بەرگەهەوای زەوی

10:36 - 2022-10-17
کەلتور
2794 جار خوێندراوەتەوە
بەرگە هەوای زەوی

د.ئیبراهیم محەمەد جەزا*

سەرەتا:
زۆرێک لە وتارمان نووسیوە سەبارەت بە هەسارەی زەوی لەڕووی پێکهاتە و بنەچە و جۆری کەڤرەکانی ناوەوە و سەر ڕووی زەوی، بەڵام زۆربەی کات دەربارەی بەرگەهەوا تەنیا پێناسەیەکمان باس کردووە و نەچوینەتە ناو وردەکارییەکانی ئەم بەرگە گرنگەی هەسارەی زەوی! لەم وتارەدا چەند زانیارییەکی بەنرخ دەخەینە ڕوو، بەهیوای ئەوەی کە زیاتر هەسارەشینەکەمان خۆشتر بووێت و قەدری بزانین.

پێناسەی بەرگەهەوا
بەشێوەیەکی ساکار بەرگەهەوا (Atmosphere) بریتییە لە وپشتێنە گازییانەی کە دەوری هەسارەیەک یان تەنێکی ئاسمانی دیکە دەدەن. هەرچی بە گوێرەی هەسارەی زەوی،  بەرگەهەوای زەوی لە چەندین پشتێنە یان چین پێکهاتووە، بەنزیکەیی گازی نایترۆجین %78 و گازی ئۆکسجین %21  و گازەکانی تر%1  ئەم بەرگەهەوایە پێکدێنن.

 گرنگی بەرگەهەوا
نەک هەر ئەو ئۆکسجینەی تێیدایە کە پێویستمانە بۆ ژیان، بەڵکو دەمانپارێزێت لە تیشکی سەروو بنەوشەیی زیانبەخشی خۆر، هەروەها ئەو پەستانە دروست دەکات کە بە بێ ئەو ئاوی شلە لەسەر ڕووی هەسارەکەمان بوونی نەدەبوو. لەگەڵ ئەوانەشدا ، هەسارەکەمان گەرم دەکاتەوە و پارێزگاری لە پلەکانی گەرما دەکات و زەوی بە گونجاوی بۆ ژیان دەهێڵێتەوە.

