چەند پێشنیازێک بۆ بەرەوپێشچوونی ئەدەب و هونەری مناڵان

09:59 - 2022-10-24
کەلتور
926 جار خوێندراوەتەوە
پێویستە هەموو ماڵ و قوتابخانەیەک کتێبخانەی تایبەتی منداڵانی تێدابێت

عەلی حەمەڕەشید

ئەوەی مەبەستمە لێرەدا بیڵێم و بینووسم و دووبارەشی بکەمەوە بەکردارکردنی وتە و قسەکانە چونکە لەوانەیە قسەکردن و نووسین ئاسان بن، بەڵام بەکردار کردنیان قورس و گران بێت. بۆیە لێرەدا چەند پێشنیارێک دەخەمەڕوو کە کردنیان بە کردار و کارکردن لەسەریان هونەر و ئەدەبیاتی منداڵان بەرەوپێش دەڕوات و هەنگاوەکان گورجتر دەبن و ئاسۆی سەرکەوتنیش گەشتر و ڕونتر دیار دەبێت. کە پێش هەموو شتێک بودجەیەکی تایبەتی پێویستە تا کارەکان بەکردار و بەشێوەیەکی باش و خێرا و بەزوویی جێبەجێبکرێن:

1
 بنیاتنانی ئەنجومەن یان یانە یان گروپی  ئەدەبیات و هونەری منداڵان، کە لە کۆمەڵێک نووسەر و شاعیر و هونەرمەندی تایبەت بە منداڵان پێکهاتبێت. کە هەوڵبدەن چالاکی بەردەوام ئەنجام بدەن بۆ منداڵان و نووسەران چیرۆک و شیعر خوێندنەوە، ئەنجامدانی فیستیڤاڵ و ئاهەنگی گۆرانی و ئۆپەرێت و شانۆیی و پیشانگەی منداڵان.

2
بوونی دامەزراوەی پەخش و بڵاوکردنەوەی تایبەت بە منداڵان کە ئەویش لیژنەیەک کە پێکهاتبن لە کۆمەڵێک کەسی شارەزا و پسپۆڕ و تایبەتمەند بەڕێوەی ببەن، کەسانی شارەزای  لەم بورانەدا لەخۆ گرتبێت: شیعر و چیرۆک و ئۆپەرێت و شانۆ و رۆمانی منداڵان و... شارەزا لە بوارەکانی دەرونناسی منداڵ و زانستی و کەلەپور و مێژوو و  ژینگە و تەندروستی و هونەری دیزاین و وێنە و...هتد بەشێوەیەکی سەردەمیانە.

3
دەرکردنی گۆڤارێکی وەرزی تایبەت بە رەخنە و خوێندنەوەی ئەو گۆڤار و کتێب و نامیلکانەی کە لێرەوە لەوێ بۆ منداڵان دەردەچن و دەرچوون، چونکە ئەگەر ئەوە هەبێت نووسەران و رەخنەگرانیش بەئاسانی دەتوانن بیخوێننەوە و سودی لێوەربگرن، بەڵام ئەگەر بابەتێک ئەگەر زۆر گرنگیش بێت لەئێستادا لە گۆڤارێکدا بڵاوببێتەوە بەئاسانی ناگاتە دەست ئەو کەسانەی کەباسمکردن چونکە تیراژەکەی کەمە و بابەتەکانیشی جۆراوجۆرن. نمونەش زۆرن، بابەت هەبووە گرنگ و بەسود و پێویست بووە بۆ ئەو کەسانەی کە لەبواری منداڵاندا دەنووسن لەگۆڤارێکدا بڵاوبۆتەوە کە لەوانەیە دەست کەسانێک کەوتبن کە مەبەستیشیان ئەدەبی منداڵان نەبووبێت و بەتەلەفون یان بەنامە ئاگاداریان کردووم کە فڵان گۆڤار پەیدا بکەم و بیخوێنمەوە چونکە بابەتێکی باشی تیایە دەربارەی ئەدەبیاتی منداڵان.
4
دەرکردنی گۆڤارێکی (مانگانە یان وەرزی)  سەرتاسەری بۆ هەموو منداڵانی کوردستان بەتیراژێکی زۆر تا بگاتە دەست منداڵانی دوورترین دێی کوردستان و سەرجەم منداڵانی کوردستان سودمەندبن لێی، تیایدا هەم تەمەن و ئاستەکان دیاری بکرێت، هەم نووسینی بە کرمانجی خواروو بە کرمانجی سەروو تێدا بێت، تاهەموو ئەو نووسەرانەی کە بۆ منداڵان کار دەکەن ئاگاداری نووسین و کاری یەکتر بن.

