کچانی ئێزدی هێشتا لە کەمپی هۆلدا ماون

10:05 - 2022-10-23
ڕاپۆرت
411 جار خوێندراوەتەوە

راپۆرتی/ ئه‌یاز هه‌ركی

لە  3ی ئابی 2014 كاتێك داعش هێرشی كردە سەر شه‌نگال، شارەكە وێران بوو و سەدان كچ و ژن و منداڵ و پیاوی ئێزدی به‌ دیلی بۆ ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی خۆیان گواسترانەوە. جانێ حه‌یده‌ر یه‌كێك له‌ قوربانیەكانی ئه‌و رۆژه‌ بوو، لەگەڵ دایکی و خوشکەکەی کەوتە دەست تیرۆریستانی داعش،‌ ئەو کاتە تەمەنی حەوت ساڵ بوو. سەرەتا بۆ دێرەزوور گواستراوەیه‌وه‌ و دواتر بۆ ماوەی ساڵێک لە شاری رەقە دەستبەسەرکران. پاشان جانێ حه‌یده‌ر له‌ دایك وخوشكی جیا ده‌كرێته‌وه‌، دوای هەشت ساڵ بە هەوڵی كه‌س وكاری و رێکخراوی ماڵی ئێزدی له‌ رۆژئاڤای كوردستان لە کەمپی هۆل لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە رزگارکرا و بە خێزانەکەی شاد بۆوە. 

باری دەروونی خراپە
بەپێی یاسای داعش شەش جار بە شوویان داوە، نزیکەی چوار ساڵ لەگەڵ خێزانێکی عەرەب لە کەمپی هۆل ژیاوە و کاری ناو ماڵ وئاژەڵداری پێکراوە.  ئێستا باری دەروونی زۆر خراپە و لە ژێر چاودێری پزیشکێکی دەروونیدایە بۆ ئەوەی جارێكی تر بگەڕێتەوە ناو کۆمەڵگە و دەست بە ژیانێکی نوێ بکات، چونکە ساڵانێکی زۆرە لە ژێر ترسی تیرۆریستانی داعشدا ژیاوە.
له‌وبارەیەوە سلێمان حه‌مۆ به‌رپرسی نووسینگه‌ی ماڵی ئێزدی له‌ رۆژئاڤای كوردستان وتی: ئێمە وه‌ك رێكخراوی ماڵی ئێزدی، رزگاربووان پێش ئەوەی رادەستی بنەماڵەکانیان بکەین رەوانەی پزیشکی دەروونی و ژنانی بەساڵاچوو دەکەین، بە شێوەیەکی نەرم و جوان قسەیان لەگەڵ دەکەن و گوێ لە داواکارییەکانیان دەگرن. ئەوانیش هەست بە ئارامی و باشی خۆیان دەکەن، ئه‌و ژیانه‌ی لەناو داعشدا بەسەریان بردووە‌ هەرگیز ئەم بابەتەیان لەگەڵ باس ناکەین و دەیانخەینە کەشێکی ئێزدیاتی و پێداویستییەکانیان بۆ دابین دەکەین.

