زانستی سڵاو لە خۆر

10:20 - 2022-10-26
کەلتور
952 جار خوێندراوەتەوە

مەحمود شێرزاد 


لەش باترییە  (battery)، هەر وەک چۆن باتری ئامێری موبایلەکەت چارجی  (charge) دادەبەزێ و رۆژانە دەبێ چارجی بکەیتەوە، لەشی ئێمەش وزەی دادەبەزێ، بەڵام ئەگەر سیستەمی لەشمان هاوسەنگ بێ، خۆکار و راستەوخۆ بە وزەی ژیان چارج دەبێتەوە، بەڵام ئێستا شێوازی ژیانمان بە جۆرێکە سیستەمی لەشمان هاوسەنگ نەماوە، لەبەر ئەوە راستەوخۆ چارج نابێتەوە، هەر بۆیەش پێویستە لەم پێناوەدا هەندێ راهێنانی هەم جەستەیی و هەم زەینی بکەین تا ئەم هاوسەنگییە بگەڕێنینەوە، بەگشتی پێویستە هەموو تاکێک لانیکەم رۆژانە بیست خولەک یۆگا بکات.

سەرچاوەکانی وزەی ژیان
 لەشی ئێمە بە وزەی ژیان ( (pranaچارج دەبێتەوە. زاناکان و زانستی مودێڕنی خۆرئاوایی بە پڕانا دەڵێن وزەی گەردوونی یان وزەی ژیان، سەرچاوەکانی وزەی ژیان لە سەر گۆی زەوی بریتین لە یەکەم: خۆر،  دووەم: هەوا، سێیەم: ئاو و بە تایبەتی ئاوی کانیاو، چوارەم: خۆراکی رووەکی و سروشتی و دەستکاریی نەکراو، واتە خۆراکەکە نەکوڵێندرابێ، بەبرژابێ و سوورنەکرابێتەوە. وزەی ژیان لە خۆردا لە هەموویان بەهێزترە و سەرچاوەی وزەی ژیانی هەوا و ئاو و خۆراکە.

ئێمە ئەم سێکوچکەیەین
مرۆڤ و هەرچی لەسەر زەوی و لە ژێر زەویدا دەژین بەرهەمی سێکوچکەی گۆی زەوی و گۆی مانگ و گۆی خۆرین، یانی ئەگەر یەکێک لەم سێیانە لە یارییەکە دەر بکرێ ژیان لەسەر زەوی کۆتایی پێدێ. مرۆڤ دەرکەوتەی ئەم سێکوچەکەیە، یانی هەر مرۆڤێک بەشێکە لە وزەی هۆشمەندی خۆر و مانگ و زەوی کە بە شکڵی مرۆڤ دەرکەوتووە، ئەمە بۆ داروبەرد، دارودرەخت، گیاوگوڵ، ئاژەڵ و ئادەم راستە و وەک یەک وایە. کەواتە هەر کاتێ ئەم سێیانە، واتە خۆر و مانگ و زەوی هاوسەنگ بن کە هەن، ژیان بە کامڵترین شێوە دەردەکەوێ، بەڵام هەر کاتێ مرۆڤ یان ئاژەڵ یان هەر دارودرەخت و گیاوگوڵێک بکەوێتە دۆخی ناهاوسەنگیی ناوەکییەوە لەدەرەوەش لەگەڵ ئەم سێکوچکەیە هاوسەنگییەکەی تێکدەچێت و لە بەرەنجامدا لە رووی جەستەیی و زەینیی و ناخەکییەوە تێکدەچێ، جا مرۆڤ و زانستەکان بەرهەمی ئەم رووداوانەیان ناوە نەخۆشی و ناخۆشی، لەبەر ئەوەیە زانستی پزیشکیی ئایورڤیدا و یۆگا دەڵێن نەخۆشی و ناخۆشی بەرهەمی تێکچوونی هاوسەنگیی ناوەکین، واتە کەسەکە بە هۆی شێوازی هەڵەی ژیانی رۆژانەیەوە لە هاوسەنگی دێتە دەرەوە و تووشی نەخۆشی و ناخۆشیی دەبێت و هەر کاتێک بگەڕێتەوە بۆ ئەو هاوسەنگییە، نەخۆشیی و ناخۆشییەکانی چاک دەبنەوە، لەبەر ئەوەیە  ئەو کەسانەی یۆگا دەکەن بە بێ بەکارهێنانی هیچ چارەسەرییەکی کیمیایی دەتوانن زۆربەی هەرە زۆری نەخۆشییە تەنانەت کوشندەکانیش چارەسەر بکەن.

