یادەوەریی وەرزشی

11:03 - 2022-10-17
وەرزش
430 جار خوێندراوەتەوە
#خوالێخۆشبوو شاهۆ حەمە فەرەج

خەسرەو گورون

58

لەژمارەكانی پێشوودا باسی چەند یارییەكی دۆستانە و خولێكی دۆستانەی تۆپی پێم كرد كە تیپی یانەی سلێمانی تیایدا بەشداریی كرد و لە شاری هەولێر ئەنجامدار، دوا یاریی دۆستانەمان  بەرامبەر یانەی موسڵ بوو رۆژی 23/9/1988 كردمان و 2-1 یارییەكەشمان بردەوە، دوای ئەم یارییە بەشداریی خولی جامی (ناوچەی ئۆتۆنۆمی) ئەوسامان كرد كە خولێکی دۆستانە بوون، دواتر بەشداری خولی جامی یانەکانی عیراقمان کرد.
رۆژی 30/9/1988 سەعات 4 ی عەسر لە یاریگای سلێمانی میواندارییمان لە تیپی یانەی عومالی بەغدا كرد، ئەم یارییە یاریی چوونی نێوانمان بوو لە خولی جامی یانەكانی عیراقدا بۆ وەرزی 1988-1989.
راهێنەرانی ئێمە حەمە بچكۆل و ئازاد وەهاب بوون، تیپی میوان بە درێسی شین و ئێمەش بە درێسی سپییەوە یاریمان كرد، هەردوو راهێنەر لەم یارییەدا بەپلانی 4-4-2 یارییان كرد، ئەنجامی ئەم یارییە بە دۆڕاندنێكی سەختی ئێمە 1-3 كۆتاییهات، تیمێكی ناوبژیوانیش لە كەركوكەوە هاتبوون بۆ بەڕێوەبردنی یارییەكە، هاندەرانێكی زۆری سلێمانی هاتبوون بۆ بینینی یارییەكە، پێكهاتەی سەرەكی تیپەكەش بەمشێوەیە بوو:
*گۆڵچی-رەفیق عەلی.
*بەرگریی-خەسرەو گورون، هادی كەریم، تەنیا حەسەن، سۆران ئەحمەد
ناوەند: ئامانجی سەید برایم-كاپتن، سەڵاحی شێخ ئەمین، ئازادی حاجی مەلا شەریف، خوالێخۆشبوو شاهۆ حەمە فەرەج
*هێرشبەر: حەمەی كەریم، بەختیار رەشید.
هەردوو راهێنەر لە یارییەكەدا سێ گۆڕانكارییان كرد، رزگار عەلی بۆ شوێنی رەفیق عەلی، رزگار مستەفا بۆ شوێنی سۆران، ئاسۆ قەلە بۆ شوێنی خوالێخۆشبوو شاهۆ حەمە فەرەج، ئەم یاریزانانەش یەدەگی تیپەكە بوون: داخل جەبار، بەكری شێخ مستەفا، ئالان محەمەد- ئالانی چیا.
تیپ یانەی عومالی بەغدا لە دەقیقەكانی (14، 32، 65) دا گۆڵەكانی خۆیان كرد، حەمەی كەریمیش لە دەقیقەی 45 دا تاكە گۆڵەكەی سلێمانی كرد.
هەفتەی دواتر و رۆژی 5/10/1988 چوینە بەغداو یاریی گەڕانەوەمان كردو لە ژمارەی ئایندەی ئەم باسەمدا باسی ئەو یارییە دەكەم.

بابەتە پەیوەندیدارەکان