دایكانی روس:

لە دەرگای كێ بدەم بۆ هەواڵی جگەرگۆشەكەم؟

07:17 - 2022-04-02
کەلتور
449 جار خوێندراوەتەوە


لە فارسییەوە: 
كوردەوان محەمەد سەعید

جەنگ هەمیشە ماڵوێرانی جەرگسووتانی بەدواوە بووە، مێژوو ئەدەبیاتی مرۆڤایەتی پڕن لە نموونەو بەڵگەی ئەو راستییە، تازەترین نموونەش جەنگی روسیا دژ بە ئۆكرانیایە، كە رۆژانە گیانی سەدان مرۆڤ لە هەردوو بەرەی جەنگ دروێنە دەكات، ڤلادیمێر پوتنی سەرۆكی روسیاش رووی دەمی كردە دایكی كوژراوەكانی وڵاتەكەی و پێی وتن: دەزانم چەندە خەمبارن، بەو هیوایەی ورەیان بەرز بكاتەوەو دڵنەواییان بكات، بەڵام دایكان و داپیرەكان و ئەوانەی ئازیزیان لەدەست داوە بە جۆرێكی دیكە بۆ بی بی سی دەدوێن و دڵیان لای ئەو لاوانەیە كە خۆشیان نازانن بۆچی و بۆ چ زەلكاوێكیان دەنێرن.
مارینا داپیرەیەو زۆر هەوڵی دا تا بە تەلەفۆن قسە لەگەڵ نەوەكەی بكات، دوای هەوڵێكی زۆر نەوەكەی وەڵامی دایەوەو پێی وت، لەسەر سنووری نێوان بیلاروس و ئۆكرانیایەو بەم زوانە دەگەڕێتەوە، بەڵام نەگەڕایەو لەو كاتەشەوە هیچ هەواڵێكی نییە.

وەڵامی داپیرە نادەنەوە
مارینا دەڵێ: زەنگم بۆ یەكە سەربازییەكەی لێ دا، ئەوان وتیان خاكی روسیای جێ نەهێشتووە، منیش پێم وتن ئەو لە بیلاروسیاوە قسەی لەگەڵ كردووم، كەواتە ئێوە نازانن سەربازەكانتان لە كوێن، تەلەفۆنەكەیان بەسەردا داخستمەوەو لەو كاتەوە وەڵامی تەلەفۆن نادەنەوە.
نیكیتا نەوەی مارینایە، لەو سەربازە زۆرە ملێیانەیە كە دەبێ یەك ساڵ سەربازی بكەن، تەنیا یەك ساڵ، ئاخر لە روسیا گەنجەكان ئەگەر بیانوویەكی گونجاویان نەبێت، وەك خوێندن یان بەخێو كردنی منداڵ، دەبێ یەك ساڵ سەربازی بكەن، بەڵام روسیا زیاتر پشت بەو سەربازانە دەبەستێ كە بە خواستی خۆیان و بە گرێبەست دەبنە سەرباز، مارینای نەنكی نیكیتا دەڵێ: چوونەتە بن كڵێشەیەوەو پێیان وتووە، تۆ مووچەی بەردەوامت دەبێت بڕۆ بۆ جەنگ، نیكیتا بوو بە شۆفێر لە سوپای روسیادا، بەڵام بەڵێنەكان وا دەرنەچوون، ئێستا مانگانە تەنیا 18 هەزار رۆبڵ وەردەگرێت كە دەكاتە 240 دۆلار، ئەم بڕە پارەیە پێش ئەوەی رۆبڵ هەرەس بهێنێت ژیانێكی گوندنشینانەی سادەی پێ بەڕێوە دەچوو، ئەگەر وا بوایە باش بوو، بەڵام وا نەبوو، نیكیتا شوێنی خەوەكەی لە سەربازگە بە خۆڕایی بوو، بەڵام گەرمكەرەوەی تیا نەبوو، سەرمای ئەو ناوچەیەش گاڵتەی پێ ناكرێ و ملی كەڵ دەپەڕێنێ، لەبەر ئەوە ناچار بوو بە پارەی خۆی شوێنێك بگرێت كە گەرمكەرەوەی تیا بێت، نیكیتاو كۆمەڵێك سەربازی دیكەش پێیان وترابوو، ئەمە مانۆڕەو دوای چەند مانۆڕێك ئێوە دەگەڕێنەوە بۆ لای كەس و كارتان.

لە فەیسبووكەوە وێنەی كوڕەكەی بینی
گالینا دایكی نیكۆلایە، كوڕەكەی گەیشتۆتە ئۆكرانیاو ئەو لە فەیسبووكەوە وێنەی كوڕەكەی وەك یەكێك لە دیلەكانی جەنگ بینی، گالینا دەڵێ: بۆ دواهەمین جار، یەك رۆژ پێش ئەوەی وێنەكەی لە فەیسبووك ببینن، كوڕەكەی پێی وتووە كە ئەوان لە نزیك سنووری ئۆكرانیان. نیكۆلایش بە هەمان شێوەی نیكیتا پێیان وتووە ببە بە سەربازی گرێبەست مووچەی هەمیشەییت دەبێت، دەزگیرانەكەی نیكۆلای دەڵێ: زۆر هەوڵی داوە پەشیمانی بكاتەوە، بەڵام ئەو لە دیسەمبەری رابردوودا بۆتە سەربازی گرێبەست بۆ ئەوەی بتوانێ بژێوی خێزانەكەی پەیدا بكات، دایكیشی دەڵێ: كوڕەكەم بە خواستی خۆی نەچوو بۆ ئۆكرانیا، فەرماندەكەی ناردی، دایكی باس لەوە دەكات لە وڵاتەكەی ئەواندا زۆر كەس هەن كە بەشی پێویست خۆراكیان نییە، مرۆڤ نان نەبوو بیخوات، چۆن بزانێ واتای جەنگ و پرۆسەی سەربازی چییە.
ئەم هەستە تەنیا لای دایكانی ئەو سەربازانە نییە كە سەربازی زۆرەملێن، بەڵكو لای دایكانی ئەو سەربازانەش هەیە كە سەربازی گرێبەستن، دایكێك لەوانە دەڵێ ئەگەر ئێستا بمزانیایە لە كوێن، دەچووم بۆ لایان و لێیان دەپاڕامەوە تا چارەنووسی جگەرگۆشەكەم پێ بڵێن، نازانم لە دەرگای كێ بدەم بۆ هەواڵی جگەرگۆشەكەم.

