سەرم داناوە لەسەر دڵت-ی کەریم تاقانە

12:57 - 2022-10-13
ئەدەب و هونەر
567 جار خوێندراوەتەوە

سارۆ خوسرەوی

کەریم تاقانە ساڵانێکی زۆرە کورتەچیرۆک و بابەتی ئەدەبی دەنووسێت و تا ئێستاش چەندین رۆمان و شانۆنامە و کتێبی شیعری لە زمانی سوێدییەوە وەرگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی. «سەرم داناوە لەسەر دڵت»، نۆبەری شیعری کەریم تاقانەیە.
 ئەم دیوانەشیعرە کە 83 لاپەڕەیە، ساڵی 2022ی زایینی لە ناوەندی بڵاوکردنەوەی کەپر چاپ و بڵاو بووەتەوە.
شیعرەکانی نێو ئەم دیوانە وردیلەن، بەڵام رووبەری خەیاڵی شاعیر بێ سنوورە. لەگەڵ خوێندنەوەی شیعرەکاندا هەست بە بیرکردنەوەی قووڵی شاعیر دەکەی، لە مەڕ خۆشەویستی بۆ دایک، بۆ نیشتمان بۆ ژینگە، بۆ زمانی کوردی و بەهای جوانی و خەونەکانی مرۆڤ. سەرچاوەی بوون و فەزای ئەم شیعرانە، دەکرێ ژیان و ئەزموونی پڕ لە هەوراز و نشێوی شاعیر خۆی بێت، بەڵام بە روانینێکی رەخنەگرانە و بە زمانێکی تەواو شاعیرانەوە کە سپێتییش لە نێوان شیعرەکاندا دەکرێ هەڵگری مانای تایبەت بن.
شاعیر ترپەی دڵی تێکەڵ بە ملوانکەی وشەی کوردی دەکات و لە کورتترین شیعری خۆیدا خۆشەویستیی خۆی بۆ دایکی نیشان دەدات و دەڵێ:

"قاچی زەوی لەرزی لەوێ،
دوو ئەژنۆی من لێرە شکان.
لەوێ دایکم راچڵەکا،
لێرە هەناری دڵ داکەوت." [سەرم داناوە لەسەر دڵت، ل 68]


شاعیر، بەبێ ئەوەی ئاماژە بە شەڕێکی تایبەت و دیاریکراو بکات، باس لە دیاردە و ئاکامی خراپی شەڕ دەکات و مەرگی مرۆڤەکان و وێرانیی سروشت و تاسانی هەموو جۆرە بوونەوەرێک لە بەریەک دادەنێت. شاعیر لێرەدا لە روانگەی مرۆڤدۆستییەوە فەنابوونی جوانییەکانی مرۆڤ و سروشت وەک یەک پێناسە دەکات و دەڵێ:

"پووش و پەڵاش بە هەواوە.
شکا شانوملی دار،
تاسا سێوەلاسوورەی باخچە.
چنگی پڵنگ، گەرووی ئاسک.
دەبینم رێواسی سووتاو،
دەبیستم، لوورەی سەگ.
جەنگە." [سەرم داناوە لەسەر دڵت، ل 31]


لە ژینگەیەکدا کە فەزای ترس و زۆرداری حاکم بێت، دیوە سروشتییەکەی ژیان پێچەوانە دەبێتەوە، بەڵام شاعیر بێدەنگ نابێت و ئامادەیە لەپێناوی مانەوەی جوانییەکانی ژیان و ژینگەدا، باجی هەڵوێستەکانی خۆی بدات. ئاخر لای ئەو پرچی زێڕینی خۆر، چریکەی بولبول و باڵاکردنی درەختەکان، سەرچاوەی شیعر و ژیانن. وەک ئەوەی کە لە لاپەڕەی 42ی دیوانەکەیدا دەڵێ:

"دەست هەڵدەبڕم، قامکێکم لە گرەوی مەرگدایە.
نایانەوێ خۆر پرچی خۆی دابهێنێ،
ئەو بولبولە بخوێنێ،
ئەو درەختە باڵا بکات.
من سەرم لە گرەوی مەرگدایە.
باڵندەیەک بە دوای راوچییەکەی خۆیدا دەگەڕێ.
زامێک، بە دوای تیرێکدا."


نەمریی مرۆڤ لەوەدایە، دوای مەرگی خۆی جوانترین دەنگ و رەنگ بێت لە یادەوەریی کۆمەڵگەدا. شاعیر نایەوێ لە پاش خۆی دەنگ و ئەوینی کاڵ ببنەوە. ئەو لەگەڵ فرمێسک و تەنیاییی خۆیدا کۆچ دەکات و چێژی خۆشەویستی لەپاش خۆی بە جێ دێڵێ و وەها باس لە مردن و هەرمانی خۆشەویستیی خۆی دەکات:
"سبەی رەنگە هەڵمواسن.

