ناکۆکییەکانی فەرەنسا و ئەڵمانیا بەهێزتر دەبێت

10:22 - 2022-10-30
ڕاپۆرت
256 جار خوێندراوەتەوە
ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا

ئا: عەبدوڵلا سدیق


هەفتەی پێشوو ئۆلاف شۆڵتس راوێژکاری ئەڵمانیا سەردانی پاریسی کرد، ئەمەش لە کاتێکدایە کە  هەردوو وڵات بە هۆی جەنگی ئۆکرانیا و دەرهاویشتەکانییەوە،  لەسەر کۆمەڵێک  دۆسێی گرنگ جیاوازیی قووڵیان هەیە، لە پێش هەمووشیانەوە مەسەلەی گازی سروشتیی و بەرگریی هاوبەشی ئەوروپا، چۆنێتی مامەڵەکردنی لەگەڵ جەنگی ئۆکرانیا و دەرهاویشتەکانی. هەندێک چاودێری سیاسیش پێیان وایە، کە ئەم جیاوازییانە مەترسییەکی گەورەن بۆسەر یەکێتیی ئەوروپا، چونکە ئەم دوو وڵاتە بە ماکینەی سەرەکی ئەم یەکێتییە دادەنرێن. هەرچەندە شۆڵتس  لە پاش کۆبوونەوەی لەگەڵ ئیمانوێل  ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا بە میدیاکانی راگەیاند: دەیەوێت پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات بەهێزتر بکات و بەسەر هەموو ئەو جیاوازییە سیاسییانە تێپەڕێت کە لە ماوەی پێشوودا لە نێوان هەردوو وڵاتدا دروست بوون. بەڵام میدیاکانی ئەوروپا بە شێوەیەکی تری دەبینن.

دیداری شۆڵتس و ماکرۆن
کۆبوونەوەکەی شۆڵتس و ماکرۆن گرنگ بوو، تاڕادەیەکیش کەمێک ترس و گومانەکانی رەواندەوە، لە پاش کۆبوونەوەکەش، شۆڵتس لەسەر واڵەی خۆی لە تویتەر  رایگەیاند:  
دیدارێکی گرنگ بوو، گفتوگۆی گرنگ و زۆر باشمان کرد و تێیدا باسی مەسەلەی پێداویستییەکانی ئەوروپا بۆ وزە و بەرزبوونەوەی نرخەکەی و پڕۆژەکانی خۆپڕچەکردنی سوپاکان کراوە. لە بەرامبەریشدا کۆشكی ئەلیزێ رایگەیاند:  ئەڵمانیا و فەرەنسا  بە رۆحێکی بەهێزەوە کار دەکەن  بۆ سەرکەوتن بەسەر کێشەکاندا.
 بەڵام ئەم وتە و رستە دیپلۆماسیانە ناتوانێت جیاوازییە قووڵەکانی نێوان هەردوو وڵات بشارێتەوە.

بەرلین گرنگی بە پاریس نادات
لەمبارەیەوە رۆژنامەی «تاگس شپیگل» ی ئەڵمانیا لە وتارێکدا بڵاویکردەوە: جیاوازی نێوان بەرلین و پاریس زۆر گەورەیە و هیچ کارێک پێکەوە ناکەن،  بۆ نموونە، دەبوایە پێش کۆبوونەوەی شۆڵتس و ماکرۆن، وەزیرانی دەرەوەی هەردوو وڵات لە بارەی جیاوازی نێوانیان لەسەر کێشەی وزە  کۆببنەوە، بەڵام ئەم کۆبوونەوەیە بۆ ساڵی داهاتوو دواخرا. لە درێژەی وتارەکەیدا رۆژنامەکە دەڵێت: حکومەتی نوێی ئەڵمانیا، هێندە گرنگی بە پاریس نادات، بەمشێوەیەش ماکینەی ئەوروپا بە باشی  کار ناکات و بەرەو پێشەوە ناڕوات.


جیاوازییە سەرەکییەکانی نێوان هەردوو وڵات
بە پێی بۆچوونی چاودێرانی سیاسیی و راپۆرتەکانی میدیای ئەڵمانیا و فەرەنسا  بێت، بەرلین و پاریس لە پاش جەنگی ئۆکرانیاوە لەسەر کۆمەڵێک دۆسێ ناکۆکی قووڵیان هەیە. یەکەمیان: مەسەلەی چۆنێتی مامەڵەکردن لەگەڵ جەنگی ئۆکرانیا و  کێشەی وزە و بەرزبوونەوەی نرخەکەی. دووەمیان: لەسەر مەسەلەی خۆپڕچەکردن و بەرگری هاوبەشی ئەوروپا. 

