سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی و مەکتەبی سیاسی وەک یەکەم وەفد سەردانی سەرۆک کۆماری عیراقیان کرد

02:02 - 2022-10-17
عیراق
456 جار خوێندراوەتەوە

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەیاوەری مەکتەبی سیاسی وەک یەکەم وەفد سەردانی د.لەتیف رەشید، سەرۆک کۆماری عیراقیان کرد لە کۆشکی سەلام.
لە دیدارێکدا وێڕای پیرۆزبایی و هیوای سەرکەوتن لە ئەرکە نوێکەیدا، هەموو پشتیوانی و هەماهەنگییەکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیان بۆ سەرۆک کۆماری عیراق دووپاتکردەوە لەپێناوی پارێزگاریکردن لە مافە دەستوورییەکانی گەلی کورد و هەنگاونان بەئاڕاستەی رێبازی سەرۆک مام جەلال کە خۆی لە تەبایی نێوان هێز و لایەنە سیاسییەکان و پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکاندا دەبینێتەوە.
لە درێژەی دیدارەکەدا، سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی ئاماژەی بەوەکرد، هەڵبژاردنی د.لەتیف رەشید وەک چوارەمین سەرۆک کۆماری کورد لە مێژووی عیراقدا، شانازییەکی گەورەیە بۆ گەلی کورد و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان. وتیشی، لە هەوڵەکانماندا لەگەڵ دۆستەکانمان لە بەغدا بەردەوام دەبین تاوەکو پارێزگاری لە پێگەی کورد بکەین و هەروەها کاربکەین بۆ خزمەتکردن و بونیادنانی داهاتوویەکی گەشتر بۆ هەموو گەلانی عیراق.
لەبارەی حکومەتی نوێی عیراقیشەوە، سەرۆک بافڵ وتی، باوەڕی تەواومان بەدەستوور و هاوبەشیی راستەقینەیە لە بەڕێوەبردنی وڵاتدا. ئەرکی حکومەتی نوێیە بە پشتبەستن بەبنەمای نیشتمانی و یەکسانی خزمەتی هەموو تاکەکانی وڵات بکات بەبێ جیاوازی و هەنگاوی گەورە بنێت لە روبەڕوبونەوە و دژایەتی گەندەڵیدا.

بابەتە پەیوەندیدارەکان