سڵاو لە خۆر (surya namaskar)
لە یۆگادا بوخچەیەک هەیە بە ناوی سڵاو لە خۆر، ئەم بوخچەیە لە دوازدە شێوە یان حاڵەتی جەستەیی پێکهاتووە. سوریا وشەیەکی سانسکرێتییە یانی خۆر و ناماسکار یان ناماسکارام یانی سڵاو، بەڵام ناماسکارام جگە لەو مانا باوەی کە هەموو کەس دەیزانێت مانایەکی عیرفانیشی هەیە کە کەم کەس دەیزانێت و لەم بوخچەیەدا بەو مانایەش هاتووە، ئەویش بریتییە لە «من نیم»، واتە کەسەکە لە ئاست وزە و هێزی باڵادا کە ئەم ژیانە لەوەوە سەرچاوەی گرتووە دەڵێ من نیم، تەنیا تۆ هەی و ئەوەی کە هەیە تەنیا تۆیە. لە عیرفانەکانی خۆرهەڵات و عیرفان و دینە کوردییە کۆنەکاندا خۆر و خودای خۆر هەبووە و خۆریان بەسەرچاوەی ژیان زانیوە، بۆ نمونە لە عیرفانی ڤیداییدا بە سوریا ناویان هێناوە و لە عیرفانی کوردیی کۆندا بە «میترا» ناوی هاتووە و بەسەرچاوەی ژیانیان زانیوە. بە هەمان شێوە لە یۆگادا بوخچەیەکیش هەیە بە ناوی سڵاو لە مانگ (چاندرا ناماسکار)، کە پەیوەندیی ئێمە بە وزەی مانگەوە رێکدەخاتەوە کە لە مەجالێکی دیکەدا باسی دەکەین.

سووڕی دوازدەی ساڵەی خۆر
بوخچەی راهێنانەکانی سڵاو لە خۆر لە دوازدە راهێنان پێکهاتووە، ئەم دوازدە راهێنانە بە نەرمی و بە دوای یەکتریدا دەکرێن، هەر یەک لەم راهێنانە لەش دەباتە شێوە و شکڵێکی دیاریکراوە و هەناسەش بە گوێرەی شێوەی لەش رێکدەخاتەوە، واتە کاتێ لەش دەجوڵێ یان لە شێوەیەکدا دەوەستێت هەناسەش بە گوێرەی شێوەی خۆی دەگۆڕێ و شکڵ پێدەدا، یانی کاتێ ئێمە جووڵەیەک دەکەین دەبێ هەناسە هەڵمژین و هەناسەدانەوەمان لەگەڵ ئەم جوڵەیە هاوئاهەنگ بێ، لە راهێنانی سڵاو لە خۆردا و لەسەرجەم راهێنانەکانی یۆگا بە وردی کار لەسەر ئەم حاڵەتە کراوە. ئەم راهێنانە وەک باسمان کرد لە دوازدە شێوە و حاڵەت (asana) پێکهاتووە، ئەم دوازدە ئاسانایە پەیوەندی بە دوازدە مانگی ساڵ و سووڕی ناوەکیی دوازدە ساڵەی خۆرەوە هەیە، ئەو ئازیزانەی لەبواری زانستیدا موتاڵایان هەیە دەزانن کە خۆر هەر دوازدە ساڵ جارێک یەک سووڕی ناوەکیی دەبڕێ، بۆیە ئەم بوخچەی راهێنانی سڵاو لە خۆرە بە پلەی یەکەم لەشی ئێمە و رەهەندەکانی لەشی ئێمە بە وزەی ژیانی خۆرەوە وەسڵ دەکاتەوە و ئەگەر لە نێوان ئێمە خۆردا ناهاوسەنگییەک روویدابێ، هاوسەنگی دەکاتەوە.

خۆرهەڵات و خۆرئاوا
باشترین کات بۆ راهێنانی سڵاو لە خۆر کاتی خۆرهەڵاتن و کاتی خۆر ئاوابوونە، لەم دوو کاتەدا دەتوانین روو بە خۆر بوەستین و راهینانەکە بکەین. سڵاو لە خۆر لەش زۆر نەرم دەکا و لە هەموو روویەکەوە رێکی دەخاتەوە. ئەگەر بە بەردەوامی بکرێ هۆش کۆ دەکاتەوە و تەرکیز بەهێز دەکا، خوێن تازە دەکاتەوە و سووڕی خوێن باش دەکا، زەختی خوێن ئاسایی دەکاتەوە، کۆئەندامی هەرس بەهێز دەکا، ماسولکەکان دەکێشێ و بەهێزیان دەکا، چەوری زیادە دەتوێنێتەوە، خەمووکی و نەخۆشییە دەروونییەکان چاک دەکاتەوە، بە گشتی هەم جەستە و هەم زەی و هەم ناخ خاوێن دەکاتەوە و هەم بەهێز و رێکی دەکاتەوە. 

بابەتە پەیوەندیدارەکان