سستبوونی چالاکییە هونەرییەکان لە سلێمانی

10:42 - 2022-10-16
کەلتور
515 جار خوێندراوەتەوە

هاشم غەمگین

شاری سلێمانی جگە لەوەی لەبەرخۆدان و شۆڕش و کوردایەتیدا رەمز و سمبولی ئازایەتی و نەبەردی و شۆڕەسواری مەیدانی خەبات و تێکۆشان بوون، بە هەمان شێوە لە بوارەکانی هونەردا شاکار و داهێنەر و پێشەنگ و چالاک و بێ هاوتان، بۆیە لەبەر بەهێزیی پێگەی بەرهەم و شاکاریی جوانی هونەری شارەکە، پێناسەی پایتەختی هونەر و رۆشنبیری پێبەخشراوە.
پێدان و بەخشینی ئەو پێناسەیە بە شاری سلێمانی دەگەڕێتەوە بۆ بەرزبوونی ئاستی رۆشنبیری ناوچەکە و هەڵکەوتنی خەڵکی دلێر و کارامە و لێهاتوو لەو بوارەدا، پاشان سەرکەوتوویی بەرهەم و کار و چالاکییەکانیان و هاوکات پەرۆشی و دڵسۆزییان بۆ خزمەتکردنی کاری هونەری بۆ بەرەوپێشچوون و پێشکەوتنی خاکی کوردستان و هێشتنەوە و پاراستنی رەسەنایەتی هونەری کوردی.

کێ بەرپرسیارە؟
نکۆڵی لەوە ناکرێت ساڵی نەوەدەکان تا ساڵی دوو هەزاریش ئەگەرچی حکومەت  بودجە و داهاتی لەبار نەبوو، بەڵام رێژە و قورسایی پێگەی بەرهەم و کار و چالاکییەکانی هونەریی لە سلێمانی زۆرتر و بەهێزتر و لەپێشتر بوو، وەک لەئێستا، روحییەتی هونەر لەگیانی خەڵکدا تۆکمە و گەشاوە و زیندوو بوو، مەیل و ئارەزووی خەڵکی بۆ چوون بۆ قاعە و هۆڵەکان بۆ تەماشاکردنی بەرهەمەکانی شانۆیی و کۆنسێرتەکانی میوزیک و گۆرانی و بەسەرکردنەوەی پێشەنگاکانی سیرامیک و وێنەکێشان بە جۆش و خرۆشتر و زیاتر بوو، وەک لە ئێستا کە زۆر بە ساردی و لاوازی دەبینرێت، دەبێت تاوانی هەموو ئەوانە لە ئەستۆی کێ بێت و کێ بەرپرسیارە؟
جاران دەبینرا هۆڵەکان پڕبوون لە بینەر و لە چالاکی گروپەکانی شانۆ و میوزیک و گۆرانی.
هیرۆخان هاوکار و پشتیوانی هونەرمەندان
جاران لەشاری سلێمانی دەبینرا چەندین گروپی میوزیک هەبوو وەک گروپ و تیپەکانی (سلێمانی، مەولەوی، فۆلکلۆر، شنروێ، هۆرە...) لەهۆڵ و کەناڵەکاندا چالاکییەکانیان دەبینرا و هۆڵەکانیان بەچالاکی و بەرهەمی جوان و رەسەن رازاندبوویەوە، خەڵکیان شاد و دڵخۆش کردبوو، بەڵام ئێستا کاروچالاکییان نابینرێت. ئایا هەموو ئەوانە بۆ سستی و لاوازی هونەرمەندان خۆیان دەگەڕێتەوە؟ یان پشتیوانی و هاوکاریی حکومەتیان نییە، جاران هیرۆخان هاوکاری و پشتیوانی باشی هونەرمەندان و گروپەکانی میوزیکی دەکرد بۆ پێشخستنی هونەری کوردی لەشاری سلێمانی.
لەلایەکی دیکەوە هاوکاری و جیاوازیکردن لەنێوان هونەرمەنداندا  نیگەرانی و توڕەیی لێکەوتۆتەوە، ئەمەش بۆتە هۆی بڵاوەپێکردنیان و دوورکەوتنەوەیان لەکاروچالاکی هونەری کوردی.
ئەوەی جێی سەرنجە، هەنووکە کاری هونەری لەکورستان بۆ هەندێک کەس بۆتە سەرمایە و بازرگانی و بەجێهێنانی ئەرک و فەرمان وەدیهێنانی مەرامی تر و لەدەستدانی مۆرک و رەسەنایەتی هونەری کوردی و ونبوون و نەمانی پێناسەی هونەر وەک موڵکی گشتی.

جێی پرسیار و نیگەرانییە
ئێستا مۆدێلێکی دیکە پەیدا بووە و دەبینرێت لەکوردستان، ئەویش هاوکاریکردن و بانگهێشتکردنی هونەرمەندانی وڵاتانی دیکەیە بۆ کوردستان، بۆ سازدانی کۆنسێرت و ئاهەنگ و گۆرانی، ئەمە جگە لەوەی دەبێتە هۆی دوورکەوتنەوەی هەست و سۆزی خەڵک بۆ گوێگرتن لەهونەری رەسەنی خۆی، جێی پرسیار و نیگەرانییە بەلای رۆشنبیران و هونەرمەندانەوە، کە بە چ حەقێک بەرپرسانی رۆشنبیری و هونەر رێگا بەم کارە دەدەن و هاوکاری و بایەخ و گرنگی بە بانگهێشتکردنی هونەرمەندانی دەوروبەرمان دەدرێت، بۆ سازدانی کۆنسێرت، لەکاتێکدا هونەرمەند هەیە لەم هەرێمە بۆ تۆمارکردنی بەرهەم و کلیپەکانی بە کرێکاری و داوای هاوکاریکردن لە  لەم و لەو پەیدا دەکات، دیارە ئەم کارە مەترسی بۆ سەر کەلتور و هونەری ڕەسەنی نەتەوەییمان هەیە، بۆیە دەبێت هونەرمەندان داوای رێگرتن لەم حاڵەتە بکەن و ناڕەزایی وهەڵوێستی خۆیان دەربڕن.
ئەوەی داواکاری ئێمەیە لەبەرپرسانی حکومەت و رۆشنبیری ئەوەیە کەهونەری ڕەسەنی کوردی بپارێزن و با ڕەسەنایەتی لەدەست نەدات، دامەزراوە هونەرییەکان پەرەی پێبدرێتەوە و روحیەتی هونەر لەگیانی خەڵکدا دروست بکەنەوە و ئاوڕ لەداواکاریی و کێشەکانی هونەرمەندان بدەنەوە بۆ چالاکبوونیان و بەرەوپێشچوونی.

بابەتە پەیوەندیدارەکان