پیرۆزبایی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان بۆ سەرۆک کۆماری نوێی عیراق

07:33 - 2022-10-13
عیراق
435 جار خوێندراوەتەوە

به‌ڕێز لەتیف ره‌شید سه‌رۆك كۆماری هه‌ڵبژێردراوی عیراق

به‌ بۆنه‌ی به‌ده‌ستهێنانی متمانه‌ی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق، جوانترین پیرۆزباییتان ئاراسته‌ ده‌كه‌م، هیواخوازم به‌ڕێوه‌چوونی ئه‌م پرۆسه‌ دیموكراسییه‌ ببێته‌ مایه‌ی سه‌ره‌تایه‌كی نوێ بۆ کۆی پڕۆسه‌ی سیاسی له‌ عیراقدا و هه‌رچی زووه‌ هه‌نگاوە دەستوورییەکانی دیکەی پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حکومەتی بەدوادابێت.
به‌ده‌ستهێنانه‌وه‌ی ئه‌م پێگەیە له‌ به‌رژه‌وه‌ندی گه‌لی كوردستان، وه‌ك شایسته‌ییه‌كی ده‌ستووری، له‌سه‌ر بنه‌مای هاوبه‌شیی سیاسی له‌ عیراقدا و لە لایەن تێکۆشەرێکی دێرینی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، جێگای خۆشحاڵییه‌ و ئاماژه‌یه‌كی روونی ئیرادەی دروستی هێز و لایەنە سیاسییەکانە،‌ بۆ پەرەپێدانی ژیانی دیموكراسی و پێكه‌وه‌ژیان له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستوور، ئومێده‌وارم ئه‌م سه‌ركه‌وتنه‌ ببێته‌ مایه‌ی پته‌وبوونی یه‌كڕیزی و یه‌كهه‌ڵوێستی و پێشخستنی هه‌وڵه‌كان بۆ لێكنزیككردنه‌وه‌ی دیدگا جیاوازه‌كان و بەڕێزتان ببن به‌هه‌وێنی ته‌بایی و یه‌كخستنی گوتاری نیشتمانی له‌سه‌ر رێبازی رابه‌ری گه‌وره‌ی گه‌له‌كه‌مان، ره‌وانشاد سه‌رۆك مام جه‌لال.
دووباره‌ پیرۆزباییتان لێده‌كه‌م، هه‌ر سه‌ركه‌وتوو و سه‌رفراز بن.

د.ڕێواز فایەق
سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان

بابەتە پەیوەندیدارەکان