جەنگی پڕوپاگەندە
خوشكی سەربازێك، براكەی لە جەنگی ئۆكرانیادا بێ سەرو شوێنە، پێی وایە كە دەبێ هۆكارێكی گونجاو هەبێت بۆ هێرش كردنە سەر ئۆكرانیا، پڕوپاگەندەی روسیا بەردەوام لە كاردایەو وێنەیەكی زۆر خراپی ئۆكرانیا پیشانی هاووڵاتیانی خۆی دەدات، هاووڵاتیانی روس دەڵێن: ئەگەر بەو قسانە بێت ئێستا ئۆكرانیا ماڵی خۆیان وێران كردووەو بە دوای ئەوەدا دەگەڕێن كە وڵاتانی دیكەش وێران بكەن.
ئۆكرانیا لە وەڵامی ئەم پڕوپاگەندەیەی روسیادا هەر زوو كەوتە خۆو لە رێگەی تێلیگرامەوە هێڵكی دروست كرد بە ناوی: بە دوای بێ سەرو شوێنەكانی خۆتاندا بگەڕێن، لەم كەناڵەوە وێنەی كوژراوو بریندارەكانی سەربازانی روسی بڵاو دەكردەوەو داواشی دەكرد كەس و كاری كوژراو و بریندارەكانی روسیا هەوڵ بدەن پەیوەندی بكەن و بە دوای هەواڵی كەسوكاریاندا بگەڕێن، واشنتۆن پۆست رایگەیاند، ئەو راگەیاندنانە مەترسیدارن و ئۆلێكسی ئەسترۆڤیج راوێژكاری سەرۆكی ئۆكرانیاش وتی: ئەوە نیازپاكی ئۆكرانیایە بەرامبەر بە دایكانی روس.
لە رێگەی فەیسبووكیشەوە وەزارەتی ناوخۆی ئۆكرانیا راستەوخۆ داوای لە دایكانی روس كردووە، پەیوەندی بكەن و بێن كوڕەكانیان ببینن، بێن و بە كوڕەكانیان بڵێن كە پێویستە چی بكەن، هەر لەو راگەیاندنەدا ئۆكرانییەكان دەڵێن: ئێمەی خەڵكی ئۆكرانیا، بە پێچەوانەی ڤلادیمێر پوتنی فاشیستەوە هیچ رق و كینەیەكمان بەرامبەر بە دایكانی دیلەكانی روسیا نییە.

سەربازانی روس پێكەنینیان بە پرۆسەكە دێت
لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا، كاتێك پەیامنێری بی بی سی خەڵكی روسیای دەدواندو لەبارەی رەوایی جەنگەوە پرسیاری لێ دەكردن، زۆربەیان هیچیان نەدەوت، یان پشتیوانییان لە جەنگ دەكرد، بەڵام كورتەنامەی ئاڵوگۆڕ كراوی نێوان ژنێك و دەزگیرانەكەی دەردەكەوێ كە سەربازانی روسیا خۆیشیان باوەڕیان بەوە نییە كە ئەم جەنگە بۆ رزگار كردنی خەڵكی ئۆكرانیایە، وەك ئەوەی روسیا بانگەشەی بۆ دەكات، لە یەكێك لەو پەیامانەدا كە دەزگیران بۆ دەزگیرانی ناردووە، دەڵێ: دەچم بۆ بەرگری لە خەڵكی بێ دیفاع، لە دوای ئەم قسەیە ئایكۆن و نیشانەی پێكەنینێكی بەرزی داناوە.
دوای چەند هەفتەیەك لە جەنگ روسیا دانی بەوەدا نا كە ژمارەیەكی زۆر لە سەربازەكانی كوژراوە، بە گوێرەی ئەو ئامارەی بڵاوی كردەوە، گوایە تا سێی ئادار 498 سەربازی كوژاراوەو هەزارو 597 سەربازیشی بریندار بووە، بەڵام ئەم ئامارانە لە راست ناچن، چونكە ئۆكرانیا بڵاوی كردەوە كە 11 هەزار سەربازی روسیا كوژراوە، لەم دوو قسەیە كامیان راستن، ئەوەیان نەزانراوە، بەڵام ئەوەی كە گومانی تێدا نییە ئەوەیە، جەنگ واتە كوشتن و كوژران، ئەمەیان بۆ سەرباز تا رادەیەك لۆژیكییە، چونكە سەرباز بەشداریی لە جەنگەكەدا دەكات، بەڵام لە جەنگدا زۆرتر جێگەی نیگەرانییە، ئەوەیە كە بە سەدان هاووڵاتی مەدەنیش دەبنە قوربانیی.

سەرچاوە: بی بی سی 

بابەتە پەیوەندیدارەکان