د.محەمەد سابیر: پێویستە یەكێتی پرسی كردنەوەی نوێنەرایەتی حزب لە پەكین زیندوو بكاتەوە

10:33 - 2022-10-27
عیراق
488 جار خوێندراوەتەوە

دیپلۆماتكارێكی كورد و شارەزای كاروباری كۆماری گەلی چین، بەگرنگی دەزانێت یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان پەیوەندییەكانی لەگەڵ حزبی كۆمۆنیست و كۆماری گەلی چین-دا رێكبخاتەوە و پتەوتری بكات.
یەكێتی پرسی كردنەوەی بیرۆی یەكێتی لە پەكین زیندووبكاتەوە
باڵیۆز د.محەمەد سابیر دیپلۆماتكار و باڵیۆزی پێشووی عیراق لە چین، دەڵێت: «پێویستە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان پرسی كردنەوەی بیرۆی یەكێتی لە پەكین زیندووبكاتەوە، كە بناغەكەی دانراوە و حكومەتی چین رازییە یەكێتی بیرۆی لەو وڵاتە هەبێت، ئەویش لەڕێگەی نووسینگەی بازرگانییەوەیە و نوێنەری یەكێتی كارەكان بەڕێوەببات».
سەرۆك مام جەلال پەیوەندیی پتەو و مێژوویی لەگەڵ چین-دا دروستكردووە
د.محەمەد سابیر، ماوەی شەش ساڵ باڵیۆزی عیراق بوو لە چین، لە دیدارێكی تایبەتدا لەگەڵ سایتی رەسمیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان PUKMEDIA، بەبیری دەهێنێتەوە كە یەكێتی یەكەمین حزبە لەسەر ئاستی عیراق و هەرێمی كوردستان پەیوەندیی دێرین و مێژوویی لەگەڵ حزبی كۆمۆنیست و حكومەتی چین-دا هەیە و سەرۆك مام جەلال-یش ئەو پەیوەندییەی دروستكردووە «هەڤاڵ بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، ئەو پەیوەندییە توندوتۆڵتر بكات و سەردانی كۆماری گەلی چین بكات و گەورە بەرپرسانی حزبی كۆمۆنیستی چین ببینێت».
حزبی كۆمۆنیستی چین بودجەی تایبەتی بۆ سەردانی ساڵانەی وەفدی یەكێتی بۆ چین دابینكردووە
لە درێژەی قسەكانیدا، د.محەمەد سابیر، دەڵێت: حزبی كۆمۆنیستی چین، ساڵانە بودجەیەكی تایبەتی بۆ یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دابینكردووە بۆ سەردانی وەفدێكی باڵای سیاسی و وەفدێكی كادرانی راگەیاندن و پێویستە ئەو پەیوەندییە رێكبخرێتەوە، چونكە مام جەلال وتەنی «چین گرنگە».
حزبی كۆمۆنیستی چین بیستەمین كۆنگرەی نیشتمانیی خۆی سازكرد و تێیدا بۆ خولی سێیەم، سەرۆك شی چینپینگ بە سكرتێری حزبی كۆمۆنیستی چین هەڵبژێردرایەوە، لەوبارەیەوە د.محەمەد سابیر دەڵێت: سەرۆك شی جینپینگ سەركردەیەكی خۆشەویستی چینییەكانە و كەسایەتییەكی لێهاتووە و ستراتیژی گرنگی هەیە بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییە هەمەلایەنەكانی وڵاتەكەی.

PUKMEDIA

بابەتە پەیوەندیدارەکان