كرێكارێكی زۆر لەسەر شەقامەكان چاوەڕێی كارن

10:03 - 2022-10-30
ڕاپۆرت
364 جار خوێندراوەتەوە
#هەولێر، کرێکاران لە چاوەڕوانی دەستکەوتنی کاردا

هەولێر/ رەوەست نەوزاد

سەرەڕای جێبەجێكردنی سەدان پڕۆژەی گەورەی نیشتەجێبوون و بیناسازی و پیشەسازی و رێگەوبان لە هەولێر، رۆژانە سەدان كرێكاری شارەكە و كرێكاری تری بیانی وڵاتەكانی ئێران و سوریا و توركیا و شارەكانی تری عیراق لەسەر شەقامەكانی هەولێر بێكارن و چاوەڕێی یەكێك دەكەن بۆ كار بانگیان بكات، خەڵكیش دەپرسن ئەگەر ئەو هەموو پڕۆژە گەورە و ستراتیژیانە هەن، بۆچی ئەو ژمارە زۆرە كرێكارە بێكار لەسەر شەقامەكان ماونەتەوە؟.
سەعید عومەر کرێکارە لەسەر شەقامی 100 مەتری بۆ دەسکەوتنی کار وەستابوو خەڵكی هەولێرە و خێزاندارە وتی: کرێکاری کارێکی قورسە، بەڵام لەبەر دەستکەوتنی بژێوی خێزانەکەم مەجبورم کرێکاری بکەم، لەگەڵ ئەو هەموو ماندووبوونە هەندێکجار خاوەنی کارەکەش غەدرمان لێ دەکات و حەقی تەواومان ناداتێ، لەسەر ئەم شەقامە دەوەستم بەو ئومێدەی حەماڵیم دەست بکەوێت.
لەسەر شەقامەكانی 100 مەتری و شەقامی سەرەكی هەولێر – مەخمور و چەند شەقامێكی ناو بازاڕی هەولێر رۆژانە کرێکاران دەوەستن بۆ دەستکەوتنی کار، بەهۆیەوە قەرەباڵغی و ئاستەنگی هاتوچۆ و  ئۆتۆمبێلیش دروستدەكات، بە وتەی ئەو كرێكارانە ئەوان خۆشیان حەزیان بەو شێوەیە وەستانە لەسەر ئەو شەقامانە نییە، بەڵام بە ناچاری بۆ ئەوەی كاریان دەستدەكەوێت ئەو شەقامانە هەڵدەبژێرن.

قورسی دەستكەوتنی كار
شاكر عەبدولڕەحمان، لەسەر شەقامی 100 مەتری شاری هەولێر لەگەڵ ژمارەیەك كرێكاری تر بۆ دەستكەوتنی كار وەستابوو، باسی قورسی دەستكەوتنی كاری دەكرد و دەیوت:  رۆژانە لێرە دەوەستین بۆ دەسکەوتنی کار و هەموو رۆژ کارمان دەست ناکەوێت و هەندێک رۆژ بە نائومێدی دەڕۆینەوە بۆ ماڵەوە، جگە لەوە کرێی کرێکاری زۆر کەمە رۆژێک تا ئێوارە کار دەکەین بە 25 هەزار دینار کە بەشی بژێوی خێزان ناکات.
وتیشی، جگە لەوە زۆر بوونی کرێکاری وڵاتانی تر و بە تایبەت ئێران لەسەر شەقامەکان و کارکردنیان بە بڕە پارەیەکی کەمتر لە ئێمەی خەڵکی شارەکە وایکردووە بە ئاسانی کارمان دەست نەکەوێت، ئەوان بە هەر چەند کار بکەن بۆ ئەوان قازانجە لەبەرئەوەی ماڵ و منداڵیان لەگەڵدا نییە و کرێ خانوو و پارەی خزمەتگوزاری و شتی تر نایەن.
هەر لەسەر شەقامی 100 مەتری، ئەحمەد كەریمی كرێكار، خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان بوو وەستابوو بۆ دەستکەوتنی کار وتی، بەهۆی بێكاری لە ئێران و سەختی باری دارایی ماوەی شەش مانگە هاتوومەتە هەرێمی كوردستان و لە هۆتێلێكی هەرزان بەها شەوانە قەرەوێڵەیەكم لەگەڵ چەند هاوڕێیەك بە پێنج هەزار دینار گرتووە و رۆژانەش لەسەر شەقام چاوەڕێی كارێك دەكەم.
ئەو كرێكارە ئێرانیە دەڵێت: بەیانی تا ئێوارە لەسەر شەقام دەوەستین ئینجا ئەگەر لە دوو رۆژ رۆژێك كارم دەستدەكەوێت،  جگە لە كرێكاری كاری حەماڵیش دەكەین.

