بەسەرکردنەوەی ژنانی خەباتگێڕ

ئەڵماس فه‌ره‌ج: لەگەڵ هاوسەرەکەم پێکەوە پەیوەندیمان کرد بە ی.ن.ک-ەوە

09:52 - 2022-10-20
کەلتور
440 جار خوێندراوەتەوە
ئەڵماس فەرەج عەبدولکەریم

ئا: نەسرین کوردە

یەکێکی تر لەو    تەوارانەی بزووتنەوەی کوردایەتی و ی.ن.ک خاتوو ئەڵماس فەرەج عەبدولکەریمە کە جگەلەوەی بە بنەماڵە لە شۆڕشی ئەیلولدا بەشداربوون و دوای هەرەسیش ئاوارەی ئۆردوگای سەوڵاوای رۆژهەڵاتی کوردستان بوون و پاش بێ ئومێدبوون گەڕاونەتەوە باشووری کوردستان، بەڵام لە تامەزرۆییان بۆ ئازادیی گەلەکەیان و دەستپێکردنەوەی خەبات، لەگەڵ سەرهەڵدانەوەی  شۆڕشی نوێدا خۆی و هاوسەرەکەی پێکەوە پەیوەندییان کردووە بە رێکخستنەکانی ی.ن.ک- ەوە.

گەیاندنی نووسراوو بەیاننامەکان  کارێکی ئاسان نەبوو
خاتوو ئەڵماس  له ساڵی1957 له‌ ‌دایك بوووە، هاوسەری تێکۆشەری دێرین هەڤاڵ مامۆستا عوسمان کانی پانکەییە، ساڵی 1976 پێکەوە لەڕیی شەهیدی سەرکردە مامۆستا جەمال تاهیر-ەوە پەیوەندییان کردووە بە ی.ن.ک-ەوە و وەک خۆی دەڵێت: ئەرکی گەیاندنی بەیاننامە و بڵاوکراوەکانی شۆڕش و رێکخستنی پێ سپێردراوە. کە دیارە گەیاندن و بڵاوکردنەوەی ئەو نووسراوو بەیاننامانە و دەربازکردنیان بەناو بازگە و بۆسەی ئەمن و تەوارییدا کارێکی ئاسان نەبووە. 
هەروەها دەڵێت: «ئەم ئەرکەمان تا سەرەتای ساڵی 1980 ی خایاند، بەڵام کاتێک مامۆستا جەمال تایەر کەوتە بەرچاوی ئەمنی سلێمانی و دەستگیرکرا،  مامۆستا عوسمانی هاوسەریشم لەلایەن دەزگاکانی بەعسەوە بانگکراو چەند رۆژێک بە دەستبەسەریی لێپرسینەوەی لەگەڵدا کرا، بۆیە ناچاربووین بە ماڵەوە بگەڕێینەوە بۆ گوندەکەی خۆمان له‌ کانی پانکەی خواروو. 
هەروەها رایگەیاند لەوێش چەند جارێک هاوسەرەکەی دەستگیرکراوە و جارێک بەنیازبوون هەردووکیان پێکەوە ببەن بۆ سەربازگەی کانی پانکە، بەڵام خەڵکی کانی پانکە رێگرییان کردووە و نەیانهێشتووە ئەو ببەنە سەربازگەکە، بەڵکو براوەتە ماڵی موختاری کانی پانکەی سەروو هاوسەرەکەشیان لە سەربازگەکە دەستبەسەرکردووە.

بەرەو شاخ و پێشمەرگایەتی
ئەو خانمە هەروەها باسی قۆناغی دواتر دەکات و دەڵێت: بەو شێوەیە لە دڵە راوکێ و هەڵکوتانەسەری ناوبەناودا ماینەوە تا ساڵی 1986 و پاشان ویستیان بۆ دەورەی جەیشی شەعبی هاوسەرەکەم ببەن بۆ خورماتوو، ئەویش رەتیکردەوە، بۆیە دوای چەند مانگێک خۆشاردنەوەمان ناچار هاوسەرەکەم پەیوەندیی بە هێزی پێشمەرگەوە کرد لە تیپی 15 ی شارەزوور و بەوەش فەرمانی دەرکردنمان بۆ دەرچوو و خانوەکەشمانیان رووخاند.
دواجار ئەویش لە مانگی 5ی 1987 بەخۆی و هەر چوار منداڵەکەیەوە بە هاوکاریی خزمەکانی و دۆستانی شۆڕش خۆی دەگەینەێتە گوندی دەربەند فه‌قه‌رەی نزیک قه‌ره‌داغ و کە بارەگای تیپی 15ی شارەزووری لێ بووە و بە خێزانی لەوێ لەگەڵ ماڵی چەند پێشمەرگەیەکی تردا نیشتەجێ بوون.
لەبەشێکی دیکەی قسەکانیدا وتی: دوای چڕبوونەوەی شاڵاوەکانی ئەنفالی دوو لەو گوندە ماینەوە، بەڵام ئیتر ناچار بووین بە پەنهانی ناوچەکە بەجێ بهێڵین بەرەو  ئۆردوگای زۆرەملێی نەسر و لەوێوە لەگەڵ کاک مەجیدی برامدا بەرەو ناو شاری سلێمانی گەڕاینەوە. کە لەناوشاری سلێمانیش دۆخێکی زۆر ناخۆش بوو بەهۆی گرتنی خەڵکی گوندەکانەوە کە خۆیان گەیاندبووە ناوشار بۆیە رژێم لە رێی دامودەزگا جۆربەجۆرەکانییەوە دەستیکرد بە پشکنینی ماڵان، بۆیە بەناچاریی لەو ماوەیەدا لە نێوان چەند ماڵێکدا خۆم دەشاردەوە.  