5
هەوڵبدرێت ئەو نامیلکە و پەرتوک و گۆڤارانەی کە لە ڕووی ئەدەبی و هونەریی و پەروەردەیی و زانستی و ....تەواون و مەرجەکانی نووسینی منداڵیان تێدایە لەڕێی وەزارەتی پەروەردە و بەڕێوەبەرێتی گشتی پەروەردەکانەوە بگەیەنرێتە کتێبخانەی قوتابخانەکان ئەگەر کرا بێبەرامبەر ئەگەر نەشگونجا بە نرخێکی کەم تامنداڵان خۆیان بیکڕن و نووسەرەکەش چەند نووسخەیەک پێشکەش بە کتێبخانەی قوتابخانەکە بکات کە بە نووسراوی فەرمی بێت. کە بەمەش کتێبخانەی قوتابخانەکان دەوڵەمەند دەبن.

6
لەوەزارەتی رۆشنبیری لەکاتی پێدانی ژمارەی سپاردن بەو پەرتوک و گۆڤارانەی کە بۆ منداڵان دەردەچن لیژنەیەکی تایبەت هاوشێوەی ئەوەی کە لەخاڵی دووەمدا باسمان کردووە پێداچوونەوەی بۆ بکەن،  کە شارەزایانی سەرجەم بوارەکانی تێدابێت بیخوێننەوە  بە وردی ئەوسا مۆڵەت و ژمارەی سپاردنی پێبدەن. چونکە منداڵ بنیاتنەرو بنچینەی دروستکردنی کۆمەڵگەیە و پێویستە گرنگییەکی زۆری پێبدرێت. هەروەها پێویستە زۆر ئاگاداری ئەو پەرتوکانوش بن کە لە ئێستادا وەک بازرگانی لێهاتووە و لەزمانەکانی ترەوە وەرگێڕدراون بۆ زمانی کوردی کە زۆریان نە مەرجەکانی وەرگێڕانیان تێدایە و نە بۆ منداڵان دەگونجێن، چونکە کەسێک کە تەنها شارەزای زمانە بیانییەکە بێت بەس نییە بۆ ئەوەی کە دەست بداتە وەرگێڕان، بەڵکو پێویستە شارەزای تایبەتمەندییەکانی ئەدەبیاتی منداڵانیش بێت، زۆر جار وشەیەک یان وێنەیەک کاریگەرییەکی نەرێنی دەرونی لەسەر منداڵ دروست دەکات. بۆیە واباشە زۆر بە وریاییەوە و دوور لە هیچ بەرژەوەندییەک ئەو کارە ئەنجام بدرێت..بۆ نمونە من ناوی وا دەبینم لەسەر ئەو کتێبانەی کە لێیان نووسراوە چیرۆکی پەروەردەیی بۆ منداڵان کە زۆریان پەروەردەیی نین، تائێستا لەهیچ گۆڤارێکی تایبەت بە منداڵان ناوەکەیم نەبینیوە.

7
ئەنجامدانی چالاکییەکی ساڵانە لەڕۆژی جیهانی کتێبی منداڵاندا کە دەکاتە دووی چوار کە تیایدا هەم پیشانگەی تایبەت بە پەرتوکی منداڵان و هونەری منداڵان سازبکرێت و هەم باشترین پەرتوک بۆ شیعر و چیرۆک و ئۆپەرێت و شانۆیی و رۆمانی تایبەت بەمنداڵان دیاری بکرێت و خەڵات بدرێت بە خاوەنەکەی خۆ ئەگەر پەرتوکێکی بۆچاپ بکرێت یان خەڵاتێکی رەمزی بێت وا دەکات کە لەبوارەکەدا داهێنانی باشتر و بەسودتر بەرچاو بکەوێت و نووسەران هەوڵی زۆرتری بۆ بدەن.

8
ڕێزلێنان لەو کەسانەی کە دیارن لە بواری هونەر و ئەدەبیاتی منداڵاندا و رۆڵی خۆیان بینیوە. نەک وەک ئێستا کەس لێیان ناپرسێت تا تەمەنیان زۆر دەبێت و توانایان نامێنێت کە وەک جاران بنووسن و دەربکەون، بەبێدەنگی کۆچ دەکەن و ئەو ماوەیەی کە لەماڵەوەن و نەخۆشن وەک دڵخۆشیش سەردانیان ناکرێت تا هەست بەوە بکەن کە هەن و کارەکانیان جێگەی خۆی گرتووە بۆ منداڵان، نمونە زۆرە.

9
گرنگیدان بە مێژوو و کەلەپوری کورد لە نووسینەکانی تایبەت بە منداڵاندا یان لە گۆڤارەکاندا.

10
بۆ ئەوەی کە هونەر و ئەدەبیاتی منداڵانی زیاتر بەرەوپێش بڕوات وا باشە ساڵانە نووسەران و شاعیرانی کورد ئەوانەی بۆ منداڵان کاردەکەن بەشداری ئەو چالاکییانە بکەن کە لە وڵاتانی دنیا سازدەکرێن و هەوڵبدرێت پەیوەندییان لەگەڵدا ببەسترێت کە زۆر جار دەتوانرێت لەڕێگەی ئەو نووسەرە کوردانەی کە ساڵانێکە لە هەندەرانن و شارەزاییان هەیە لەدروستکردنی ئەو پەیوەندیانەدا و بەپێچەوانەشەوە بانگهێشتکردنی ئەوان بۆ کوردستان.

11
ئەنجامدانی دیدار و کۆڕبەندی ساڵانە و بانگهێشتکردنی کەسانی پسپۆڕ و شارەزا و تایبەتمەندی بوارەکە، دوور لە بەرژەوەندی و ناسیاوی. هەروەها بابەتەکانی دیدارەکە یان کۆڕبەندەکە پێش ئەنجامدانی کارەکە بکرێتە کتێب و لە رۆژانی ئەنجامدانی کارەکاندا بەسەر ئامادەبوواندا دابەش بکرێت و ئەو گۆڤار و پەرتوکانەش کە نوێن و تایبەتن بە منداڵان و لەلایەن نووسەران و شاعیرانی بوارەکەوە نووسران، دابەش بکرێن تا چالاکییەکە بەشێوەیەکی زیندوو لە لای ئامادەبووان بمێنێتەوە.

12
سازکردنی کۆڕ و سیمیناری بەردەوام بۆ نووسەران و شاعیران و وەرگێڕکارانی بوارەکە، بۆ ئەوانەی کە دەمێکە دەنووسن و ئەوانەش کە تازە دەستدەکەن بەنووسین.

13
هەوڵبدرێت کە ئەو کتێبانەی کە تازە دەردەچن پێش ئەوەی بگەنە چاپخانە پێداچوونەوەیان بۆ بکرێت لەلایەن لیژنەی تایبەتی ئەنجومەنی ئەدەبیات و هونەری منداڵان .

14
ئەوانەی کە لەهەر بوارێکی ئەدەبیات و هونەری منداڵاندا داهێنان دەکەن رێزلێنانیان بۆ بکرێت و هیچ نەبێت کتێبێکی تایبەت بەمنداڵانیان بۆ چاپ بکرێت.

15
هەوڵبدرێت لەڕێگەی بەڕێوەبەرێتی گشتی پەروەردەوە بەشێک لە فرۆشگەی قوتابخانەکان دابنرێت بۆ گۆڤار و پەرتوکی تایبەت بەمنداڵان کە من وەک خۆراکێکی پێویست دایدەنێم بۆ مێشکی منداڵ بەمەرجێک لیژنەیەکی شارەزا لە پەروەردە رەزامەندی لەسەر بدەن. 

بابەتە پەیوەندیدارەکان