نزیكەی 100 هەزار كرێكاری بیانی 
بەپێی ئامارێکی لقی هەولێری سەندیكای كرێكارانی كوردستان نزیكەی 100 هەزار كرێكاری بیانی لە هەرێمی كوردستان كاردەكەن. یوسف كەریم، سەرۆكی لقی هەولێری سەندیكای كرێكارانی كوردستان رایگەیاند: دەرفەتی كار تەنها بەوە دابین ناكرێت كە كرێكار ببەیتەسەر كار، بەڵكو پێویستە راهێنانی پیشەییان بۆ بكرێتەوە و ئەزموونیان هەبێت لە كاركردن و كرێیەكیان بۆ دابین بكرێت كە شایستەی ژیانێكی شكۆمەندانە بێت بۆ خۆیان و خانەوادەكانیان.
وتیشی: داوا لەخاوەن كارەكان دەكەین دەرفەتی كار زیاتر بە كرێكاری خۆماڵی بدەن و داواش لە كرێكارەكانیش دەكەین شارەزایی لە ئەرك و مافەكانیان بەدەست بهێنن و هەوڵبدەن بەشداری راهێنانە پیشەییەکان بكەن.
بەپێی یاسا هەر کرێکارێک پێشتر دەستەبەری کۆمەڵایەتی بۆ کرابێت و لە کاتی کارکردن کەمئەندام ببێت یاخود گیانلەدەست بدات ئەوا خانەنشینی دەیانگرێتەوە.
سەرۆكی لقی هەولێری سەندیكای كرێكاران دەڵێت، رێژەی كرێكاری دابینكراو لە ئاستی داواكاری ئێمە نییە و رێژەیان زۆر كەمە، بە نزیكەی 15 % تا 20 % كۆی کرێکارانە.

سەلامەتی پیشەیی بەهەند وەرنەگیراوە
باسی لەوەشکرد، بەهۆی كەمتەرخەمی خودی كرێكارەكە و زۆرجاریش خاوەن كارەكان سەلامەتی پیشەیی زۆر بەهەند وەرنەگیراوە لە هەرێم، بۆیە زۆرجار كرێكار تووشی رووداو دەبن، ئەمساڵ  5 كرێكار لە كاتی كاركردن لە هەولێر گیانیان لەدەستداوە كە ساڵی رابردوو رێژەكە زیاتر بوو، بۆیە داوا لە خاوەن كارەكان دەكەین گرنگی زیاتر بە سەلامەتی پیشەیی بدەن لیژنەكانی چاودێریش كە سەر بە بەڕێوەبەرایەتی دەستەبەری كۆمەڵایەتی وەزارەتی كاروكاروباری كۆمەڵایەتییە رۆژانە شوێنی كارەكان بەسەردەكەنەوە کە لقەكەی ئێمەش نوێنەرمان لە لیژنەكەدا هەیە، بەڵام لەوانەیە بەهۆی فراوانبوونی شاری هەولێر بەو شێوە خێرایە نەتوانن بچنە هەموو شوێنێكی كاركردن.

بابەتە پەیوەندیدارەکان