فرمێسک و هەناسەم، بۆ خۆم.
دەنگی زوڵاڵم، بۆ تۆ.
تەنیاییم، توێشووی رێگەکەم.
ماچەکانم، ملوانکەیەک بۆ گەردنت." [ل،43]


لە روانگەی شاعیرەوە، بەها گرنگە، بەهای ئەو شتە جوانانەی کە بەشێکن لە بوون و ژیانی تۆ. تۆ ئەو دەمەی حەسرەت دەخۆی و خەم داتدەگرێ، بەشێک لە بەهاکانی ژیانت لە دەست دەدەی. وەک ئەوەی کە دەڵێ:

"درەخت پرچ دادەڕنێ
بۆ رەگێکی وشکەوەبووی هەناوی خۆی.
شاخ سینگ دەکوتێ
بۆ پۆلەکۆترێکی بێسەروشوێنی قەدپاڵی خۆی." [سەرم داناوە لەسەر دڵت، ل 51]


شاعیر، ئەزموونی ژیان لە گەڕان و نوێبوونەوەدا پێناسە دەکات و ئەمە بە بەشێک لە خەونی رزگاریی بوونەوەرەکان لە قەڵەم دەدات و دەڵێ:

"ئەم قنگڵاشکە لەو سارایە
گەلێک مارمێلکەی بینیوە؛
بە تەمای بێڵەکانەی خۆشەویستییە،
بێت قاچی لە زەوی هەڵکەنێ.


ئەو کوچکە لە مێژ ساڵە لەو دەشتەدا راکشاوە، خەون دەبینی، دەستێک دێت و هەڵیدەگرێ، فڕێی دەداتە نێو گۆمێک." [ل،70]

خەزان و هەڵوەرینی گوڵ و گەڵا، لای شاعیر تەنیا دیاردەیەکی سروشتی نین، بەڵکو تێپەڕبوونی زەمەنە لە ژیانی هەریەک لە ئێمەدا، دابڕانمانە لە سەرچاوە و لانکەی خۆشەویستی. شاعیر بە حەسرەتەوە باسی ئەم کۆچ و لێکدابڕانەی دەکات و دەڵێ:

"درەختی بەر دەرگا جێ دەهێڵێ و
گوڵدانی بەر پەنجەرەم؛
بە بەرچاوما رادەبوورێ،
دەگاتە لای سەعاتی دڵ؛
لەوێ هەڵدەوەرێ زەمەن.
شەو شاد، پاییز! [ل،82]


ناکرێ شاعیر بیت، بەڵام  خەمی نان و رەنجی مرۆڤی هەژار و ئازاری مناڵان نەبینیت. شاعیر ئەو دەمەی لە بەرانبەر نایەکسانی کۆمەڵایەتیدا دەنگی هەڵدەبڕێت، شیعرەکانی دەبنە هەوێنی ژیان. هەر بۆیە کەریم تاقانە، لێرەدا جەخت لەسەر وشەی مرۆڤبوون دەکاتەوە و دەڵێت:

"کێ مرۆڤە. کێ؟
ئەو ژنە شێوێ شک نابا،
کچۆڵە ئاو دەفرۆشێ،
باڵندەیەک تینوویەتی.
مرۆڤ کێیە؟
تۆ خوانەکەت رەنگاوڕەنگ،
ئەو کێڵگەی تاریکی تێراو دەکا،
من سێڕە دەگرم لە گوڵەستێرە. ." [ل،69]


بەڕای من کەریم تاقانە لەم بەرهەمە شیعرییەیدا جگە لە بەرهەمهێنانی دەقی شیعری، توانیویەتی جوانییەکانی وشەی کوردییش وێنا بکات. شیعر دەکرێ بەرزترین و ئەستەمترین ئاستی دەربڕین بێت لە زماندا، چونکە شاعیر لە رووبەرێکی بەرفروانتردا مامەڵە لەگەڵ وشەدا دەکات.
شاعیر سەر بە هەر رەگەز و کەلتورێک بێت، دەبێ ئەوەی لە بیر بێت کە شیعر لە نێوەڕۆکدا لایەنی گەردوونیی هەیە. من ئەمەیان لە شیعرەکانی تاقانەدا بە جوانی دەبینم. خەمی ئەو، خەمی مرۆڤە، خەمی لەکیسچوونی بەها جوانەکانی ژیانە، فەرق ناکات لە نیشتمانی دایک بێت یان لە هەر شوێنێکی دیکە.
من چێژم بینی لە شیعرەکانی کەریم تاقانە، هیوادارم قەت لە جوانیی وشە و خەیاڵی قووڵی خۆی بۆ ژیان، بێبەشمان نەکات.

بابەتە پەیوەندیدارەکان