چینەکانی بەرگەهەوا
لەبنەڕەتدا ئەوەی کە توێژینەوەکان دەریانخستووە، ئەوەیە کە بەرگە هەوای زەوی لە پێنج چینی سەرەکیی پێکدێت، کە لەنزمترینەوە بۆ بەرزترین بەم شێوەیەیە: ترۆپۆسفیر، ستراتۆسفیر، مێسۆسفێر ، پێرمۆسفیر و ئێکسۆسفیر. هەر یەکێک لەو بەشانە سیفات و پێکهاتەی خۆی هەیە و ڕۆڵی گرنگ لە پاراستنی هەسارەکەماندا دەگێڕێت، بەکورتی هەر یەکێک لەو چینانە لە خوارەوە باس کراوە:
ترۆپۆسفێر: زاراوەی ترۆپۆسفیر لە دوو بەش پێکدێت: ترۆپۆ کە وشەیەکی گریکییە و مانای خولانەوە یان سووڕانەوە، و سفیریش بەمانی بەرگ، واتە پێکەوە مانای ئەوبەشەیە کە جووڵەی زۆری تێدایە و هەوا بزۆکە. چینی ترۆپۆسفێری زەوی لە ڕووی زەویەوە بەرز دەبێتەوە بۆ نزیکەی 12 کیلۆمەتر (7 میل و نیو) بەشێوەیەکی تێکڕا. بەرزییەکەی لە جەمسەرەکانی زەوی کەمترە و لە هێڵی کەمەرەیی گەورەترە.  ئەم چینە زۆر گرنگە و ئەرکی ڕاگرتنی هەموو ئەو هەوایەی کە ڕووەکەکان پێویستیانە بۆ کردەی ڕۆشنەپێکهاتن و ئاژەڵەکان پێویستیان پێیەتی بۆ هەناسەدان پێسپێردراوە، هەروەها نزیکەی لەسەدا 99ی هەموو هەڵمی ئاو ودەنکۆڵەهەواییەکانی (ئایرۆسۆڵەکانی) تێدایە (وردە گەردیلەی ڕەق یان شلە کە لە بەرگەهەوادا هەڵواسراون، بە ئایرۆسۆڵ دەناسرێن). لە ترۆپۆسفێردا، پلەکانی گەرما بە شێوەیەکی گشتی تا بەرزتر بچیت دادەبەزێت، بەو پێیەی زۆربەی ئەو گەرمییەی کە لە ترۆپۆسفێردا دەبینرێت لە ڕێگەی گواستنەوەی وزە لە ڕووی زەویەوە دروست دەبێت. ترۆپۆسفێر چڕترین چینە بەرگەهەوایە، کە بەهۆی کێشی چینەکانی بەرگەهەوای سەرەوەیەوە پاڵپێوەنراوە و پەستراوەتەوە. زۆربەی کەشوهەوای زەوی لێرە ڕوودەدات و نزیکەی هەموو ئەو هەورانەی کە بەهۆی کەشوهەواوە دروست دەبن لێرە دەبینرێن، جگە لە هەوری ڕەشەبا ی دەنکۆڵەیی، کە لوتکەکانیان دەتوانێت بەرزبێتەوە بۆ نزمترین بەشەکانی ستراتۆسفێری دراوسێ. زۆربەی گەشتەکانی فڕۆکەوانی لێرەدا ڕوودەدەن.
ستراتۆسفێر: چینی ستراتۆسفێر دەکەوێتە نێوان نزیکەی 12 بۆ 50 کیلۆمەتر (7.5 بۆ 31 میل) لە سەرووی ڕووی زەویەوە. ڕەنگە ئەم چینە زۆر باش ناسراو بێت چونکە چینە ئۆزۆنییەکەی زەوی تێدایە، کە لە تیشکی سەروو بنەوشەیی زیانبەخشی خۆر دەمانپارێزێت. لەم چینەدا و بە پێچەوانەی چینی ترۆپۆسفیرەوە و بەهۆی ئەو تیشکی سەروو بنەوشەییەوە، تا بەرزتر بچیتە ناو ستراتۆسفێرەوە، پلەکانی گەرما گەرمتر دەبن. دەتوانرێت بوترێت کە ستراتۆسفێر نزیکە لەوەی  بێ هەور و بێ کەشوهەوایە، بەڵام هەوری ستراتۆسفێری جەمسەریی هەندێک جار لە نزمترین و ساردترین بەرزاییەکانیدا هەن. هەروەها بەرزترین بەشە لە بەرگەهەوا کە فڕۆکەی جێت دەتوانێت پێی بگات.
