کۆڕبەندی راوێژکاریی بۆ گەشەپێدانی پەروەردە و ئەدەبی هاوچەرخی منداڵان

09:49 - 2022-10-20
ڕاپۆرت
835 جار خوێندراوەتەوە
ئەندام و بەشداربووانی کۆڕبەندی راوێژکاریی ئەدەبی هاوچەرخی منداڵان

ئەسرین محەمەد

دنیایەکی ئارام، داهاتوویەکی گەش لە پەروەردە و ئەدەبی منداڵان، دروشمی کۆڕبەندێکی راوێژکاریی لقی سلێمانی یەکێتی نووسەرانی کورد بوو بۆ گەشەپێدانی پەروەردە و ئەدەبی هاوچەرخی منداڵان.
لە کۆڕبەندەکەدا هەوڵدرا بەشـێک لـە راسـپاردەی کارکردنـی ئایندە دیـاری بکرێت،  پێشنیازی جدی جێگای راوێژ و گفتوگۆی زانستی بوون و وەک راسپاردە تۆمارکران بۆ کارەکانی داهاتوو، هەروەها دیاریکردنـی فاکتـەرە فەلسـەفی و فیکرییەکانـی لاوازی و کەمتەرخەمـی لـە بـواری پـەروەردە و ئەدەبیاتـی منداڵاندا دیـاریکران.
دکتۆر شێرکۆ عەبدوڵا سەرۆکی لقی سلێمانی یەکێتی نووسەرانی کورد وتی، دۆخی پەروەردە و فێرکردن لە گەڵیشیدا دۆخی ئەدەب و هونەری منداڵان لە ئاستێکدا نین مایەی دڵنیایی بن بۆ کەسانی شارەزا، هۆکارەکان زۆر و پێکدا هەڵپژاون، بابەتی و خودین، ناوخۆیی و دەرەکین، ئابووری و فەرهەنگین، بەڵام تێکڕا یەک ئەنجامی کارەساتباریان هەیە نەوەی داهاتوو نامۆ دەبێت بە زمان و کەلتوری نەتەوەکەی، بێ متمانە دەردەچێ بە دەزگاکانی حوکمداری و لە چاوی بازاڕەوە دەڕوانێتە ژیان.
وتیشی، هەنگاوی یەکەمی چارەسەر هەستکردنە بەو مەترسییانە کە دەستەبژێرێکی ئەدەبی و رۆشنبیریی و پەروەردەیی خۆشبەختانە لە کۆڕبەندەکەدا ئەو هەست و خەمخۆرییەیان سەلماند، هەنگاوی دواتر دروستکردنی ئەنجومەنێکە پێشنیاز و راسپاردەکان رێک بخات و بەهاوکاری هەموو لایەکی پەیوەست بە بابەتەکەوە کاریان لەسەر بکەن.
ئەمین محەمەد توێژەر و شاعیر و ئەندامی لیژنەی ئامادەکاری کۆڕبەند باسی لەوەکرد، هیواخوازن و مەبەستیانە ئەدەبی منداڵان لەو چەقبەستوییە دەرباز بکەن بە هاوکاری یەکێتیی نووسەران  و شارەزایان و خەمخۆرانی بوارەکە.

هەموو هەوڵێکی پێشخستن جێی دەستخۆشییە
لەلایەکی ترەوە دڵشاد عەبدولڕەحمان توێژەر و وەزیری پێشووی پەروەردە رایگەیاند، هەموو هەوڵێک بۆ بەرەوپێشبردنی ئەدەبی منداڵان و پەروەردە جێی دەستخۆشی لێکردنەوە و ئەم کۆڕبەندەش یەکێکە لەو هەوڵە چالاکانە.
هاوکات موحسین ئەدیب بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی رۆشنبیری سلێمانی ئاماژەی بەوەکرد، ئەنجامدانی ئەم کۆڕبەندە کارێکی پێویست و نوێ بوو و هیوادارم راسپاردەکانی بەهەند وەربگیرێت و کاری جدی لەسەر بکرێت بۆ ئایندە.
بەشداربووان بەهیوان پێشنیاز و راسپاردەکانی لە کۆڕبەندەکەدا خرانەڕوو بەباشی کاریان لەسەر بکرێت بەو ئومێدەی ئەدەبی منداڵانی کورد هەنگاوێکی زیاتر بچێتە پێشەوە. 
رۆستەم خامۆش نووسەر و چیرۆکنووسی بواری منداڵان/ هەولێر وتی، ئەم کۆڕبەندە چالاکییەکی زۆر باش بوو تیایدا چەندین توێژینەوە و پێشنیاز و راسپاردە خرانەڕوو بۆ پێشخستنی پەروەردە و ئەدەبی منداڵان.