کۆتایی ئەنفال و  گەیشتنەوە بە پێشمەرگە
هەروەها دەگێڕێتەوە کە بەو شێوەیە ماونەتەوە تا کۆتای شاڵاوەکانی ئەنفالی سێی گەمیان و چواری دەشتی کۆیە و گەیشتنی پێشمەرگەکانی ئەو سنوورانە، ئیتر ئەوانیش ئاگادارکراونەتەوە بۆ خۆئامادەکردن تا بتوانن خۆیان بگەیەننەوە بناری قەندیل و پێکگەیشتنەوەیان لەگەڵ مامۆستا عوسمانی هاوسەری.
پاشان دەڵێت: لە سەرەتای مانگی حوزەیرانی 1988 خۆمان ئامادەکرد بۆ دەرچوونمان بۆ بناری قه‌ندیل، سەرەتا بەڕێیان کردین بۆ شارۆچکەی سەنگەسەر و بردینیانینە ماڵێک کەسێک بەناوی عەبدوڵڵای برایم کە ئامر سریەی چەکدارانی سەربە ڕژێم بوو، بەڵام بە نهێنی سەربە رێکخستنەکانی ی.ن.ک بوو زۆر هاوکاریی کردین، ئەوەبوو پاش چەند رۆژێک لە سواری وڵاخ و پیادەڕەوی بەناو رەبییەکانی سوپادا  لە رۆژی 10/6/1988 بەڕێکەوتین بۆسەر چیایەک و لای ئێوارە گەیشتینە گوندی بادیناوای بەرامبەر شاری بانە و لەسەر گۆڕستانەکە ماینەوە کە بە 16 کەس بە دوو منداڵەوە تەنیا چوار بەتانیمان پێ بوو، دوای چەند هەفتەیه‌ك چوینە شاری بانەوە و لەوێوە بۆ گوندی باڵەیان و گۆخڵانی ناوچەی شلێری پێنجوێن کە بەدەست ئێرانەوە بوو، هەتا دێی نزارە و لە راوەستانی شەڕی نێوان عیراق و ئێران لە گوندی  ساوجیەوە چووینە ناو شاری مەریوانەوە. 

هێرۆخان لە مەریوان  کۆبوونەوەی پێکردین

هەروەها دەڵێت بەهۆی ئەوەی کە عوسمانی هاوسەرم بوو بە بەرپرسی پەیوەندیەکانی ئێران، لەو ماوەیەدا لە شاری مەریوان گیرساینەوە و خاتوو هێرۆخان لەپێش رۆژی 4/11/1989 سەردانی مەریوانی کرد و هاتە ماڵمان و بیرۆکەی دامەزراندنی یەکێتیی ژنانی کوردستانی لە شاخ باسکرد و دوای کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ خێزانی پێشمەرگەکانی سنووری مەریوان، بڕیاری دامەزراندنی رێکخراوەکە درا و  من بووم بە ئەندامی دەستەی دامەزرێنەر و بەرپرسی رێکخستنی ژنانی سنووری مەریوان.
سەرەڕای هەندێک لە نیگەرانیی ژنەکان لە دۆخەکە بەڵام دەڵێت: دواتر زۆر چالاکانە هاتنە پێشەوە و  سەرەتا گۆڤاری تەواریان دەرکرا و ئیتر تا راپەڕین بەردەوام بووین. هەروەها دەڵێت لەدوای گەیشتنەوەشمان بە ناوشاری سلێمانی دەستمانکردەوە بە کاری رێکخستن و چەند پلەیەکی رێکخراوەییم بڕی تا پلەی ئەندام کۆمیتە و تا ساڵی 1996  بەردەوام بووم، ئیتر بەهۆی باری تەندروستیمەوە لەماڵەوە کەوتم، بەڵام گلەیی ئەوە دەکات کە تا چەند مانگێک هاوکاریی و مووچەی ئەندام کۆمیتەییان پێداوە و دواتر بڕیویانە.

دووبارە بەرەو ئۆردوگا و  گەڕانەوەی بەپەلە 
له رووداوی 31ی ئابی 1996یشدا  بە خێزانی رۆیشتوونەتە گوندی ژاژڵە و شاناخسێ و چۆمان و  لەوێشەوە بۆ ئۆردوگای سەیران بەند تا لەکاتی گەردەلوولی تۆڵەدا گەڕاونەتەوە سلێمانی و لە گەڕەکی ئاشتی نیشتەجێ بوون.
خاتوو ئەڵماس جارێکی تر لەدوای گەڕانەوەی دەستیکردۆتەوە بە کاری رێکخست، بەڵام رەخنەی لەوە هەیە کە وەک ژنانی شاخ ئاوڕی جدیان لەلایەن یەکێتی و حکومەتەوە لێ نەدراوەتەوە و ماوەیەک مووچەیەکی 60 هەزاردینارییان بۆ دابین کردوون کە لە ساڵی 2014 ەوە  ئەوەش بڕاوە لەکاتێکدا چەندین کەس لەو ژنانەی شاخ کۆچی دواییان کرد یان بەدەست نەخۆشیی درێژخایەنەوە دەناڵێنن. 
له‌ کۆتاییشدا ئومێدەوارە لێرەوە دەنگی بگاتە بەرپرسان تا مافی خۆیان پێبدرێت و خانەنشینیەکەیان بۆ بگەڕێنرێتەوە بەشێوەیەکی دادپەروەرانە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان