کەنیزەک و نیشتمان

04:42 - 2022-10-25
کەلتور
809 جار خوێندراوەتەوە

 یەكێك لە پاشاكان ئەوەی بەرگوێ کەوت كە لە بازار کەنیزەکێک هەیە نرخی لە نرخی 100 کەنیزەک زیاترە، پاشا بڕیاری دا بەدواداچوونی بۆ بکات، تا بزانێت بۆچی نرخی ئەم کەنیزەکە جیاوازو زیاترە لە کەنیزەکەکانی دیکەی بازاڕەكە، هەر بۆیە پاشا ناردی بە شوێنیدا تاكو هۆكارەكەی لا ئاشكرا بێت، کاتێک کەنیزەک هات و لەبەردەم پاشادا راوەستا شکۆیەکی تێدا بەدی دەکرا کە لە کەنیزەکەكانی دیکەدا نەبوو تەواو جیاوازتر دەردەكەوت، پاشا لێی پرسی: کچۆڵە، بۆچی نرخت ئەوەنە زۆرە؟ ئەویش لەوەڵامدا پێیی وت: لەبەرئەوەی زیرەكم و ئەو زیرەكییەی هەمە نرخەكەمی زیاتر كردووە، وەڵامی كچە بوو بە مەراق لای پاشا، لەبەر ئەوە پێی وت: باشە پرسیارێكت لێدەکەم، ئەگەر وەڵامەكەت زانی ئەوە رزگارت دەکەم و بە سەربەستی بڕۆ، بەڵام گەر وەڵامەکەت نەزانی ئەوە دەتكوژم، کەنیزەکەکە بە مەرجەكەی پاشا رازی بوو.

پاشا لێی پرسی: جوانترین پۆشاك چییە؟ خۆشترین بۆن، خۆشترین خواردن چییە؟ نەرمترین جێخەو کامەیەو جوانترین وڵات كوێیە؟ کەنیزەکەکە ئاوڕێكی لە ئامادەبووان دایەوەو وتی: ئەسپێك و پۆشاكم بۆ ئامادە بكەن چونكە بە سەربەستی لەم كۆشكە دەچمە دەرەوە. وەڵامی پرسیارەکانی پاشایشی بەم جۆرە دایەوەو وتی: جوانترین پۆشاك کراسی ئەو هەژارەیە كە هەر ئەو کراسە شک دەبات و هاوین و زستان هەر ئەوەی لەباردایە، بەڵام خۆشترین بۆن بۆنی دایكە ئەگەر بێت و لە گەرماوی بازاریش ئاگر بكاتەوە هەر بۆنی دایك خۆشترین بۆنە، خۆشترین خواردن ئەو خواردنەیە كە بەسكی برسی دەخورێت، چونكە كەسی برسی نانی وشکیش بخوات لای خۆشترین خواردنە، بەڵام نەرمترین جێخەو ئەو جێخەوەیە کە بێخەم و خەیاڵ بە دەروونێکی ئارامەوە لەسەری دەخەویت، ئەگەر ستەمکار بیت، جێخەوت لە زێڕیش بێت وەک ئەوە وایە لەسەر دڕک بخەویت.

قسەکانی تەواو کردو ئەمجار بەرەو دەرگای دەرەوە رۆیشت، پاشا بانگی كرد و وتی، بەڵام تۆ وەڵامی پرسیاری کۆتاییت نەدایەوە! کەنیزەکەکە ئاوڕی دایەوەو وتی: جوانترین نیشتمان، نیشتمانێکی ئازادە، کە نەزان بەڕێوەی نەبات.

پاشا وتی: زۆر راستە، جوانترین نیشتمان، ئەو نیشتمانەیە، کە نەزان بەڕێوەی نەبات. کچە سەربەستی بەدەست هێناو رۆیشت.

دیانا ئەحمەد

بابەتە پەیوەندیدارەکان