ئا: گۆران فه‌تحی
دواجار هه‌ریه‌ك له لوبنان و ئیسرائیل گه‌یشتن به رێكه‌وتنێك له‌سه‌ر دیاریكردنی سنووره ئاوییه‌كانی نێوانیان، كه ساڵانێكه گرژی و ناكۆكی له نێوان هه‌ردوولادا دروست كردووه، به‌تایبه‌تی دوای ئه‌وه‌ی ئیسرائیل ده‌ستیكرد به ده‌رهێنانی نه‌وت و غاز له‌و ناوچانه‌دا.
ئه‌و ناوچه سنووریانه‌ش بە وتەی لوبنانییەکان نزیكه‌ی 860 كیلۆمه‌تر چوارگۆشه‌یه و سنووره‌كانی لوبنان ده‌گه‌یه‌نێت به هێڵی 23.
رێكه‌وتنێك بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌كان
له‌ساڵانی رابردوودا چه‌ندین هه‌وڵی نێوه‌ندگیری له نێوان لوبنان و ئیسرائیل درا بۆئه‌وه‌ی ئه‌و ناوچه‌یه‌ی جێناكۆكییه له‌سه‌ر سنووری هه‌ردوو وڵات، دابه‌ش بكرێت به‌سه‌ر لوبنان و ئیسرائیل‌دا، به‌ڵام به‌پێی رێكه‌وتنه‌كه‌ی ئه‌مجاره، ته‌واوی ئه‌و ناوچه‌یه درا به لوبنان به هێڵی 23یشەوە كه به‌یروت وه‌كو كۆتا سنووری خۆی جه‌ختی له‌سه‌ر ده‌كرده‌وه، له‌لایه‌ن ئیسرائیله‌وه دانی پێدانرا، جگه له ناوچه‌یه‌كی نزیك له كه‌ناره‌كانی لوبنان كه پێنج تا شه‌ش كیلۆمه‌تر ده‌بێت و ئێستا له‌ژێر ده‌ستی ئیسرائیلدایه، كه ته‌ل ئه‌بیب به خاڵێكی ستراتیژی ده‌زانێت بۆ ئیسرائیل به‌و پێیه‌ی ده‌ڕوانێـته سه‌ر كه‌ناره‌كانی باكووری ئه‌و وڵاته.
له دانوستانه‌كانی نێوان ئیسرائیل و لوبناندا، باس له كێڵگه‌ی كاریش نه‌كرا كه كێڵگه‌یه‌كی نه‌وتی گرنگه و ئیسرائیل كاری تێداده‌كات، به‌و پێیه‌ی ده‌كه‌وێته ناو هێڵی 29وه، خودی به‌یروتیش له دانوستانه‌كاندا داوای ئه‌و ناوچه‌یه‌ی نه‌كرد و ته‌نها جه‌ختی له‌سه‌ر هێڵی 30 كرده‌وه وه‌كو دوا سنووری لوبنان.
كێڵگه‌ی كاریش و ناوچه نه‌وتییه‌كانی تر
چه‌ند مانگی رابردوو كێشمه‌كێش و ناكۆكی و شه‌ڕی راگه‌یاندن به شێوه‌یه‌كی زۆر له‌نێوان ئیسرائیل و لوبنان سه‌باره‌ت به كێڵگه نه‌وتییه‌كانی ئاوه سنوورییه‌كانی نێوان هه‌ردوولا په‌ره‌ی سه‌ند، به‌تایبه‌تی دوای ئه‌وه‌ی ئیسرائیل له رێگه‌ی كۆمپانیای ئه‌نێرجیانی یۆنانییه‌وه ده‌رهێنانی نه‌وت و گازی ده‌ستپێكرد له كێڵگه‌ی كاریش كه ده‌كه‌وێته ناو هێڵی 29ه‌وه.
هه‌رچه‌ند به‌پێی گه‌ڕانی كۆمپانیای توتاڵی فه‌ره‌نسی بۆ سنووره ئاوییه‌كانی لوبنان ده‌ركه‌وتووه كه‌رتی 9ی ئه‌و سنووره، كێڵگه‌یه‌كی نه‌وتی له‌خۆده‌گرێـت، كه لوبنان به كێڵگه‌ی قانا ناوی ده‌بات و هێڵی 23 به‌ره‌و باشوور تێده‌په‌ڕێنێت و به‌شێكی ده‌كه‌وێته ناو ئاوه‌كانی ئیسرائیله‌وه، به‌ڵام رێكه‌وتنی هه‌ردوولا، ئه‌م كێڵگه‌یه‌ی به‌ته‌واوی به خاكی لوبنان هه‌ژماركرد، ئه‌وه‌ش وا ده‌كات لوبنان مافی ته‌واوی هه‌بێت سوود له‌و كێڵگه‌یه وه‌ربگرێت و نه‌وت و گازی لێده‌ربهێنێت له ئاینده‌دا.
به‌پێی رێكه‌وتنه‌كه‌ش، كۆمپانیای توتاڵ كار له كێڵگه‌ی قانا ده‌كات بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی لوبنان، له‌گه‌ڵ ئیسرائیلیشدا رێكه‌وتووه قه‌ره‌بووی ته‌ل ئه‌بیب بكاته‌وه له‌و پشكه‌ی له كێڵگه‌ی قانا هه‌یبووه، له رێگه‌ی پێدانی به‌شێكی قازانجه‌كانی كۆمپانیا فه‌ره‌نسییه‌كه به ئیسرائیل، به‌ڵام ئه‌مه واتای ئه‌وه ناگه‌یه‌نێـت كه لوبنان ده‌بێـت به وڵاتێكی نه‌وتی، چونكه هێشتا به‌یروت پێویستی به دۆزینه‌وه‌ی نه‌وت و غازه له‌و كێڵگه‌یه‌دا و دواتریش ده‌رهێنانی و سوود وه‌رگرتن لێی له رووی بازرگانییه‌وه.