ئاستەنگەکانی بەردەم رزگارکردنی دیلەکان
وتیشی: ئاستەنگێکی زۆر هەیە لە بەردەم رزگارکردنی دیلەکانی ئێزدی له‌ ده‌ستی داعش بەتایبەت کەمپی هۆل کە نزیکەی 60 هەزار خێزانی داعش و ئاوارەی سوری و عیراقی تێدا نیشته‌جێن. جوگرافیای کەمپەکە و دانیشتووانەکەی زۆر گەورە و چڕ و تێكه‌ڵن. لەنێو ئەو خێزانانه‌ی داعشدا منداڵ و کچ و ژنانی ئێزدی هەن کە زۆربە زه‌حمه‌ت ده‌ناسرێنەوه. جگە لە بوونی رێكخستنی داعش لەناو كەمپەكە و هەوڵدان بۆ شاردنەوە و كۆنترۆڵكردنی دیلەكان، ئەمەش ترس و تۆقاندنێكی ترە بۆ دیله‌كانی ئێزدی كە دەیانەوێت خۆیان رادەستی هێزە ئەمنییەكانی كورد بكەن، به‌ڵام ده‌رفه‌ت نابینن. به‌شێك لەوانه‌ی رزگار ده‌كرێن لە منداڵیدا ئایدیۆلۆژیای داعشیان لە مێشکیاندا چه‌سپاوه‌ و زۆرێک لە رزگاربووان، ئێمه‌ وەک گاور دەبینن.هه‌روه‌ها لە ساڵی 2017دا 17 ژنی ئێزدی لەلایه‌ن تیرۆرستانی داعش له‌ قەفەسێكدا له‌ پێش چاوی دیلەکان له‌ناوبران، ئەمەش ترسێکی دیکەی خستە دڵی دیلەکانی ئێزدی و چەندین هۆکاری دیکەش هەن.‌
بەرپرسی نووسینگەی ماڵی ئێزدی دووپاتیشی كرده‌وه‌،‌ بەشێك لەو كچ و ژنانەی بە زۆر زەواجیان لەگەڵ کراوە، بە خێزان و منداڵەكانیانەوە بەستراونەتەوە و پێیان ده‌ڵێن  ئێزدییەكان قبوڵیان ناكەن. تا ئێستا 418 كه‌س له‌ رێگه‌ی ماڵی ئێزدی له‌ كانتۆی جه‌زیره‌ رزگار كراون و به‌كه‌س و كاره‌كانیان شاد كراون.
ئەم ئەرکە جدیتر وەربگرن
خەیری عەلی بەرپرسی رێكخراوی ئێزدی بۆ دۆكیومێنتكردنی شه‌نگال وتی: زۆربەی ئەو دیلانه‌ لە دەرەوەی عیراقن و رێکخراوەکەمان توانای ئەم کارەی نییە. بەڵام پێویستە حکومەتی عیراق و هەرێمی کوردستان ئەم ئەرکە بە جدیتر وەربگرن و ژوورێك بۆ رزگارکردنی ئەو دیلانەی  تا ئێستا له‌ ده‌ستی داعشدان و بێسەروشوێنن دابمەزرێنن، چەندین جار داوامان لە رێکخراوە ئەوروپیەکان و نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە رۆڵی خۆیان بگێڕن لە رزگارکردنی دیلەکانی ئێزدی لە دەستی داعش، بەڵام هیچ رۆڵێكی نییە، رێكخراوە ناوخۆییەكانی دیكەی رۆژئاڤای كوردستان و باشووری كوردستان بە پاڵپشتی خێزانەكانیان كارێكی باشیان كردووە بۆ رزگاركردنی دیله‌كان،کە هه‌میشه‌ لە ژێرهەڕەشەی بەردەوامی داعشدان و دەبێت حکومەتی عیراق رۆڵی چالاكانه‌ لە رزگارکردنی دیله‌كانی ئێزدیدا ببینێت.
شایانی باسە دوای داگیركردنی شەنگال و دەوروبەری لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە لە 3ی ئابی 2014، له‌ فه‌رمانی ده‌ستپێكیدا 1293 كه‌س شەهید كران و 6417 كەسیش بە دیل گیران كە كچ و ژن ومنداڵ و پیاو بوون. بەڵام تا ئێستا 1212 ژن و1055 منداڵی کچ و 961 منداڵی کوڕو 339 پیاو رزگارکراون. هاوكات کەسوکاری ئه‌و دیلانه‌ رۆڵی باشیان هەبووە لە رزگارکردنیان و زیاتر لە 2800 کەس لە کچ و ژن و منداڵ و پیاو تا ئێستا لە دەستی داعشدان و ئازاد نەکراون. زۆربەی ئەو كچ وژن ومنداڵه‌ ئێزدیانەی ماون له‌ناو خێزانه‌كانی داعشدان لە كەمپی هۆڵ و كه‌سوكار و رێكخراوه‌كان و هێزە ئەمنیەكان بەردەوام بەدوایاندا دەگەڕێن. 
کەمپی هۆل، کەمپە مەترسیدارەکە، 45 کیلۆمەتر لە خۆرهه‌ڵاتی پارێزگای حەسەکە دوورە و دەکەوێتە ناحیه‌ی هۆل، 15 کیلۆمەتر لە سنووری عیراقەوە دوورە و دانیشتوانه‌كه‌ی عه‌ره‌بن. لە سەرەتای نەوەدەكانی سەدەی رابردوودا و دوای جەنگی كەنداو كەمپی هۆل بۆ یەكەمجار بۆ ئاوارەكانی عیراق دروستكرا و لە لایەن نەتەوە یەكگرتووەكانەوە بە فەرمی ناسێندرا.

بابەتە پەیوەندیدارەکان