پێشنیازی یەكێتی بەهێزە و لایەنەكانی عیراق رازیی دەكات

09:27 - 2022-10-26
عیراق
472 جار خوێندراوەتەوە
کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لە ماڵی مام لە بەغدا

 یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، بڕیاریداوە ئامادەیی زیاتری هەبێت لە بەغدا لە پێناوی پاراستنی ماف و داخوازییەكانی گەلەكەمان و هاوبەشێتیی راستەقینە لە بەڕێوەبردنی حوكمڕانی لە عیراقدا كە كورد تێیدا نەتەوەی دووەمە، سەنگەری سیاسیشی بەهێزتر دەكات بە بەدەستهێنانی هەقبەشی كورد و پتەوتركردنی پێگەی كورد وەك چۆن لە پێشتردا هەیبووە.
بۆ ئەو ئامادەبوونە بەهێزەش، بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، جووڵە و ئامادەیی بەرچاوی هەبووە و توانیوێتی تێگەیشتنی دروست بەرهەمبهێنێت كە بەیانكردنی ستراتیژ و ئامانجی سیاسیی یەكێتییە كە  هێز و لایەنە سیاسییەكانی عیراقیش قبووڵیانە و ئێستاش هەوڵی پێكهێنانی حكومەتێكی كارا دەدەن كە وەڵامدەرەوەی پێداویستییەكانی خەڵك بێت و دەستپێشخەرییەكەی سەرۆكی یەكێتیش پێشوازیلێکراوە لەلایەن لایەنە سیاسییەكانەوە.
ئەم هەنگاوانەی یەكێتی پێشوازییەكی گەرمی لێدەكرێت لەلایەن كوتلەكانی پەرلەمان و هێز و لایەنە سیاسییەكانەوە بەتایبەتی لە پرسی پێكهێنانی حكومەتی نوێی عیراقدا، كە هەنگاوەكانی پێكهێنانی لە دوای راسپاردنی محەمەد شیاع سودانی لەلایەن سەرۆك كۆمارەوە چەند رۆژێكە دەستیپێكردووە و گفتوگۆكان لەو ماوەیەی لەبەردەم سودانیدا ماوە، چڕوپڕتر بوون لە پێناوی گەیشتن بە رێكەوتن لەسەر شێوەی حكومەت و كارنامەكەی.

״لەگەڵ دەستپێشخەرییەكانی یەكێتیدا هاوڕاین״
عەقیل فەتلاوی پەرلەمانتاری دەوڵەتی قانون لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بە  PUKMEDIAی راگەیاند: دەستپێشخەرییەكانی یەكێتی بۆ پرسی پێكهێنانی حكومەتی نوێی عیراق كە حكومەتێكی بەهێزی تەوافوقی بێت، جێگەی رەزامەندیی كوتلە سیاسییەكانە و پشتگیریی دەكەین.

دەستپێشخەرییەكانی یەكێتی لەگەڵ ئەم قۆناغەدا یەكدەگرنەوە
 حسێن عەلی مەردان پەرلەمانتار لە پێكهاتەی كوردی فەیلی بە PUKMEDIAی راگەیاند: لەگەڵ بۆچوونەكانی یەكێتی هاوڕاین سەبارەت بە پێكهێنانی حكومەتێكی كارا و خزمەتگوزار، لە سەرەتاشەوە لەگەڵ یەكێتی كارمان بۆ بەدیهێنانی ئەم ئامانجە نیشتمانییە كردووە، وتیشی: گفتوگۆ لەنێوان لایەنە سیاسییەكاندا بۆ دابەشكردنی وەزارەتەكان بەردەوامە و پێشبینی دەكەین هەفتەی داهاتوو دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ دەنگدان لەسەر حكومەتەكەی محەمەد شیاع سودانی بكرێت، پێویستە حكومەتی یەكێتیی نیشتمانی لەم قۆناغەدا بە بەشداریی هەموان پێكبهێنرێت.

