ئەدەبیی و ئاینیی و یاساییەکان.

توێژەکانی گۆی زەوی

 باوان فایەق دەرچووی بەشی زانستەکانی پیترۆلیۆمە لە زانکۆی سۆران کە بە سەرکەوتووی زانکۆیی تەواوکردووە و ئێستا لە کەرتی تایبەت کار دەکات. پێش ئەوەی لە زانکۆ دەربچێت دەستیکرد بە وەرگێڕانی کتێبەکە و رۆژ لە دوای رۆژ کارەکەی دەبردە پێش و بەش لە دوای بەشی کتێبەکەی وەردەگێڕا بۆ زمانی کوردی. کتێبەکە لە 11 بەش پێکدێت کە سەرجەمیان باس لەم هەسارە شینەی خۆمان لە رووی فیزیاییەوە دەکەن، واتە دەربارەی بنەچەی دروستبوونی زەوی و بەشەکانی زەوی و جۆری کەڤر و خاوەکان و دەیان بابەتی سەرنجڕاکێشی بەسوود بۆ خوێنەر، ئیتر خوێنەر لە هەرئاستێکدا بێت دەکرێت سوود لەم پەڕتووکە وەربگرێت. دۆزینەوەی بەرامبەری زانستی بۆ زاراوە ئینگلیزییەکان کارێکی سانا نییە و ماندووبوونی دەوێت، خۆشبەختانە سوودی لەو فەرهەنگانەی تایبەت بە زەویناسین وەرگرتووە و بەکاریهێناون. لەپێناو ئەوەی کە خوێنەر سەری لێ تێک نەچێت لە کۆتایی کتێبەکەشدا چەندین زاراوە کە لە کتێبەکەدا بەکاری هێناون ڕاڤەکراون و دانراون، کە بە بڕوای من ئەمە بۆ کتێبی زانستی زۆر پێویستە و جێگەی دەستخۆشییە.

*بەشی زەویناسی / زانکۆی سلێمانی

بابەتە پەیوەندیدارەکان