خۆت بڕیاردەری ژیانت بە!

09:17 - 2022-10-26
کەلتور
599 جار خوێندراوەتەوە

تاكو بتوانیت باشترین بڕیار لەبارەی ژیانتەوە بدەیت پێویستە رەچاوی هەموو هەنگاوەكان بكەیت و بزانیت كامە باشترینە بۆ تۆ نەك باشتر، چونكە ژیانت هەموو كات شایەنی باشترینە لەپێناوی داهاتوویەكی گەشدا.

بەداخەوە خەڵكانێك هەن نازانن چۆن بڕیارەكانیان لەبارەی ژیانیان یەكلایی بكەنەوە، هەر لە منداڵییەوە فێری ئەوەن كە دەوروبەر لەسەر ژیانیان كاریگەر بێ و هەموو كات دەوروبەریان بڕیار لەبارەی ژیانیان بدەن بەڵام ئەمە هەڵەترین شتە چونكە كە گەورە بوویت، كاتی ئەوەیە خۆت خاوەنی قسە و بڕیاری و بەڵێنەكانت بیت، چونكە كەس نازانێت ئەو هەنگاوانە چین كە لە داهاتوودا پێیدا تێپەڕدەبیت.

جگە لە خۆت كەس نازانێت چی بۆ تۆ باشە. تۆ ئێستا لە تەمەنێكدایت پێویستت بەوە هەیە كە خاوەنی كەسایەتی و بڕیاری خۆت بیت، پێویست بەوە ناكات ژیان و كەسایەتیت، دەوروبەرت بۆت دیاریبكەن، هەر بۆیە هەموو كات ئاگاداری كەسایەتی خۆت بە! بیپارێزە تاكو سەركەوتووبیت لە بڕیاردانتدا بۆ هەنگاوی داهاتووترت، هەروەها بڕیاری ئێستات پیشەی داهاتووت دیاریدەكات و سەركەوتنەكانت دەپارێزێت.

ناڵێم پێشنیاز گۆڕینەوە مەكە لەگەڵ دەوروبەرتدا بەڵام دەڵێم بڕیاری ژیانت مەكەرە دەست كەسەوە، چونكە تۆ كە گەشتوویت بەم تەمەنەی ئێستات، پێویستە لەوە تێبگەیت كە پێویست دەكات كە ببیتە خاوەنی بڕیاری ژیانی خۆت.

هەر یەك لە ئێمە تاكو نەبین بەخاوەنی بڕیارمان لەبارەی ژیان و هەنگاوەكانمانەوە هەرگیز ناتوانین لە هەڵەكانمانەوە شت فێر بین، چونكە ئەڵین فڵان كەس لە جێی من بڕیاریداوە، هەر بۆیە بەهۆی بڕیاری ئەوەوە شكستم هێنا، بۆیە دەبێت خاوەنی بڕیاری خۆت بیت تاكو پەشیمان نەبیتەوە، تاكو بەرپرسیارێتی تەواوت لەبارەی هەنگاو و بڕیارەكانتەوە هەبێت.

دیانا ئەحمەد

بابەتە پەیوەندیدارەکان