هه‌رێز جه‌مال
یانەی ڤیاریالی ئیسپانی دەستنیشانکردنی کیکی سیتینی وەک راهێنه‌ری نوێی یانه‌كه‌یان راگەیاند، پاش ئه‌وه‌ی ئونای ئیمری راهێنەری پێشووی یانه‌كه به رێككه‌وتنی دوولایه‌نه گرێبه‌سته‌كه‌ی هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌و په‌یوه‌ندی به ئەستۆن ڤێلای ئینگلیزییه‌وه كرد.
کیکی سیتین دوای زیاتر لە دوو ساڵ دابڕان له ئه‌ركی راهێنه‌ری جارێكی تر دێته‌وه سه‌ر هێڵی رێنمایی دانی یاریزانان به‌و پێیه‌ی له‌و كاته‌وه‌ی له به‌رشه‌لۆنه نه‌ماوه پۆستی هیچ راهێنه‌رێتییه‌كی یانه‌كانی وه‌رنه‌گرتووه كاتێك له بۆ ماوه‌ی هه‌شت مانگ له ساڵی 2022 راهێنه‌ری یانه‌ی به‌رشه‌لۆنه بوو.
كیكی له‌ماوه‌ی ئه‌و هه‌شت مانگه‌ی راهێنه‌ری به‌رشه‌لۆنه بوو، یانه كه‌ته‌لۆنییه‌كه‌ی تووشی قورسترین شكست كرد لە مێژووی چامپیۆنزلیگدا ، کاتێک یانەکە لە قۆناغی چارەکی کۆتاییدا بە ئەنجامی 2-8 بە بایرن میونشن دۆڕا.
ئه‌و راهێنه‌ره له كاتێكدا ئه‌ركی راهێنه‌ری ڤیاریال لەم وەرزەدا ده‌گرێته ده‌ست یانه‌كه لە ڕیزبەندی حەوتەمی یانەکانی لالیگادایە، بە 18 خاڵ، دوای ئەوەی 5 یاریی بردووەتەوە، 3 یاری دۆڕاندووەو 3 یاریش یه‌كسان بوون.
سیتینی تەمەن 64 ساڵ پێشتر ڕاهێنەری یانەکانی ڕاسینگ سانتاندێر، پۆلیدیپۆرتیڤۆ ئێخیدۆ، لۆگرۆنێس، لوگۆ، لاس پاڵماس و ڕیاڵ بیتیس بووە لە ئیسپانیا، جگە لە هەڵبژاردەی گینیای ناوه‌ڕاست.