یەكێتی بەقورسایی زیاترەوە لە بەغدا دەبێت

03:40 - 2022-10-22
عیراق
454 جار خوێندراوەتەوە

یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەقورسایی سیاسیی زیاترەوە ئامادەیی لە بەغدا دەبێت و یەكەمین كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسیی بە سەرپەرشتی سەرۆكی یەكێتیی لەدوای ماڵئاوایی سەرۆك مام جەلال كرا، لێپرسراوی مەكتەبی راگەیاندیش ئاشكرای دەكات، یەكێتی ئامادەیی بەردەوامی لە عیراق دەبێت و پشتیوانی حكومەتی نوێ دەكات بەو پێیەی بەغدا سەنگەری یەكەمی بەرگرییە لە مافەكانی گەلی كورد.
جوڵە سیاسییەكانی یەكێتی
دوای هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری عیراق، جوڵە سیاسییەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەردەوام دەبێت، بەتایبەتی لە پرسی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت و داكۆكی لە مافەكانی گەلی كورد.
سۆران جەمال تاهیر وتەبێژی رەسمی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە PUKMEDIAی راگەیاند، یەكێتی چەند بنەمایەكی نەگۆڕی لە كاری سیاسیدا هەیە، كارنامەیەكی پێشكەشكردووە لە چوارچێوەی بەشداریكردنی لە هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەتدا بۆ چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی عیراق.
وتەبێژی رەسمی یەكێتیی ئاشكرایكردووە کە یەكێتی دوو وەزارەتی بەر بكەوێت لەو چوار وەزارەتی كەپشكی كوردە.
پاراستنی مافەكانی گەلی كوردستان
هاوکات لێپرسراوی مەكتەبی راگەیاندن دەڵێت، سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی لە كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسی لە بەغدا تەئكیدیكردەوە كە یەكێتی لە رێگەی وەفدەكانی و كردنەوەی دامەزراوە رێكخراوەییەكانییەوە، ئامادەیی بەردەوامی لە بەغدا دەبێت، ئەم ئامادەبوونەش بۆ پاڵشتی حكومەتی نوێی عیراق و پاراستنی مافەكانی گەلی كوردستانە لە عیراق.
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ئەو بۆشاییە لە بەغدا پڕدەكاتەوە كە لە دوای ماڵئاوایی سەرۆك مام جەلال لە بەغدا دروستبووە، بەتایبەتی ئامادەیی سیاسی و دیپلۆماسی هەڤاڵ بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتی نیشتمانیی كوردستان.
ستران عەبدوڵڵا  لێپرسراوی مەكتەبی راگەیاندن دەڵێت، ئامادەبوونی یەكێتی وەك حزبێكی سیاسی لە بەغدا، پێگە و بایەخی لەگۆڕەپانی سیاسی عیراقدا هەیە، كۆچی دوایی سەرۆك مام جەلال بۆشایی لە بەغدا دروستكرد.
وتیشی، ئامادەبوونی سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی و بەشداریكردنی كارای لە گفتوگۆكانی دوای هەڵبژاردن بۆ نزیككردنەوەی بۆچوونە جیاوازەكان بەمەبەستی پێكهێنانی حكومەت و ئامادەیی یەكێتیی لەبەغدا بۆ داخوازی بەركەوتەكانی كورد لە حكومەتی نوێ و داڕشتنەوەی كارنامەی حكومەت، كاریگەری گەورەیان لە چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكانی ساڵانی رابردوو دەبێت كە بەهۆی ئەو جەمسەرگیرییەی نێوان هەولێر و بەغدا دروست بووبوون.
پشكی یەكێتی دوو وەزارەتە
محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی راسپێردراو بۆ پێكهێنانی حكومەت سەرقاڵی پێكهێنانی كابینە نوێكەیەتی و لە دەرگای لایەنە سیاسییەكان دەدات بۆ بەشداریكردن و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كارنامەی خۆی هەیە و پێشكەشیكردووە.
وتەبێژی یەكێتیی دەڵێت، یەكێتیی نیشتمانی لەڕێگەی كۆبوونەوە و گفتوگۆكانی لەگەڵ محەمەد شیاع  سودانی سەرۆك وەزیرانی راسپێردراو، كارنامەیەكی پێشكەشكردووە لە چوارچێوەی بەشداریكردنی لە هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەتدا بۆ چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدراڵی بەپێی دەستووری عیراق. 
وتیشی، پشكی كورد لە حكومەتی داهاتوودا چوار وەزارەتە، كە وەزارەتێكیان سیادییە، پێشبینی دەكەین یەكێتی دوو وەزارەتیان وەربگرێت، لەگەڵ ژمارەیەك دەستەو بریكاری وەزارەت و بەڕێوەبەری گشتی لە حكومەتی داهاتوودا.
دەوڵەتی قانون: لەگەڵ تێڕوانینەكانی یەكێتیداین
پڕۆژە و پێشنیازەكانی سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی قبوڵكراوی لایەنە عیراقیەكانیشە و پشتیوانی لێدەكرێت، لە بەشداری هەموان لە پێكهێنانی حكومەتی نوێدا.
محمد صەیهود پەرلەمانتاری دەوڵەتی قانون لە ئەنجومەنی نوێنەران بە PUKMEDIAی راگەیاند: "لەگەڵ پێشنیارەكانی یەكێتیداین بۆ پرسی پێكهێنانی حكومەتی نوێی عیراق و هەمان بۆچوونمان هەیە.
وتیشی، پرۆسەی سیاسی لە رابردوودا دووچاری ئاڵنگاری و مەترسی گەورە بۆتەوە، پێویستمان بەبۆچوونەكانی یەكێتییە تاوەكو وەك چوارچێوەی هەماهەنگی لە پێكهێنانی حكومەتی نوێدا بەهاوبەشی هەموان و تەوافوقی لایەنەكان هەنگاوی بۆ بنێین بەئاڕاستەی حكومەتێكی تەوافوقی خزمەتگوزار كاربكەین.
PUKMEDIA

بابەتە پەیوەندیدارەکان