هاوپەیمانیی عەزم: بەشداریكردنی سەرجەم هێز و لایەنەكان گونجاوترین هەنگاوی ئەم قۆناغەیە 
 تەها فارس پەرلەمانتاری هاوپەیمانیی عەزم لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بۆ     PUKMEDIA رایگەیاند: یەكێتی و عەزم و چوارچێوەی هەماهەنگی و لایەنە هاوپەیمانەكانمان، بژاردەی بەشداریكردنی سەرجەم هێز و لایەنەكان لە حكومەتی نوێی عیراق، بە گونجاوترین هەنگاو بۆ ئەم قۆناغە دەزانین.
«سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی كارایی و توانای خۆی لە جموجووڵە سیاسییەكاندا سەلماندووە و بۆچوونەكانیشی رۆڵیان لە نزیككردنەوەی لایەنەكاندا هەبوو، متمانەی تەواومان بە دەستپێشخەرییەكانی بۆ چارەسەركردنی كێشەكان هەیە و وەك هاوپەیمانیی عەزم پشتیوانی تەواوی بۆچوونەكانی یەكێتی دەكەین».

فەتح: پێشنیازی سەرۆك بافڵ بۆ حكومەتێكی نیشتمانی بە بەشداری هەموان، باشترین بژاردەیە
 رەفیق هاشم ساڵحی پەرلەمانتاری هاوپەیمانیی فەتح بە PUKMEDIAی راگەیاند: سەرجەم كوتلە پەرلەمانییەكان پێشوازیی لە دەستپێشخەرییەكانی سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی دەكەین و پێمانوایە حكومەتێكی نیشتمانی بە بەشداری هەموان، باشترین بژاردەیە لەم قۆناغەدا، ئێستاش لە دوا هەنگاوەكانی پێكهێنانی حكومەتی نوێی عیراق نزیكبووینەتەوە و لە ئەگەری رێكەوتنی هەموو لایەنەكان، حكومەتێكی نیشتمانیی خزمەتگوزار پێکدەهێنین  كە پڕۆژەی خزمەتكردنی هاووڵاتیان كارە لەپێشینەكانی بێت.

وتەبێژی یەكێتی: بڕیارەكانمان لە روانگەی هاوبەشیكردنی راستەقینەوە سەرچاوە دەگرن
دكتۆر سۆران جەمال تاهیر وتەبێژی رەسمیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان پێشتر  لە لێدوانێكی تایبەتدا بە PUKMEDIAی راگەیاندبوو: یەكێتی لە چوارچێوەی دیدار و گفتوگۆكانی لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی راسپێردراو بۆ پێكهێنانی حكومەت، كارنامەی خۆی لە چوارچێوەی بەشداریكردنی لە هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەتدا پێشكەشكردووە،  روونیشیكردەوە «یەكێتی، جەخت لە دەستەبەركردنی بەركەوتەی كورد و گەلانی دیكەی عیراق بەگشتی دەكاتەوە»، دووپاتیشیكردەوە «یەكێتی ئامادەبوونی بەردەوامی ئەندامانی مەكتەبی سیاسی بە سەرپەرشتی سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی لە بەغدا دەبێت، بە ئامانجی وەبەرهێنانی كاریگەریی گەورەی سەرۆك مام جەلال كە لە سەرەتای پڕۆسەی ئازادیی عیراقەوە تا كۆچی دوایی، رۆڵی گەورەی هەبوو، هەروەها كار بۆ سەرلەنوێ بنیاتنانەوە و پتەوكردنی پەیوەندییەكان لەگەڵ سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییەكان  دەکات لەپێناوی بەرگریكردن لە مافەكانی گەلی كورد لە پڕۆسەی سیاسیی عیراقدا».

پارتی دەستی دووە، بۆچی وەزارەت لە پارتی وەربگرین
نوێترین لێدوانی لێپرسراوی باڵای سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەسەر پرسی پێكهێنانی حكومەتی عیراق، لەلایەن ستران عەبدوڵڵا ئەندامی مەكتەبی سیاسییەوە بوو، كە ئاشكرایكرد «دوو وەزارەت لە كابینەی نوێی حكومەت بە شایستەی یەكێتی دەزانین».
ستران عەبدوڵڵا بە راشكاوی دەڵێت «بۆ داواكردنی مافەكانی خۆشمان روومان لە پارتی دیموكراتی كوردستان نییە، خۆ ئەم حكومەتە حكومەتی پارتی نییە، داوای وەزارەتی لێبكەین، ئەم حكومەتە بە سەرۆكایەتیی محەمەد شیاع سودانی-یە، بۆیە روومان لە دەستی دووەم نییە، بۆچی وەزارەت لە پارتی وەربگرین».
PUKMEDIA

بابەتە پەیوەندیدارەکان