مێسۆسفێر:  ئەم چینە دەکەوێتە نێوان نزیکەی 50 بۆ 80 کیلۆمەتر (31 بۆ 50 میل) لە سەرووی ڕووی زەویەوە. مێسۆسفێر لەگەڵ بەرزیدا وردە وردە ساردتر دەبێتەوە. لەڕاستیدا سەرەوەی ئەم چینە ساردترین شوێنە کە لەناو سیستەمی زەویدا دەبینرێت، بە تێکڕایی پلەی گەرمی نزیکەی - 85 پلەی سەدییە (120 پلەی فەهرەنهایت). هەڵمی ئاوی زۆر کەم کە لە سەرەوەی مێسۆسفێر دا هەیە، هەوری نۆکتیلۆسێنت دروست دەکات، کە بەرزترین هەوری بەرگەهەوای زەوییە و دەتوانرێت بە چاوی ئاسایی لە هەندێک بارودۆخدا و لە هەندێک کاتەکانی ڕۆژدا ببینرێت. زۆربەی نەیزەکەکان لەم چینە بەرگەهەوایەدا دەسووتێن. مووشەکی دەنگدار و فڕۆکەی بە مووشەک دەتوانن بگەنە مێسۆسفێر.
پێرمۆسفیر: هەرچی چینی پێرمۆسفیر هەیە ئەوە دەکەوێتە نێوان نزیکەی 80 بۆ 700 کیلۆمەتر (50 بۆ 440 میل) لە سەرووی ڕووی زەویەوە. پێرمۆسفیر کە نزمترین بەشەکەی ئایۆنۆسفێری تێدایە. لەم چینەدا پلەکانی گەرما لەگەڵ بەرزیدا بەرز دەبنەوە بەهۆی چڕییەکی زۆر نزمی ئەو گەردانەی لێرەدا دەبینرێن. پێرمۆسفیر هەم بێ هەور و هەم بێ هەڵمی ئاوە. لێرەدا هەندێک جار ئاورۆرا بۆریالیس و ئاورۆرا ئوسترالیس دەبینرێن، کە بریتین لە دیاردەیەکی فیزیایی و چەند ڕەنگێکی جوان پیشاندەدات. وێستگەی ئاسمانی نێودەوڵەتی لەم چینەدا دەسوڕێتەوە.
ئێکسۆسفێر: ئێکسۆسفێر دەکەوێتە نێوان نزیکەی 700 بۆ 10 هەزار کیلۆمەتر (440 بۆ 6200 میل) لە سەرووی ڕووی زەویەوە.  بەرزترین چینە لە بەرگەهەوای زەوی و لە لوتکەیدا لەگەڵ بای خۆردا تێکەڵ دەبێت. ئەو گەردیلەیەی لێرەدا دەدۆزرێتەوە چڕییەکی زۆر نزمە، بۆیە ئەم چینە وەک گازی ڕەفتار ناکات، و تەنۆلکەکانی لێرە هەڵدێن بۆ بۆشایی ئاسمان. لە کاتێکدا کە بە هیچ شێوەیەک کەشوهەوا لە ئێکسۆسفێردا نییە، هەندێک جار  شەفەقی (aurora)  جەمسەریی لە نزمترین بەشیدا دەبینرێن. زۆربەی مانگە دەستکردەکانی زەوی لە ئێکسۆسفێردا دەسوڕێنەوە.
لێواری بۆشایی ئاسمان: لە کاتێکدا بەڕاستی هیچ سنوورێکی ڕوون نییە لە نێوان کۆتایی بەرگەهەوای زەوی ودەستپێکردنی  بۆشایی ئاسمان، زۆربەی زاناکان هێڵکارییەک بەکاردەهێنن کە بە هێڵی کارمان ناسراوە و دەکەوێتە 100 کیلۆمەتر (62 میل) لە سەرووی ڕووی زەویەوە.  لەبەر ئەوەی %99   بەرگەهەوای زەویی لە ژێر ئەم خاڵەدایە. توێژینەوەیەکی شوباتی 2019 بە بەکارهێنانی زانیارییەکانی کەشتی ئاسمانی ناسا/دەزگای بۆشایی ئاسمانی پێشنیاری ئەوە دەکات، کە دوورترین شوێنەکانی بەرگەهەوای زەوی، وادانراوەکە  هەورێکە لە ئەتۆمەکانی هایدرۆجین کە پێی دەوترێت جیۆکۆرۆنا - لە ڕاستیدا ڕەنگە نزیکەی 391,000 میل (629,300  کیلۆمەتر ) درێژ بێتەوە، بۆ بۆشایی ئاسمان، زۆر لە دەرەوەی خولگەی مانگ.
 
شێوەی ژمارە 1: چینەکانی بەرگەهەوا لەسەر ڕووی زەوییەوە بۆ سەرەوە  پیشان دەدات.

*پڕۆفیسۆر لە بەشی زەویناسی/ زانکۆی سلێمانی

سەرچاوەکان: 
-
محێدین، ئیبراهیم محەمەد جەزا ،2013 ، بنەماکانی زەویناسی،  چاپخانەی ئاکام، سلێمانی، 354ل.
- جەلال ، باوان فایەق ، 2022، زەوی- بنەماکانی زەویناسی لەڕووی فیزیاییەوە، وەرگێڕان، کتێبخانەی دڵشاد، 302ل.
Lutgens, F.K., and Tarbuck, E.J., 2012, Essentials of Geology, 11th ed., Pearson Prentice Hall, New Jersey, 554p.
https://climate.nasa.gov/news/2919/earths-atmosphere-a-multi-layered-cake/

بابەتە پەیوەندیدارەکان