شارەزوور، ئەمساڵ بەرهەمی هەنار کەمبوو

09:37 - 2022-10-24
ڕاپۆرت
410 جار خوێندراوەتەوە

راپۆرتی/ جەمال سەرگەتی 


رێبوار عەلی، جووتیارێكی سنووری شارەزوورە، ماوەی چەندین ساڵە كاری جووتیاری دەكات بەتایبەت لە بواری هەناردا، لە باخەكەیدا تەنها هەنار هەیە، دڵتەنگە  چونکە ئەم ساڵ بەرهەمەكەی وەك پێویست نییە و جیاوازە لە ساڵانی رابردوو، رێبوار باسی لە بەرهەمی ئەمساڵی هەنار كرد و وتی، ساڵانە لە دوای 15 ی ئۆکتۆبەرەوە، لە شارەزوور و هەڵەبجە دەستدەكرێت بە لێكردنەوەی بەرهەمی هەنار، بۆ ئەمساڵیش زیاتر لە 3 دۆنم زەویم كردووە بە هەنار.

ساڵانە دەیان تۆن هەناری هەڵەبجە دەچێتە دەرەوە

بەرهەمی هەنار کەمیکردووە
ئەمساڵ بە وتەی جووتیاران هەناری هەڵەبجە و شارەزوور زۆر كەمی كردووە هۆكارەكەشی ئەو سەرما و سۆڵەیەی  زستانی رابردوو بوو كە بووە هۆی وشكبوونی بەشێكی زۆری دارهەنارەكان، جووتیاران ئاماژە بۆ ئەوەش دەكەن، بەرهەمی هەنار بۆ 20 ٪ كەمی كردووە، هەروەها بەرهەمەكەش لەچاو ساڵانی رابردوو زۆر باش نییە.
ئەو جووتیارە دەڵێت رۆژانە لە سەعات (6 )وە لەگەڵ چەند كرێكارێك دەچنە  باخەكەی و دەستدەكەن بە لێكردنەوەی هەنارەكە، پاش ئەوەی لێرە هەنارەكانیان  لێکردەوە دەیبەن بۆ عەلوەكان و لەوێشەوە دەبرێتە بازاڕەكانی هەرێمی كوردستان، تەنانەت چەند ساڵێكە لە ناوچەكانی خوار و ناوەراستی عیراق خواست لەسەر هەنار زۆر بووە، دەتوانین بڵێین بەشێكی زۆری هەناری ئەم ناوچەیە دەبرێتە خوار و ناوەڕاستی عیراق.
وتیشی، ئەم ساڵ بەرهەمی هەنار وەك پێویست نییە، زۆر كەمە لەچاو ساڵانی رابردوو، هۆكارەكەشی ئەوەیە زستانی رابردوو سەرما و سۆڵەیەكی زۆر هەبوو بەفرێكی زۆر باری ئەوەش وایكرد بەشێك لە دارەكان بشكێنەوە و ئێستاش وشكبوون، ئەوەش بۆتە هۆی ئەوەی هەنار كەم بێت و زیان بە باخەکانمان بگات.

زیانێكی زۆر بەر جووتیاران كەوتووە
باسی لەوەشکرد بەهۆی كەمی هەنارەوە دەتوانم بڵێم زیانێكی زۆر بەر سەرجەم جووتیاران كەوتووە، بە دەیان تۆن بەرهەمی هەنار لەچاو ساڵی رابردوو كەمیكردووە، كە بە 10 ملیۆن دینار  بۆ هەر جووتیارێک دەخەمڵێنرێت، جگە لەوەی هەناری ئەمساڵ تام و جێژی ساڵانی رابردوو نادات، ئەوەش گرفتی ساغ نەبوونەوە دروستدەكات، ئەمساڵ كەمترین هەنار دەبرێتە بازاڕەكانی هەرێمی كوردستان و خوار و ناوەراستی عیراق.
فاتمە كەریم ژنێكی تەمەن 45 ساڵە، هاتبوو هەنارەكان لێبكاتەوە، لەگەڵ چەند هاوڕێیەكی لە بەیانی زووەوە هاتبوون بۆ كاركردن، وتی، هەموو ساڵێك لەم كاتانەدا دەستدەكەین بە كاری لێ‌ كردنەوەی هەنار، كارێكی زۆر قورسە، بەڵام  ئەگەر بەرهەم  زۆربێت بۆ ئێمەش باشترە، چونكە كاری زیاتر دەكەین، ساڵانی رابردوو باخێكی 3 د‌ۆنمی بە 5 رۆژ هەنارەكانمان لێ‌ دەكردەوە، بەڵام ئەمساڵ بەهۆی كەمی بەرهەمی هەنار، هەر ئەو باخە بە 2 رۆژ سەرجەم هەنارەكانی لێ‌ دەكەینەوە.
وتیشی، هەناری ساڵی رابردوو زۆر جوان و بەتام بوو بەراورد بە هەناری ئەمساڵ، چونكە هەناری ئەمساڵ بەهۆی سەرماوە زیانێكی زۆری پێگەشتووە.

