سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی: نیەتێکی جددی هەیە بۆ کۆتاییهێنان بەو بنبەستە سیاسییەی عیراق تێیکەوتووە

06:01 - 2022-10-11
عیراق
380 جار خوێندراوەتەوە

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و هادی عامری، سەرۆکی ھاوپەیمانیی فەتح لە بەغدا کۆبوونەوە.
لە کۆبوونەوەیەکدا کە رەییان کلدانی، ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی بابلیون ئامادەیبوو، گفتوگۆ لەبارەی رەوینەوەی گرژییەکان، زاڵبوون بەسەر ئاڵنگارییەکان و قۆناغێکی نوێی سیاسی لە عیراق کرا و جەخت لە بەردەوامیی گفتوگۆی نێوان هێز و لایەنە سیاسییەکان کرایەوە لەپێناوی پێکهێنانی حکومەتی نوێ و خزمەتکردنی زیاتری هاووڵاتییان.
سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی لەبارەی بەربەستەکانی بەردەم پڕۆسەی سیاسی و هەنگاوەکانی تێپەڕاندنی ئەم دۆخە چەقبەستووە وتی، سازان و هاوبەشیی راستەقینە فاکتەری دەربازبوونن لەم دۆخە نەخوازراوە. ئاماژەی بەوەشکرد، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان وەک هێزێکی سیاسی بەرپرسیار و دەربەست بە پاراستنی مافەکانی گەلی کورد و هەموو نەتەوە و پێکهاتەکان، لە هەوڵەکانی بەردەوامە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان. ئامانجی ئێمە روونە و دەمانەوێت حکومەتی نوێ بەدیهێنەری مافە دەستوورییەکانی گەلی کورد بێت و خزمەتگوزاری پێشکەشی هەموو لایەک بکات. پشتگیری هەموو هەوڵێکی لەو شێوەیەش دەکەین کە کار بۆ ئەو ئامانجە باڵایە بکات. گەشبینیشن بەوەی نیەتێکی جددی هەیە بۆ تێپەڕاندنی دۆخەکە و کۆتاییهێنان بەو بنبەستە سیاسییەی وڵاتی تێکەوتووە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان