شوكاك عه‌بدولستار

كاریكاتێرستێكی چەپی سەركەوتوو

07:06 - 2022-04-02
کەلتور
522 جار خوێندراوەتەوە


به‌ختیار سه‌عید

لەگەڵ ئەوەی هونەری كاریكاتێری نەخوێندووەو دوور لەو دنیایە خوێندوێتی و توانیوێتی ئەو هونەرە ئاوێتەی بیروباوەڕە چەپخوازییەكەی بكات و بتوانێت ئازادییەكانی ئینسان پەیامی سەرجەم كارەكانی بێت و بتوانێت لەرێگای هێڵەكان و رەنگە تایبەتەكانی خۆیەوە ئەو پەیامانە بگەیەنێت، هەرچەندە زۆربەی كارەكانی رەش و سپی بووە، بەڵام هەرگیز نەبۆتە هۆكاری ئەوەی نەتوانێت لەناو هونەركەدا بوونی كاڵ بێتەوەو رۆژێك ئەم هونەرە لەبیر بكات.
(شوكاك عەبدولستار) ئەو كاریكاتێرستە كوردەیە كە یەكێكە لە دامەزرێنەرانی گروپی كاریكاتێری نەقیزە لەگەڵ كاریكاتێرستان (رێناس عارف، پەروەر كەركوكی، سەردار عەبدولڵا) دا پێكەوە وەكو گروپێكی چالاكی ئەم بوارە نەك بەتەنها لەسەر ئاستی باشوری كوردستان پیشانگەو چالاكی بكەن، بەڵكو لەسەر ئاستی ئێران پیشانگەو چالاكیان هەبووەو لەهەموو ئەو پیشانگەیانەدا شوكاك بە بەرهەمە تایبەتەكانی بەشداری كردووەو توانیوێتی وەكو ئەندامێكی چالاك بوونی هەبێت.
لە دەلیلی پیشانگەی گروپەكەدا كە ساڵی 2008 لەهۆڵی مۆزەخانەی سلێمانی كراوەتەوە نووسراوە (بەرێزان دنیای ئێمە بە جۆرێك غەمبارە رەنگە ئاسایی بێت لاتان كە هەندێك لە كاریكاتێرەكان غەمبار بێنە پێش چاو، ئەم تابلۆیانە مەبەستیانە كە ئێوە غەمبار نەبن، مەبەستیانە كە پێكەنینێك و خەندەیەك لە دونیای دەرەوەی هۆڵی نمایشەكە بۆ ئێوە فەراهەم بكەن)، ئەم نووسراوە ئەوەمان نیشاندەدات بەرهەمەكانی گروپەكەو لەنێویان شوكاك لەو دنیا بینییە چەپییەوە هەڵدەهێنجاو دەیكردە بەشێك لە خۆراكی مێشكی ئامادەبوانی ناو پیشانگەكان، ئەو بەردەوام بەهێڵە ئازادەكانی و بیروبۆچوونەكانی دەیتوانی ئەو دنیایە فراوانتر بكات، هەربۆیە بە درێژایی كاركردنی لەگەڵ گروپی نەقیزەو تا نەخۆشكەوتنی بەداخەوە پڕ بەرهەم و پڕ چالاكی بوو.
لەبەشێكی تر نووسراوەكەدا هاتووە (ئەو پێكەنینەی كە هەر خۆمان دەبێت بەدەستی بێنین، ئەو پێكەنینەی كە سەردەمانێكە لەبیرمان چۆتەوەو بەدوایدا وێڵین! بەرێزان ئەم زەمەنە ئەوەندە ناچیزە كە هەر بۆ پێكەنین باشە، هەقیەتی تاكو بەیانی پێی رابووێریت و بیكەیتە قەشمەری).
شوكاك بەهاوشێوەی هاوڕێكانی بەردەوام بەرهەمی هەبووە چونكە ژیانەكەمان هێندە كێشەی هەبووە بەردەوام بوونەتە بابەت بۆ بەرهەمەكانی و هەر ئەوەش بۆتە هۆكاری بەردەوامی بەرهەمەكانی خۆی و گروپەكەیان، هەربۆیە ئاشنایەتیم لەگەڵ  شوكاك عەبدولستار لەسەرەتای 2000كانەوە پەیداكردو ئیتر لەو دەمەوە هاوڕێیەتیمان بەردەوامی بەخۆوە بینی و تا ئێستاش درێژەی هەیە.
شوكاك بەردەوام باسی لەوە دەكرد كە چۆن دەكرێت لەرێگای كاریكاتێرەوە پەیامەكانت بە زۆرترین تاكی سەر ئەم زەوییە بگەیەنێت، لەماڵەكەی خۆتەوە، بۆ گەڕەكەكەت و دواتر شارەكەو وڵاتەكەت و دواجار جیهان بگەیەنێت كە تۆ وەكو ئینسانێكی ئەم وڵاتە ئەم كێشانەت هەیە بوونەتە هۆكاری گەشەنەكردنت، بەڵام بەزمانێكی كۆمیدی كە زمانێكە دەتوانیت زۆرترین بینەر لەخۆت و لەكارەكانیش كۆبكەیتەوە، هەر لەو دیدەوە بابەتی كاریكاتێرەكانی سەرچاوەیان گرتووە، لەهەمانكاتدا بۆ خۆشی وەكو ئینسانێك بەردەوام دەم بەپێكەنین و پڕ لەهیوایە، هەربۆیە كە گوێی لێدەگریت هەست بە بوونی هیچ كێشەیەك نییە لەو دنیایەی پێویستە بە پێكەنین و پڕ لەهیواوە تێی بڕوانین، چونكە دواجار ژیانیش وەكو یەكێك لە كاریكاتێرێك بۆ كاریكاتێرێكی تر بەردەوام لە گۆڕان و لە نوێكەرەوەدایە. 

بیۆگرافیای شوكاك عەبدولستار

 -1960 لە سلێمانی لەدایكبووە.
-1981 زانكۆی تەكنەلۆجی بەشی وێنەی ئەندازیاری لە بەغدا تەواوكردووە.
-  1993-1994 - 1995 پیشانگەی هاوبەشی كاریكاتێری سیاسی لەگەڵ سەردار عەبدوڵا و رێناس عارف لە هۆڵی سوركێو كردووە.
-1995-199-1997 بەشداری فیستیڤاڵی ئایار كردووە لەگەڵ سەردارو رێناس و چەند هونەرمەندێكی تر لە هۆڵی مۆزەخانەی سلێمانی بۆ پۆستەرو كارتۆن.
بەشداری زۆربەی ئەو پیشانگە هاوبەشانەی كردووە كە ناوەندی 7 رەنگە كردوێتییەوە لەوانە لەرۆژی فشەدا، ژینگە.
- بەرهەمەكانی لە چەندین رۆژنامەو گۆڤاردا بڵاو بۆتەوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان