ئاژەڵە كێوییەكان و بەخێوكردنیان لە نێو ماڵدا

09:32 - 2022-10-26
ڕاپۆرت
456 جار خوێندراوەتەوە
#شوێنی ئاژەڵە کێویەکان سروشتە نەوەکو ماڵ

کەرکوک/ هێمن ئەحمەد

ئاژەڵە کێویەکان بەشێکن لە سروشت، چالاکوانانی ژینگە ساڵانێکە لە هەوڵی ئەوەدان گەشە بە ژینگەی سروشتی و ژیانی ئاژەڵە کێویەکان بدەن و دیاردەی راوکردنیان رابگرن، لە بەرامبەردا دیاردەی بەخێوكردنی ئاژەڵە كێوییەكان، روو لە زیادبوونە ‌وهەندێكیان بە پارەیەكی خەیاڵی دەكڕدرێن، یان بە نایاسایی لە شوێنە جیاجیاكان راودەكرێن.
محەمەد كەریم، گەنجێكی تەمەن 40  ساڵە و سەرقاڵی بەخێوكردنی ئاژەڵە كێوییەكانە، دەڵێت: ماوەی چەند ساڵێكە بە بەخێوكردنی ئاژەڵە كێوییەكانەوە سەرقاڵم، زۆر جۆر لەو ئاژەڵانەم هەبووە،  ئارامیم پێدەبەخشێت، هەربەهۆی ئەو ئاژەڵانەوە جەنجاڵی چواردەوری خۆم  وخەڵکیش دووردەخەمەوە، چەند ساڵێكە بە بەخێوكردنی بەچكەی داڵ و هەڵۆوە سەرقاڵم و تا رادەیەك توانیومە سەركەوتن بە دەستبهێنم و هەندێکجار لە رووی مادیشەوە قازانج دەكەم.
ئەو ئاژەڵە کێویانەی ئێستا لە ماڵەکاندا بەخێو دەکرێن، بەشێكیان لە وڵاتە دراوسێكانی دەوروبەرەوە دەهێنرێن، هەندێک جاریش  بە نایاسایی راودەکرێن، هەندێکجاریش نا سەقامگیرییەی دەوروبەری رۆڵی هەیە لە كۆچكردنی بەشێك لەو ئاژەڵانە بۆ ناوچەكانی كوردستان، یان گۆڕانكاری ژینگە لە نێوان وەرزەكاندا رۆڵ دەبینین لە كۆچكردنیان بۆ ئەم ناوچانە.
جومعە كەریم، لەسەر پردە بەردینەكەی كەركوك دوکانی فرۆشتنی ئاژەڵە كێوی و ماڵییەكانی هەیە، وتی: ساڵانێکی زۆرە كاری فرۆشتنی ئاژەڵی كێوی و ماڵی دەكەم و هەم زیان و هەم قازانجیش دەکەم.
وتیشی: خەڵكێكی زۆر باری داراییان باشە و  روو لە كڕینی ئەو ئاژەڵە كێوییانە دەكەن، باخچە گەورەكانیان یان شوێنی تایبەتیان لە دەرەوەی شار بۆ بەخێوكردنیان دابینكردووە، وەكو مارو تیمساح و رێوی و گورگ.
ئەو دوكاندارە باسی لەوەشكرد: راهێنان و بەخێوکردنی ئاژەڵی کێوی، ئاسان نییە، بەخێوکردن و راهێنانی ئاژەڵی کێوی لەناو ماڵاندا لەلایەن كڕیارەوە زۆر ئەستەمە و هەندێكجار تووشی رووداویان دەکات، پێویستە  خاوەنی ئەو ئاژەڵانە زانیاری باشی لەسەر تەندروستی و دەروونی ئەو ئاژەڵانە هەبێت، هەروەها ئەوەی خاوەنی دوکانی فرۆشتن ئاژەڵە کێوییەکانە، كڕیار لەسەر بەخێوکردنیان رابهێنێنن.
بەخێوكردنی  ئەستەم بوو
هێلین عەلی، كچێكی تەمەن 25 ساڵە، لەسەر پردە بەردینەكەی كەركوك سمۆرەیەكی كڕیبوو، وتی، بەخێوكردنی زۆر ئەستەم بوو، چونكە ئەو ژینگەیەی لێی ژیابوو، ژینگەیەكی جیاواز بوو، دابینکردنی جۆری خواردنەكانشی ئەركێكی تر بوو، پێویستی دەكرد پزیشكی ڤێترنەری شارەزاییت بداتێ بۆ رێنمایی، ماوەی دوو مانگ بەردەوام بووم لە بەخێوکردنی سمۆرەکە، بەڵام ئەندامانی خێزانەكەم و خۆشم نەمانتوانی لە بەخێوكردنیدا بەردەوام بین، بۆیە دەستبەرداری بووم و پشیلەیەكی جوانكیلەم لەبری ئەو كڕی كە ئەركی بەخێوكردن و راهێنانەكەشی كەمترە، ئەندامانی خێزانەكەشم لەگەڵ پشیلەکە راهاتوون.
 جومعەی دوکاندار ئەوەشی وت: ئێستا هاووڵاتیان بەشێوەیەكی گشتی، ئەو ئاژەڵ و پەلەوەرانە رادەگرن لە ماڵەکانیاندا، كە خۆگونجاندنیان لەگەڵ ژینگەی ماڵەکاندا ئاسانە و زوو ئاشنای مرۆڤرکان دەبن، وەکو سەگ، ئاسك، مەیموون و هەندێک پەلەوەر...، نرخەكانیش بەپێی ئاژەڵەكان دیاری دەكرێت، بۆ نموونە بەچكە مەیموون لە 200 دۆلارەوە دەستپێدەكات، یان بەچكە ئاسكی كێوی لە 500  دۆلارەوە هەیە تا 100 دۆلار.
ئاژەڵە كێوییەكان بەخێوكردنیان پێویستی بە راهێنان هەیە و ژینگە و باری دەروونی خێزان دیسان کارگەری هەیە، هەندێکجار لایەنە كۆمەڵایەتی و ئاینییەكە رۆڵیان دەبێت لە دیاریكردنی جۆری ئاژەڵە كێوییەكان، ئاژەڵە كێوییەكانی بریتین لە رێوی، گوورگ، پشیلە، وشترمل، مار، تیمساح، سیمۆرە.. هتد.

خۆپاراستن لێیان گرنگە
فەلاح حەسەن پزیشكی ڤێترنەری لەسەر ماڵیکردنی ئاژەڵە کێوییەکان وتی: خەڵكێكی زۆر سەردانمان دەكەن ئاژەڵە كێوییەكانیان بەخێو دەکەن، بۆ بەركارهێنانی دەرزی و تیماركردن و لەكاتی زاوزێدا، وتیشی ئاژەڵی کێوی پێویستی بە خۆگونجاندنە لەگەڵ ژینگە ئەو شوێنەی  تیایدا دەژی، زۆرجار كەسەكان ناتوانن خۆیان لەگەڵ ئاژەڵە كێوییەكان بگونجێنن،  بۆیە بەخێوكەر تووشی رووداوی پەلاماردان و برینداركردن دەبێت لەلایەن ئاژەڵەكەوە، بۆیە زۆر گرنگە سەرەتا زانیاری تەواوت لەسەر چۆنێتی مامەڵەكردن لەگەڵ ئەو ئاژەڵە هەبێت پاشان بڕیار لەسەر بەخێوکردنی بدەیت، وتیشی هەندێك لەو ئاژەڵانە بە شێوەیەكی نایاسایی دەهێنرێنە سنوورەكان، پێویستە خەڵكی بە وریایی و ترسەوە مامەڵەیان لەگەڵ بكەن و دەرزی پێویستیان لێبدەن چونکە هەندێكیان هەڵگری نەخۆشین.

بابەتە پەیوەندیدارەکان