سەرۆک کۆمارى عیراق ژمارەیەک تێکۆشەرى دێرینی بەسەرکردەوە

06:17 - 2022-10-20
ڕاپۆرت
494 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆک کۆمار د.لەتیف رەشید سەرۆک و ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی (ی.ن.ک)ى بەسەرکردەوە.

د.لەتیف رەشید سەرۆک کۆمارى عیراقی فیدراڵ لە میانی سەردانەکەیدا بۆ پارێزگاى سلێمانی، ژمارەیەک تێکۆشەرى دێرینی بەسەرکردەوە لە سەرۆک و ئەندامانی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە چەند دیدارێکی جیادا جەختیکردەوە لەسەر پێویستی پشتبەستن بەدەستوور لەپێناوی بەدیهێنانی مافی هەموو پێکهاتەکانی عیراقدا. 

لە یەکەم وێستگەدا، رۆژى پێنجشەممە 20/10/2022. سەرۆک کۆمار د.لەتیف رەشید هاوڕێ لەگەڵ باڵیۆز د.محەمەد سابیر سەرۆکی دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی، سەردانی کۆسرەت رەسوڵ عەلى سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی کرد و رایگەیاند کە ئامانجێتی لە عیراقێکی فیدراڵ و دیموکرات و لە چوارچێوەی بنەماکانی دەستووری عیراقدا خزمەت بکات.

کۆسرەت رەسوڵ عەلی سەربارى پیرۆزبایی گرتنەدەستی ئەم ئەرکە گرنگە، هیوای خواست بەپاڵپشتی و پشتیوانی هەموو لایەک سەرکەوتوو بێت.

دواتریش سەرۆک کۆمار د.لەتیف رەشید لە دوو دیداری جیادا چاویکەوت بەهەریەک لە عومەر فەتاح و حاکم قادر حەمەجان ئەندامانی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی (ی.ن.ک).

لەو دیدارانەدا هاوڕابوون کە تاکەڕێگەی چارەسەری کێشەکان لە عیراقدا گفتوگۆ و لەیەکترگەیشتنە و جەختیش لەوەکرایەوە کە پێویستە هەموو لایەنەکان بە گیانێکی نیشتمانی و بە نەفەسی پێکەوە کارکردنەوە مامەڵەبکەن و دەستوور بکەنە تاکە چارەسەری کێشەکانیان و کاربکەن بۆ باشترکردنی دۆخی ژیانی هاووڵاتیان و رەخساندنی هەلى کار و دابینکردنی خزمەتگوزارییە پێویستەکان.


بابەتە پەیوەندیدارەکان