محەمەد شیاع سودانی: سەرۆک بافڵ و یەکێتی هاوبەشێکی راستگۆی ئێمەن

07:50 - 2022-10-14
عیراق
415 جار خوێندراوەتەوە

‏‎بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە ماڵی مام لە بەغدا پێشوازیکرد لە محەمەد شیاع سودانی، راسپێردراو بۆ پێکھێنانی حکومەتی نوێی عیراق.

‏‎لە دیدارێکدا گفتوگۆ کرا  لەبارەی بەرنامە، ستراتیژی  حکومەتی نوێ و یەکخستنی ھەوڵەکان بۆ پێکھێنانی حکومەتێکی نیشتمانیی خزمەتگوزار لە ماوەی یاسایی خۆیدا و هەنگاونان بەرەو خزمەتكردنی زیاتری هاووڵاتییان.

‏‎لە دیدارەکەدا سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی جارێكیتر پیرۆزبایی لە محەمەد شیاع سودانی كرد و هیوای سەركەوتنی لە ئەرك و بەرپرسیارێتییە نوێكەیدا بۆ خواست. جەختیشی لە هەمان راسپاردەكانی كۆبوونەوەی پێشوو كردەوە و وتی، پاراستنی مافە دەستوورییەكانی گەلی كورد ئەركی حكومەتی نوێیە و دەبێت بەیەك چاو سەیری گەلی كورد و هەموو گەلانی دیكەی عیراق بكرێت. هیواشی خواست هەمووان بە یەك تیم لە پێناوی بەدیهێنانی بەرژەوەندییە باڵاكان كار بكەن و كێشەكان لەسەر بنەمای دەستوور چارەسەر بكەن.

‏‎لە درێژەی دیدارەكەدا سەرۆك بافڵ ئاماژەی بە دووبارەنەكردنەوەی ئەزموونی حوكمڕانی كرد لە رابردوودا و وتی، هیوادارم حكومەتی نوێ بە دیدگایەكی نوێوە بەرەوە حوكمڕانییەكی تەندروست هەنگاو بنێت، هەڵە و ئەزموونی رابردوو دووبارە نەكاتەوە. كێشە سیاسییەكانی تێكەڵی حوكمڕانی نەكرێت و هاووڵاتییان نەبنە قوربانی ململانێكان. پێكهێنانی حكومەتیش لەم ساتە هەستیارەدا بەرپرسیارێتییەكی گەورەیە و هەموومان  لەپێناوی هەوڵە نیشتمانییەكان پشتیوان دەبین.

‏‎لە بەرامبەردا محەمەد شیاع سودانی، راسپێردراو بۆ پێکھێنانی حکومەتی نوێی عیراق ستایشی سەرۆك بافڵی كرد بۆ سەرخستنی ئەم هەنگاوە نیشتمانییە و وتی، ئەمڕۆ هاتوومەتە لای برا، هاوڕێ و بەشدارێكی سەرەكی لە حكومەتی نوێ. سەرۆك بافڵ و یەكێتی هاوبەشێكی راستگۆی ئێمەن و پێكەوە بەرەو بونیادنانی داهاتوویەكی گەشتر هەنگاو دەنێین.



بابەتە پەیوەندیدارەکان