جەنگی ئۆکرانیا
جەنگی ئۆکرانیا یەکێک بوو لەو کێشە گەورانەی کە رووبەڕووی یەکێتیی ئەوروپا بۆوە، چۆنێتی مامەڵەکردن لەگەڵ روسیا و کێشەی ئۆکرانیا بۆ ئەڵمانیا زەحمەت بوو. لەمبارەیەوە کەناڵی یەکی ئەڵمانیا لە پێگەی خۆی وتارێکی سیاسی بڵاوکردۆتەوە و تێیدا هاتووە: هەر لە سەرەتاوە حکومەتی ئەڵمانیا بە سەرۆکایەتی ئەنجیلا مێرکڵ و دواتریش بە سەرۆکایەتی شۆڵتس، لەو بڕوایەدا بوون کە دەبێت لە رێگەی دیالۆگ و دانوستان لەگەڵ پوتین ئەم کێشەیە چارەسەر بکرێت، ئەمەش جگە لە وەهمێک هیچی تر نەبوو. 
دیارە ئەڵمانیا بە حوکمی ئەوەی مێژوویەکی خراپی لەگەڵ روسیادا هەیە و لە جەنگی دووەمی جیهانیدا، تاوانی گەورەی بەرامبەر بە خەڵکی روسیا کردووە، هەروەها یەکبوونەوەی هەردوو بەشی ئەڵمانیا و رووخانی دیواری بەرلینیش، بە بێ هاوکاریی و یارمەتی  روسیا مەحاڵ بوو، لەمەشدا هەمیشە ئەڵمانەکان بە باشی وەسفی هەڵوێستی روسیا دەکەن بە تایبەتی میخایل گۆرباچۆف، سەرۆکی پێشووی یەکێتیی سۆڤیەتی جاران،  رۆڵێكی یەکلاکەرەوەی هەبوو لە یەکبوونی ئەڵمانیا. هەربۆیە حکومەتی ئەڵمانیا کەمێک سڵی لە سزادانی روسیا دەکردەوە. بەڵام دواتر دەرکەوت کە سیاسەتی دیالۆگ لەگەڵ پوتین، سیاسەتێکی هەڵەیە. 

بەرلین تاکلایەنانە هەڵسووکەوت دەکات
لە ماوەی پێشوودا حکومەتی ئەڵمانیا بڕیاریدا بڕی 200 ملیار یۆرۆ دابنێت بۆ روبەڕووبوونەوەی بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنییەکان بەتایبەتی گازی سروشتی، ئەمەش بووە مایەی ناڕەزایی لە هەندێک پایتەختی ئەوروپاوە، چونکە پێیان وایە کە ئەم بڕیارە دژی بنەماکانی بازاڕی ئازادە و بواری کێبڕکێ لە نێوان کۆمپانیاکان ناهێڵێتەوە، لە هەمانکاتیشدا بەرلین بە بێ ئەوەی دانوستان لەگەڵ هاوبەشە ئەوروپییەکان بکات، ئەم بڕیارە تاکلایەنەی داوە. 

سیاسەتی بەرگریی هاوبەش
کاتێک حکومەتی ئەڵمانیا  ساڵی پار بڕیاریدا بڕی 100 ملیار یۆرۆ تەرخان بکات بۆ بەرگری، لە زۆربەی پایتەختەکانی ئەوروپادا پێشوازییان لەم بڕیاڕە کرد، چونکە بەمشێوەیە بەرلین  2 % ی داهاتی نیشتمانی بۆ بەرگری تەرخان دەکات، ئەمەش داواکاری رێکخراوی ناتۆیە. دیارە ئەم بڕە پارەیەش بۆ  پڕچەککردنی سوپای ئەڵمانیا و بەهێزکردنی توانا سەربازییەکانە. لە پاش ئەوەش حکومەتی ئەڵمانیا بڕیاریدا لەگەڵ وڵاتانی « هۆڵەندا، پۆڵەنەدا، چیک و وڵاتانی بەلتیق و ئەسکەندەنافیا» بەرگری ئاسمانی هاوبەش دروست بکەن. ئەمەش بووە مایەی نیگەرانی پاریس، چونکە لەم پڕۆژە سەربازییەدا، کۆمپانیاکانی چەک و تەقەمەنی فەرەنسا هچ رۆڵیان نییە. بۆیە لە پاش ئەمە سەرۆک ماکرۆن داوای دانانی سیاسەتێکی بەرگری ئاسمانی ئەوروپی هاوبەشی کرد. 

لەمبارەیەوە رۆژنامەی لیبراسیۆنی فەرەنسا نووسیویەتی: ماکرۆن کاتێک بزانێت  سیاسەتەکانی ئەوروپا خزمەتی فەرەنسا دەکەن، پێی باشە، بەڵام کاتێک بزانێت خزمەتی بەرژەوەندییەکانی ئەڵمانیا دەکات، پشتگوێیان دەخات.»

ئاساییە جیاوازی هەبێت
بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا زۆر لە بەرپرسانی ئەڵمانیا و فەرەنسا، ئەم جیاوازییە بە ئاسایی دەبینن، بۆ نموونە  ئانا لۆرمان کۆمیساری حکومەتی ئەڵمانیا بۆ پەیوەندیی نێوان ئەڵمانیا و فەرەنسا بە پێگەی ئەلکترۆنی ئار، بی ، بی « ئەڵمانی راگەیاند:  راستە لە نێوان ئەڵمانیا و فەرەنسادا  لە بارەی دۆسێی وزە و  بەرنامەی خۆپڕچەکردن جیاوازی هەیە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا پەیوەندیی نێوان  هەردوو وڵات باشە. وتیشی: ئێمە دوو وڵاتی جیاوازین، لەبەرئەوە ئاساییە ئەگەر جیاوازی بۆچوون لە نێوانماندا هەبێت.

سەرچاوە: ئاژانسەکان

بابەتە پەیوەندیدارەکان