وتەبێژی یەكێتی: پشكی كورد لە حكومەتی نوێدا چوار وەزارەتە

09:15 - 2022-10-20
ڕاپۆرت
439 جار خوێندراوەتەوە

د.سۆران جەمال تاهیر وتەبێژی رەسمیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دووپاتیدەكاتەوە: یەكێتی چەند بنەمایەكی نەگۆڕی لە كاری سیاسیدا هەیە و كارنامەیەكی پێشكەشكردووە لە چوارچێوەی بەشداریكردنی لە هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت، بۆ چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی عیراق، پێشبینی دەكات لە كابینەی نوێی حكومەتی عیراقدا «یەكێتی دوو وەزارەتی بەر بكەوێت لەو چوار وەزارەتەی كە پشكی كوردە».

״یەكێتی دەستپێشخەریی كردووە بۆ دیالۆگی نیشتمانیی گشتگیر״
د.سۆران جەمال تاهیر وتەبێژی رەسمیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە دیدارێكدا لەگەڵ سایتی رەسمیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان PUKMEDIA دەڵێت: یەكێتی لە قۆناغی چەقبەستوویی لە پڕۆسەی سیاسیدا، بە هەلومەرجی جۆراوجۆردا تێپەڕیوە و رووبەڕووی چەندین كۆسپ و تەگەرەی سیاسی بۆتەوە و چەند دەستپێشخەرییەكی كردووە بۆ دیالۆگێكی نیشتمانیی گشتگیر، بەڵام سەرەڕای هەموو ئەمانە، پابەندبووە بەو بنەمایانەی كە سەرۆك مام جەلال دایڕشتووە بە مەبەستی گەیاندنی وڵات بە كەناری ئارام و تێپەڕاندنی قەیران و ئاڵنگارییە سیاسی و ئەمنی و ئابووری و ئیدارییەكان».
دوای راسپاردنی محەمەد شیاع سودانی بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێی عیراق، یەكەمین سەردانی بۆ لای سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بوو لە بەغدا.

״پتەوتركردنی پەیوەندییە سیاسییەكان لەگەڵ سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییە جیاوازەكان، ستراتیژمانە״

وتەبێژی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەڵێت: «لەو دیدارەدا هەردوولا گفتوگۆیانكرد لەبارەی دید و هەڵوێستی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان سەبارەت بە میكانیزمی پێكهێنانی حكومەت و زامنكردنی مافەكانی گەلی كوردستان»، بەڵام لە بارەی بەرنامە و پلانەكانی یەكێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ قۆناغی داهاتوو، دەڵێت: «هەندێكجار، رەنگە پێداویستییەكانی قۆناغەكە پێویستی بە گۆڕینی هەندێك ستراتیژ هەبێت بۆ گەیشتن بەو ئامانجانەی كە لە بەرژەوەندیی خەڵكی كوردستان و عیراقدایە بەگشتی، لە رێی پێشكەشكردنی بەرنامە و پێشنیاز بۆ حكومەتی نوێ».

״كارنامەیەكی پێشكەشكردووە لە چوارچێوەی بەشداریكردنی لە هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت״
سەبارەت بە ستراتیژ، یان پڕۆژەیەكی ئامادەكراوی یەكێتی بۆ حكومەتی داهاتوو لە چوارچێوەی ماف و داواكارییەكانی خەڵكی كوردستان،  د.سۆران جەمال تاهیر ئاشكرایكرد «یەكێتیی نیشتمانیی کوردستان لە رێگەی كۆبوونەوە و گفتوگۆكانی لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی راسپێردراو، كارنامەیەكی پێشكەشكردووە لە چوارچێوەی بەشداریكردنی لە هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت، بۆ چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدراڵی بەپێی دەستوور».
«هەوڵی سەرەكی ئێمە بۆ دەستەبەركردنی شایستەكانی كورد و خەڵكی عیراقە بەگشتی، نەك بۆ دەستكەوت و ئیمتیازات و پۆست لە حكومەتی داهاتوودا و یەكێتی پشتیوانیی پێكهێنانی حكومەتێكی بەهێز دەكات كە توانای بەدیهێنانی دیموكراسی و دەستەبەركردنی ئازادیی و ژیانێكی شایستەی هەبێت بۆ گەلانی عیراق بە پێكهاتە جیاوازەكانییەوە».

״پشكی كورد لە حكومەتی داهاتوودا چوار وەزارەتە، كە وەزارەتێكیان سیادییە״
لەبارەی پشكی وەزاری كورد لە حكومەتی داهاتووی عیراقدا، وتەبێژی رەسمیی یەكێتی دەڵێت: پشكی كورد لە حكومەتی داهاتوودا چوار وەزارەتە، كە وەزارەتێكیان سیادییە، پێشبینیش دەكات «یەكێتی دوو وەزارەتیان وەربگرێت، لەگەڵ ژمارەیەك دەستە و بریكاری وەزارەت و بەڕێوەبەری گشتی لە حكومەتی داهاتوودا».
یەكەمین كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی لەبەغدا لە دوای ماڵئاوایی سەرۆك مام جەلال، رۆژی 17/10/2022 بەڕێوەچوو بە سەرپەرشتی سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی، كە ئاماژەكان بۆ ئەوەن كە یەكێتی ئامادەیی سیاسیی دەبێت لە بەغدا.
وتەبێژی رەسمیی یەكێتی دەڵێت: پلان و بەرنامەی زۆر هەن، كە بەم نزیكانە دەچنە بواری جێبەجێكردنەوە، بۆ ئەوەی ئەندامانی مەكتەبی سیاسی ئامادەیی بەردەوامیان هەبێت بە سەرپەرشتی سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی لە بەغدا، بە ئامانجی وەبەرهێنان لەو پاشخانە ستراتیژییە سیاسییەی سەرۆك مام جەلال بنیاتی ناوە، وتیشی: پتەوتركردنی پەیوەندییە سیاسییەكان لەگەڵ سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییە جیاوازەكان و بەرگریكردن لە مافەكانی خەڵكی كوردستان لە پڕۆسەی سیاسی و حوكمڕانی لە عیراقدا، ستراتیژی یەكێتییە لە بەغدا.

 PUKMEDIA

#د.سۆران جەمال تاهیر

بابەتە پەیوەندیدارەکان