پەیامی پیرۆزبایی قوباد تاڵەبانی بۆ د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق

06:59 - 2022-10-13
عیراق
227 جار خوێندراوەتەوە

بەڕێز دکتۆر لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق
 
خۆشحاڵم دڵسۆزانەترین پیرۆزباییتان ئاڕاستە بکەم بۆ ئەو متمانەیەى کەئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران بە ئێوە و بە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی بەخشی و هەڵبژێردران بەسەرۆک کۆمارى عیراق.

دڵنیام هەڵبژاردنتان بۆ ئەم پۆستە گرنگە دەبێتە پشتیوانێکی پڕ بایەخ بۆ رەخساندنی ئارامی و سەقامگیری لەعیراق و بەدەستهێنانەوەى پێگە و رۆڵى خۆی لەناوچەکەدا، هیواداریشم گەلى عیراق لەسایەى سەرۆکایەتی ئێوەدا ئەو قۆناغە دژوارە کۆتایی پێ بهێنێت و ببێتە دەستپێکێکی خێر بۆ قۆناغێکی نیشتمانی نوێ کە هەوێنی یەکگوتارى و یەکریزی نێوان پێکهاتەکان بێت.

ئەزموونى ئێوە لەسەردەمى خەباتی سیاسی جێى شانازییەکی گەورەیە بەتایبەت رۆڵى میحوەریتان لەسەردەمى ئۆپۆزسیۆنی عیراقی کە باشترین نوێنەرایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانتان کرد، لەکایەى حوکمڕانی و بەرێوەبردنیشدا و لەیەکەم حکومەتى هەڵبژێردراوی دواى پرۆسەى ئازادی عیراق، متمانەى سەرۆک مام جەلال-تان پێ بەخشرا و بوونە وەزیرى سەرچاوەکانی ئاو لەحکومەتى فیدراڵ.

گرتنە ئەستۆى ئەم بەرپرسیارێتییە نوێیە وەک سەرۆک کۆمارى عیراقی فیدراڵ، شایستەی ساڵانی خەبات و سیاسەت و ژیریی ئێوەیە کە دواجار ئەمڕۆ گەیشتنە لووتکەى حوکمڕانی لەعیراقدا.

قوباد تاڵەبانی
جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران

بابەتە پەیوەندیدارەکان