بۆ یەکەمجار دوای ماڵئاوایی سەرۆک مام جەلال، مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە بەغدا کۆبۆوە

03:59 - 2022-10-17
عیراق
480 جار خوێندراوەتەوە

ئەمڕۆ دووشەممە 17ی تشرینی یەکەمی 2022 مەکتەبی سیاسیی یەکێتی بەسەرپەرشتی بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ماڵی مام لە بەغدا کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەسەر دۆخی سیاسیی عیراق و شایستە دەستوورییەکانی گەلی کوردستان کرا، دوابەدوای دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق و ھەڵبژاردنی ھەڤاڵ د.لەتیف رەشید وەک سەرۆک کۆماری عیراق کە یەکێکە لە تێکۆشەرە سەرەتاییەکانی دامەزراندنی یەکێتی.
سەرۆک بافڵ وێڕای ئاماژەدان بەسەرکەوتنی یەکێتی لەم وێستگە گرنگەدا، جەختی لە جێبەجێکردنی خواست و مافە دەستووری و یاساییەکانی تری گەلەکەمان و یەکێتی کردەوە لە حکومەتی نوێی عیراقدا بەسەرۆکایەتی دەوڵەتمەداری راسپێردراو، محەمەد شیاع سودانی. کۆبوونەوەکە جەختیشی کردەوە کە پێویستە حکومەتێکی خزمەتگوزار، کارا و بەھێزبێت و پارێزگاری لە مافی هەموو نەتەوە و پێکهاتەکان بکات.
بەشێکی تری کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی لە بەغدا تایبەت بوو بەپێویستی پتەوکردنی ئامادەیی سیاسی و رێکخراوەیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بەغدا وەک سەنگەری پێشەوەی خەباتی دیموکراتی و نیشتمانیی گەلەکەمان، لەوبارەیەشەوە بڕیاری پێویست پەسەندکرا.
شایانی باسە لە دوای ماڵئاوایی سەرۆک مام جەلالەوە، ئەمە یەکەم کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی یەکێتییە لە بەغدا بەڕێوەبچێت.

 

بابەتە پەیوەندیدارەکان