سەرۆك كۆمار: دەستەبەركردنی ئاسایش و ئۆقرەیی لە ناوچەكەدا

09:22 - 2022-10-26
عیراق
391 جار خوێندراوەتەوە

د.لەتیف رەشید سەرۆك كۆمار، لە میانی پێشوازیكردن لە ژمارەیەك لە باڵیۆزانی وڵاتان لە عیراق، تەئكیدی لە گرنگی هەماهەنگی و هەوڵەكان كردەوە كە بەرژوەندیی هاوبەش بەدیبهێنێ و ئاسایش و ئۆقرەیی لە ناوچەكەدا دەستەبەر بكات.
دوێنێ سەرۆك كۆمار لە كۆشكی سەلام لە بەغدا، بەجیا پێشوازیكرد لە فیلافاریۆ باڵیۆزی یەكێتیی ئەوروپا، عەلی رەزا كونای باڵیۆزی توركیا، ئەحمەد ئەمجەد عەلی باڵیۆزی كۆماری پاكستانی ئیسلامی لە عیراق.
لە چەند دیدارێكدا، باڵیۆزی یەكێتیی ئەوروپا پیرۆزبایی لە سەرۆك كۆمار كرد و هیوای خواست سەركەوتوو بێت لە بەجێگەیاندنی ئەركەكەیدا.
باڵیۆزی توركیاش، سڵاو و پیرۆزبایی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیای گەیاند بە سەرۆك كۆمار و هیوای سەركەوتنی بۆ خواست لە بەجێگەیاندنی ئەركەكانیدا.
هەروەها باڵیۆزی كۆماری پاكستانی ئیسلامی لە عیراق پەیامێكی پیرۆزبایی لە عارف عەلەوی سەرۆك كۆماری پاكستان گەیاند بە سەرۆك كۆمار.
لەلایەكی دیكەوە، د.لەتیف رەشید بەبۆنەی هەڵبژاردنی وەك سەرۆك كۆمار، پەیامی پیرۆزبایی پێگەیشت لە خاوەنشكۆ شا فیلیم ئەلكساندەر پادشای هۆڵەندا، ئەحمەد ئەبو غەیت سكرتێری گشتیی كۆمەڵەی وڵاتانی عەرەبی، د.حسێن ئیبراهیم تەها سكرتێری گشتیی رێكخراوی ئیسلامی.

بابەتە پەیوەندیدارەکان