جێبەجێکردنی پێشنیازەکان
رەئوف جەمیل شاعیر دەڵێت، هیوامان ئەوەیە چی لەو کۆڕبەندەدا وتراوە ببێتە دەستە گوڵێک و لەسەر مێزی گفتوگۆ هەمووی جێبەجێ بکرێت و منداڵە چاوگەشەکانیش ئاواتەکانیان بێتەدی.
زارا ئەحمەد جاف نووسەر/ رانیە باسی لەوەکرد، دەمانەوێت ھاوشان و ھاودەنگ ھەموو ئەو کەموکوڕیانەی لە زمانەوانی و فەرھەنگ و کەلتوری پەروەردەکەماندا ھەیە لەڕێی ئەدەبی منداڵانەوە راستە رێی بکەین و بیھێنینەوە سەر رێچکە دروستەکەی خۆی.
 عەلی حەمەڕەشید بەرزنجی شاعیرو نووسەر ئاماژەی بەوەکرد، پەروەردە و ئەدەبیاتی منداڵان دوانەیەکی گرێدراون پێکەوە و هەرچەندە دوو بابەتی جیا و جیاواز و سەربەخۆن، بەڵام لەبەرئەوەی کە هەردووکیان لە منداڵەوە دەستپێدەکەن و منداڵیش وەک وتراوە بەردی بناغەی بنیاتنانی کۆمەڵگەیە بۆیە پێویستە لەپێناو کۆمەڵگەیەکی دروستدا زیاتر گرنگی پێبدرێت.
مەحمود عەبدولکەریم باجەڵان ئەندامی لیژنەی ئامادەکاری کۆڕبەند دەڵێت، خەمخۆری و دڵسۆزی و بەدەمەوەهاتنی پسپۆڕان و ئەدیب و نووسەران لە کۆڕبەندەکە وایکرد ئومێدی گەورەمان هەبێت لە ئایندەدا کاری زۆر باشتر و جدیتر بکەین.

هەندێک لە بابەتەکان کرچ و کاڵ بوون
هاوکات بەشداربوویەک پێیوایە جگە لە بابەتی بەهێز هەندێک بابەتیش لە کۆڕبەندەکەدا خراونەتەڕوو کە ناوەڕۆکەکەیان بەپێی پێویست نەبووە.
فوئاد سەڕاج جێگری سەرۆکی لقی سلێمانی یەکێتی نووسەرانی کورد رایگەیاند، هەموو توانایەکمان خستەکار بۆ سەرکەوتنی ئەم کۆڕبەندە کە جێگای شانازی نووسەرانە، لە کۆڕبەندەکەدا لەگەڵ بوونی بابەتی بەپێز، بەڵام کۆمەڵێک بابەتی کرچ و کاڵ و بێ توانا لە هەندێک لە نووسینەکاندا دیار بوو، دەبوو بەڕێوەبەرانی کارەکە پێشتر و وردبینانەتر لە بابەتەکانیان بکۆڵیایەتەوە و پاشان پێشکەش بکرانایە.
کۆڕبەندەکە وەک بەئاگاهێنانەوە بوو بۆ ئەو غەدرەی به‌درێژایی چه‌ندین ساڵ له‌مێژووی ئه‌ده‌بیاتی منداڵان کراوە سەردار قادر شاعیر وتی، ئه‌م كۆڕبه‌نده‌ به‌ئاگای هێناینه‌وه‌ پێیوتین تا كار له‌كار نه‌ترازاوه‌ ئه‌و بۆشاییانه‌ پڕبكه‌ینه‌وه‌ ئه‌ده‌بیاتی منداڵان بكه‌ین به‌خاڵی وه‌رچه‌رخان و قۆناغ به‌قۆناغ بیگه‌یەنینه‌ لوتكه‌.
زرار عەلی شاعیر ئاماژەی بەوەکرد، ئەو بابەتانەی لە کۆڕبەندەکەدا گفتوگۆکران بابەتی هەستیار و پێویست و مایەی هەڵوێستە لەسەرکردن بوون، ئەوەی گرنگە یەکێتی نووسەرانی کورد تا چەند لەو ئاستەدایە راسپاردە و پێشنیازەکانی کۆڕبەندەکە لەخۆدەگرێت و جێبەجێی دەکات.

ئەنجومەنی چالاکییە ئەدەبی و پەروەردەییەکان
زیاد رەشاد نووسەر و توێژەر/ هەولێر وتی، رێکخستن و سازدانی ئەم کۆڕبەندە لەلایەنی ئەدەبی و پەروەردەییەوە هەنگاوێکی دروستە و جێگای دەستخۆشییە، ئومێد دەکەم هەموو ئەو سەرنجانەی پێشکەش کران، لەپێناو دونیایەکی رەنگین و درەوشاوەتر بۆ جگەرگۆشەکان، کاریان لەسەر بکرێت و لە داهاتوویەکی نێزیکدا بەرهەم و لێکەوتەکانی ببینین.

شێرکۆ عەبدوڵا: دۆخی ئەدەب و هونەری منداڵان لە ئاستێکدا نین مایەی دڵنیایی بن بۆ کەسانی شارەزا

لە کۆڕبەندەکەدا ئەنجامی چەندین توێژینەوەی ئەدەبی و پەوەردەیی کرانە راسپاردە و پێشنیاز و سەرجەم بەشداربووان هاوڕابوون لەسەر چارەسەرکردنی کێشەکان و پشگیریکردنی پڕۆژەکە لەکۆتایدا ئەنجومەنی چالاکییە ئەدەبی و پەروەردەییەکان راگەیەنرا پەیام ئیبراهیم، چیرۆکنووس و ئەندامی لیژنەی ئامادەکاری کۆڕبەند باسی لەوەکرد، سەرجەم راسپاردەکان لەڕێی ئەم ئەنجومەنەوە دەبێتە بنەمای کاری داهاتوو و بەهیوام وەزارەتی پەروەردە و وەزارەتی رۆشنبیری هاوکار و پاڵپشتی ئەنجومەنەکەبن.

بابەتە پەیوەندیدارەکان