كۆنگرەی بیستەمی پارتی کۆمۆنیستی چین دنیابینیی بۆ ئایندە

10:19 - 2022-10-23
ڕاپۆرت
333 جار خوێندراوەتەوە
گۆنگرەی بیستی پارتی کۆمۆنیستی چین

نەوزادی موهەندیس

کۆماری چینی میللی کە گەورەترین وڵاتی جیهانە  لە رووی ژمارەی دانیشتوانەوە کە بە  1.412ملیار كەس مەزەندە دەکرێت. رووداوی هەرە گرنگ و گەورە لە رۆژی یەکشەممە  رێکەوتی 16/10/2022 دا روویدا كە بریتیبوو لە بەستنی كۆنگرەی بیستەمی پارتی کۆمۆنیستی چین لە ژێر  دروشمی (گەورەیی و نەمری بۆ چەكوش و داس) لە هۆڵی گەورەی گەل لە  شاری پەكینی پایتەخت و لە خۆرئاوای گۆڕەپانی بەناوبانگی تیانامین بەڕێوەچوو. ئەم کۆنگرەیە بە بەشداری 2300ئەندام بەڕێوەچوو کە نوێنەرایەتی 95148000 ئەندامی سەرتاسەری وڵاتەکە دەکەن،  كە تیایدا ژنان و نوێنەرانی كەمە نەتەوەكان لە هەموو هەرێم و ناوچەیەكی وڵاتەوە بەشداریان تێداكرد، لە پاڵ كەسایەتییە پسپۆڕەكان لە هەموو بوارەكاندا. ئەم كۆنگرەیە ماوەی یەک هەفتەی خایاند. ئەندامانی كۆنگرە مەرجە كە پەیوەستبن بە پەیڕەوی ناوخۆی حزبەکەیانەوە.

وتاری سەرۆك شی جین پینگ
كۆنگرەكە بە وتاری سەرۆك شی جین پینگ دەستیپێكرد كە بۆ ماوەی یەک سەعات و نیو قسەی كرد. کە  تایبەتبوو بە ئیشوكار و دەسكەوت و كێشە و قەیرانەكان و ...هتد. لە ماوەی  پێنچ ساڵی رابردوودا. ئەمجارە بە بەراورد بە وتاری ساڵی 2017 زۆر كورتبوو كە ئەوكات ماوەی سێ سەعاتی خایاند. 
پارتی کۆمۆنیستی چین لە ساڵی 1921وە لەلایەن  لی تاچاو یەكەم سەرۆك حزب دامەزراوە. بۆ جاری سێیەم سەرۆك شی جین پینگ  وەکو سەرۆکی حزب و دەوڵەت هەڵبژێرایەوە، ئەمەش یەكەمجارە كاری وابكرێت لە دوای سەرۆك ماو تسی تۆنگ-ەوە.

كارەكانی ئەم كۆنگرەیە
كارەكانی ئەم كۆنگرەیە بریتی بوون لە:
1
.هەڵبژاردنی کۆمیتەی ناوەندی  نوێی پارتی کۆمۆنیستی چین.
2.گۆڕانكاریی لەسەر ئاستی كادرەكانی مەكتەبی سیاسی كە وەك ژووری دروستكردنی بڕیارە تایبەتەكان بە سیاسەتی چین دادەنرێت.
سەرۆك شی تەمەنی 69 ساڵە، لە دوای ماو تسی تۆنگ-ەوە، كە پێگەیەكی گەورە و بەهێزی هەبوو و ببووە سیمبوڵ و كاریزمای حزب و دەوڵەتی چین، بۆتە دووەم سەرۆكی حزب و دەوڵەت كە لە خوێندنگاكاندا (فیكری شی جین پینگ) دەخوێنرێت.

کێشەکانی چین
ئەم كۆنگرەیە لە كات و ساتێكدا دەبەسترێت كە چین رووبەڕووی كۆمەڵێک  كێشە و گرفتی گەورە دەبێتەوە لەوانە:
1-دروستبوونی كێشە و گرفت لە بەردەم ئابووری چیندا.
2-خراپبوونی پەیوەندییەكانی چین و ئەمریكا.
3-سیاسەتی (سفر تووشبووی كۆڤید)كە بە تەواوەتی چینی لە جیهان دابڕیوە.
4-كێشەی ئازادییەكان و پەیوەندییەكان لەگەڵ هۆنگ كۆنگ.
5-كێشەكانی چین و تایوان.

لەناوبردنی پڵنگەكان و مێشەكان
سەرۆك شی جین پینگ ماوەی 10 ساڵە لە حزب و حكومەتدا، رابەرایەتیی هەڵمەتێكی پاكسازیی و دژە گەندەڵی دەكات و بەڵێنی داوە كە (پڵنگەكان و مێشەكان)لەناو دەبات وەك ئاماژەیەك بۆ سەركردە گەورە و فەرمانبەرە بچووكە گەندەڵەكان. بە پێی ئاماری رەسمی حکومەت بێت 1.5 ملیۆن كەس سزا دراون و لە سەرەتای ساڵی 2022ەوە فەرمانی سزادان بۆ 1110 كەس دەركراوە كە لە ناویاندا وەزیری دادی پێشوو و جێگری وەزیری ئەمنی گشتی تێدا بووە.
بەمەش لە لایەن رێكخراوی شەفافییەتی نێودەوڵەتییەوە چین هەنگاوی باشی بڕیوە بۆ بنبڕكردنی گەندەڵی.

