چەند جۆرێک لە چەكی بێ‌ مۆڵەت دەستی بەسەردا گیراوە

09:36 - 2022-10-27
ڕاپۆرت
360 جار خوێندراوەتەوە

راپۆرتی/ جەمال سەرگەتی

چەند  رۆژێکە لە هەرێمی كوردستان هەڵمەتی دەست بەسەردا گرتنی چەكی بێ‌ مۆڵەت دەستی پێكردووە، سەرجەم  هێزە ئەمنیەكان لە چەندین شوێنی سلێمانی بازگە دادەنێن و پشكنینی ورد بۆ ئۆتۆمبێلەكان دەکەن.

هەفتەی بەرەنگاربوونەوەی چەك دەستی پێكردووە
لەسەر بریار و رێنماییی وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان، هەفتەی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی چەك راگەیەندراوە ماوەی یەك هەفتە هەڵمەتەكە بەردەوام دەبێت، لە سلێمانی لە ماوەی دەستپێكردنی هەڵمەتەكە چەندین جۆر چەكی بێ مۆڵەت دەستی بەسەردا گیراوە، خاوەنی چەكەكانیش رووبەرووی یاسا دەكرێنەوە.
وتەبێژی پۆلیسی پارێزگای سلێمانیش ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، لە پاش ئەم هەڵمەتە، هەڵمەتی ماڵ بەماڵ دەستپێدەكەن، سەرجەم چەكەكان لەو كەسانە وەردەگیرێتەوە بەبێ‌ مۆڵەت چەكیان هەڵگرتووە، دەشڵێت رووداوەكانی كوشتن و خۆكوشتن و برینداركردن بەچەك لە هەرێمی كوردستان رووی لە زیاد بوون كردووە.
سەركەوت ئەحمەد وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند: لەسەر بڕیار و رێنمای وەزیری ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان و لە سلێمانی-ش بە سەرپەرشتی بەرێوەبەری پۆلیسی پارێزگای سلێمانی هەڵمەتی هەفتەی بەرەنگاربوونەوەی چەك دەستی پێكردووە، ئامانج لە هەڵمەتەكە و دانانی بازگەكان بۆ داماڵینی ئەو چەكانەیە لەلای هاووڵاتیانن و بێ‌ مۆڵەتن.
هەڵمەتی ماڵ بەماڵ دەستپێدەكەن
وتیشی، ئێستا هەڵمەتەكە لەسەر شەقامەكان بەردەوامی هەیە و پلانمان هەیە بۆ رۆژانی داهاتوو هەڵمەتی ماڵ بەماڵ  و كافتریاكان و چەندین شوێنی تر دەستپێبكەین و ئەو چەكانەی كە مۆڵەتیان نییە دەستیان بەسەردا بگرین، هەڵمەتەكەش هێزەكانی ئاسایش و پۆلیس بەهاوبەشی جێبەجێی دەکەن.
وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی ئەوەشی وت، لە ماوەی ئەم چەند رۆژەی رابردوودا كە هەڵمەتەكە بەردەوامی هەیە، چەندین جۆر چەكی بێ‌ مۆڵەت و كەلوپەل دەستی بەسەردا گیراوە و خاوەنەكانیان رووبەرووی یاسا كراونەتەوە، ئەم هەڵمەتی سەر شەقامەش تاوەكو كۆتاییی مانگ بەردەوام دەبێت.

 

ئامانج لە هەڵمەتەكە و دانانی بازگەكان بۆ داماڵینی  ئەو چەكانەیە لەلای هاووڵاتیانن و بێ‌ مۆڵەتن

 

 

رووداو بە چەك روو لە زیادبوونە
سەركەوت ئەحمەد راشیگەیاند، رووداوەكانی كوشتن و خۆكوشتن و برینداركردن بە چەك لە هەرێمی كوردستان رووی لە زیادبوون كردووە، ساڵ بە ساڵیش رووداوەكان زیاد دەبن، بۆیە كار دەكەین تاوەكو چەكەكان لە هاووڵاتیان وەربگرینەوە، هیچ نەبێت رووداوەكان كەم ببنەوە، چونكە ئەو كەسانەی ئەو چەكە بێ‌ مۆڵەتانە هەڵدەگرن یەك سزای هەیە، ئەگەر بەكاری بهێنێت و رووداوێك رووبدات ئەوا دوو سزای هەیە كە سزاكانیان زۆر قورسە.
وتەبێژی پۆلیس، داواشی لە هاووڵاتیان كرد هاوكارییان بكەن و ئەو چەكە بێ‌ مۆڵەتانەی لەلایانە رادەستیان بكەن، هەروەها سوپاسی هاووڵاتیانیشی كرد كە هاوكاری هێزە ‌ئەمنیەكان دەكەن بە پێدانی زانیاری.
هاووڵاتیان سوپاسی هێزە ئەمنیەكان دەكەن
هاووڵاتیانیش ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن  پێویستە هەڵمەتی داماڵینی چەك بەردەوامی هەبێت، هێزە ئەمینەكان  كاری زیاتر و ورتر بكەن تاوەكو ئەو كەسانەی چەكی بێ‌ مۆڵەتیان پێییە لێیان وەربگیرێتەوە، دەشڵێن نابێت جیاوازی بكرێت لە نێوان هاووڵاتیاندا و سەرجەمیان بە یەك چاو سەیر بكرێن تاوەكو رووداوەكانی كوشتن و خۆكوشتن  و برینداركردن بە چەك كەم بێتەوە.
هاووڵاتیان سوپاسی هێزە ئەمنیەكانی سلێمانی دەكەن كە هەمیشە كاریان كردووە بۆ پاراستنی سەر و ماڵی هاووڵاتیان.

بابەتە پەیوەندیدارەکان