تام و چێژی هەناری ساڵانی رابردوو نادات 
ساڵح عومەر جووتیارێكی تری دەشتی شارەزوورە، لەگەڵ چەند كرێكارێك هاتبوونە ناو  باخە هەنارەكەیان، هەنارەكانیان لێ‌دەكردەوە، وتی، ئەمساڵ بەرهەمی هەنار  زۆر جیاوازە لە ساڵانی رابردوو، چونكە وەك پێویست بەرهەمی هەنار نییە و تام و چێژی هەنارەكانی ساڵانی رابردوو نادات.

بڕێكی كەم پارەیان  پێدا
لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە و شارەزوور بەسەدان تۆن هەنار بەرهەم دەهێنرێت، جووتیاران دوای لێكردنەوەی هەنارەكە، بەرهەمەكە رەوانەی عەلوەی شارەكان دەكەن و لەوێشەوە هەنارەكە دەبرێتە بازارەكانی هەرێمی كوردستان و تەنانەت  بازاڕەكانی خوار و ناوەراستی عیراق.
ساڵحی جووتیار وتیشی، وەك خۆم ساڵی رابردوو زیاتر لە 20 ملیۆن دینار هەنارم بردۆتە عەلوەكانی هەرێم، بەڵام بۆ ئەم ساڵ ناگاتە 10 ملیۆن دینار، چونكە بەرهەمی هەنار زۆر زۆر كەمیكردووە، بەشێكی زۆری دار هەنارەكان شكاونەتەوە و وشكبوون، ساڵی رابردوو رێژەیەكی زۆر هەنارم ناردوەتە ناوچەكانی خوار و ناوەراستی عیراق و خواستێكی زۆری لەسەر بوو، بەڵام ئەمساڵ چەند كەسێك هاتن و هەنارەكانیان بینی، بڕێكی كەم پارەیان  پێدا لە چاو ساڵی رابردوو، ئەوەش وا دەكات زیانێكی زۆر بەر ئێمەی جووتیار بكەوێت.

دەبرێتە وڵاتانی ئەوروپا
ساڵانە لەدوای 15 ئۆكتۆبەرەوە لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە و شارەزوور دەست دەكرێت بە لێ‌كردنەوەی هەنار، كەم كەس هەیە ناوبانگی هەناری  هەڵەبجە و شارەزووری نەبیستبێت، چونكە هەڵكەوتەی جوگرافیا و بە پیتی زەوییەكەی و خۆشی تامەکەی وایكردووە، هەناری هەڵەبجە ناوبانگی باشی هەبێت، ساڵانە هەناری هەڵەبجە لە رێگەی چەند كەسێكەوە دەبرێتە وڵاتانی ئەوروپا و ساڵی رابردوو بەتایبەت بە دەیان تۆن هەنار براوەتە وڵاتان و هەر لەوێش خواستێكی زۆری لەسەر بووە، ئامادەكاریش كراوە ئەم ساڵیش هەناری هەڵەبجە و شارەزوور ببرێتە وڵاتانی ئەوروپا.

بابەتە پەیوەندیدارەکان