کارەکانی سەرۆک شی جین پینگ
هەرچەندە سەرۆک شی جین پینگ سەرۆک کۆماری چین، رەخنەی زۆری لێدەگیرێت، بەڵام لە پەنا ئەوەشدا کۆمەڵێک کاری باشی کردووە بۆ گەلی چین، هەربۆیە لە بەرامبەر كار و دەسكەوتەکانیدا،   بۆتە هۆی ئەوەی كە زۆرینە دەنگی پێبدەنەوە و پشتگیریشی بكەن. کارەکانیشی بریتین لە:
1-بەرزكردنەوەی ئاستی ژیان و بەدیهێنانی خۆشگوزەرانی و پێشكەوتن و گەشەی زیاتر بۆ چین.
2-دامەزراندنی گەورەترین هێزی دەریایی لەسەر ئاستی جیهان.
3-رێكخستنەوەی هەیكەلی گەورەترین سوپای پڕۆفیشناڵ.
4-پێشخستنی جبەخانەی ئەتۆمی و بالیستی كە نەیارەكانی تۆقاندووە.
5-لە رووی ئابووریشەوە چینی كردۆتە دووەم گەورە هێزی ئابووری لەسەر ئاستی جیهان، لە دوای ئەمریكاوە.
6-دەستەبەردارنەبوون لە دروشمی (یەك وڵات و دوو سیستم)تایبەت بە هۆنگ كۆنگ و تایوان و ئەمەش رای گشتی پشتگیریی لێدەكات. هەرچەندە تایوان ئەمە رەتدەكاتەوە.
7-داواكاری گەڕانەوەی تایوان بۆ سەر خاكی چین، دوور لە بەكارهێنانی هێز، لە كاتێكدا ئەو مافەی بۆ چین پاراستووە.

دنیابینی سەرۆك بۆ ئایندە
سەرۆک شی جین پینگ، چ بۆ ناوخۆی چین و چ بۆ دەرەوە، خاوەنی دیدگا و دنیابینیینی تایبەت بە خۆیەتی، بەتایبەتی لە رووی سیاسەتی دەرەکییەوە، پشت بە کۆمەڵێک بنەما دەبەستێت کە ئەوانیش بریتین لە مانەی خوارەوە: 
1-سەرۆك شی جین پینگ بە هەموو شێوەیەك، عەقڵیەتی قۆناغی جەنگی سارد رەتدەكاتەوە.
2-بنەمای دەستوەردان لە كاروباری وڵاتان و داگیركاریی رەتدەكاتەوە.-3بنەمای پێوانەكردن بە دوو پێوانەی جیاواز رەتدەكاتەوە.
3-چین بەهیچ جۆرێك نیازی فراوانخوازیی نییە.

دەرەنجام 
بەم شێوەیە چین لانیكەم بۆ ماوەی پێنچ ساڵی ئایندە لەسەر بڕیار و راسپاردەكانی ئەم كۆنگرەیە پلان و بەرنامە و دیدگا و دنیابینیی خۆی لە ناوخۆی حزب و وڵاتەکە و ناوچەكە و جیهاندا پیادە دەكات، هەوڵی گەیشتنی بە بەرزترین ئاستی ئابووریی و هێزی چەكداریی و ئەتۆمیش دەدات و بە سیاسەتێكی هێمن و لەسەرخۆ و دوور لە هەڵڵای میدیایی و هەڕەشە و چاوسووركردنەوە و پیلانگێڕی نهێنی، وەکو رابردووش كار بۆ بەهێزكردنی زیاتری وڵاتەکە دەكات. كە بە هەق لەسەر ئاستی جیهان، بۆتە زلهێزێکی جیهانیی و بەتایبەتیش بۆتە گەورەترین رکابەری  ئەمریكا. رەنگە چین لە 10 ساڵی داهاتوودا، كێبڕكێ‌ لەسەر ئاستی پلە یەكەمی بكات لە جیهاندا و پاشەكشە بە ئەمریكاش بكات.
بۆیە ئەم كۆنگرەیە گەلێك گرنگ و هەستیارە بەتایبەتیش لەم قۆناغەی جەنگی ئۆكرانیا - روسیادا و مەترسی بڵاوبوونەوەشی بۆ ناوچەكە و جیهانیش و تێوەگلانی چین و وڵاتانی تریش، هەربۆیە هەمووان بە چاوی ترس و دڵەڕاوكێوە، دەڕواننە بڕیار و راسپاردەكانی ئەم كۆنگرەیە.

سەرچاوە: ئاژانسەکان

بابەتە پەیوەندیدارەکان