لوبنان دوای ئه‌م رێكه‌وتنه لانیكه‌م پێویستی به سێ تا چوار ساڵ ده‌بێت، بۆ ده‌رهێنانی غاز له كێڵگه‌ی قانا، دواتریش چۆنێتی مامه‌ڵه‌كردن به داهاتی ئه‌و كێڵگه‌یه‌وه، رێكه‌وتنه‌كه‌ش واتای چاره‌سه‌ری هه‌موو قه‌یرانه دارایی و ئابوورییه‌كانی لوبنان ناگه‌یه‌نێت.
رۆڵی فه‌ره‌نسا له رێكه‌وتنه‌كه
فه‌ره‌نسا و ئیمانوێل ماكرۆنی سه‌رۆكی ئه‌و وڵاته رۆڵێكی گه‌وره‌یان بینی، له نزیككردنه‌وه‌ی بۆچوونه‌كانی به‌یروت و ته‌لئه‌بیب و گه‌یشتن به رێكه‌وتن له‌سه‌ر سنووره ئاوییه‌كانیان، ئه‌وه‌ش له سوپاسگوزارییەکەی نه‌جیب میقاتی سه‌رۆك وه‌زیرانی لوبنان بۆ ئیمانوێل ماكرۆن ده‌رده‌كه‌وێت، كه ئاماژه‌ی به هه‌وڵه گه‌وره‌كانی سه‌رۆكی فه‌ره‌نسا كرد له سه‌ركه‌وتنی رێكه‌وتنه‌كه.
له راستیشدا هاوكێشه‌یه‌كه به‌و جۆره بووه كێڵگه‌ی قانا له‌به‌رامبه‌ر كێڵگه‌ی كاریش دابنرێت و هه‌ر كێڵگه‌یه‌كیان بۆ یه‌كێك له‌و وڵاتانه به‌جێبهێڵرێت، به‌م جۆره‌ش هه‌ردوولا ده‌توانن به شێوه‌ی سه‌ربه‌خۆ و دوور له كێشه‌ی سیاسیی له‌ناو ئاوی ئیقلیمیی خۆیاندا، نه‌وت ده‌ربهێنن، ئیسرائیل له كێڵگه‌ی كاریش و لوبنانیش له كێڵگه‌ی قانا.
جێێ ئاماژه‌یه رێكه‌وتنه‌كه چه‌ند رۆژێك پێش كۆتاییهاتنی ماوه‌ی سه‌رۆكایه‌تی میشال عۆن وه‌كو سه‌رۆكی لوبنان و سه‌ره‌تای قۆناغێكی فه‌راغی ده‌ستووری دێت له لوبنان، كه ره‌نگه ماوه‌یه‌ك به‌رده‌وام بێت و بێگومان ئەوەش كاریگه‌ریی زۆری له‌سه‌ر دانوستانه‌كانی نێوان هه‌ردوو وڵات بەجێده‌هێشت، ئه‌مه سەرەڕای ئه‌وه‌ی پێش هه‌ڵبژاردنه گشتییه‌كه‌ی ئیسرائیلیش دێت كه ره‌نگه یائیر لابید تێیدا بدۆڕێت و سه‌رۆك وەزیرانێکی تر ده‌سه‌ڵات بگرێتەدەست.
هه‌ریه‌ك له ئیسرائیل و لوبنان خۆیان به‌سه‌ركه‌وتوو ده‌زانن له رێكه‌وتنه‌كه‌دا، كه لوبنان كێڵگه‌ی قانای بۆ ده‌مێنێـته‌وه، له كاتێكدا به‌ده‌ست كێشه‌ی سیاسیی و ئابوورییه‌وه ده‌ناڵێنێت، كه رێكه‌وتنه‌كه هه‌ندێك لە گوشاره‌كانی له‌سه‌ر كه‌م ده‌كاته‌وه، به‌تایبه‌تی كه فه‌ره‌نسا و ئه‌مریكاش پاڵپشتی لێده‌كه‌ن، له‌به‌رامبه‌ریشدا ئیسرائیل خۆی به‌سه‌ركه‌وتوو ده‌زانێت به‌وپێیه‌ی كێڵگه‌ی كاریشی نه‌وتی و غازی بۆ ده‌مێنێـته‌وه كه به ره‌سمی ئێستا كاری تێدا ده‌كات، جگە لەوەش به‌رپرسانی ئیسرائیل پێیانوایه رێكه‌وتنه به‌واتای داننان به ئیسرائیل‌دا دێت له‌لایه‌ن لوبنانه‌وه.
سه‌ركه‌وتن یان سه‌رنه‌كه‌وتنی رێكه‌وتنه‌كه‌ی نێوان به‌یروت و ته‌لئه‌بیب په‌یوه‌سته به ئاستی پابه‌ندبوونی هه‌ردوولاوە به به‌نده‌كانی رێکەوتنەکه‌وه، هه‌روه‌ها به پێشێلنه‌كردنی سنووره‌كانی نێوانیان، كه ئه‌وه ره‌نگه قورستربێت، به‌تایبه‌تی كه لایه‌نی سیاسیی چه‌كداری لوبنانی و هه‌روه‌ها باڵی توندڕه‌و له ئیسرائیل به‌رده‌وام له هه‌لێك ده‌گه‌ڕێن بۆ پێشێلكردنی سنووره‌كان و بۆردومانكردنی لایه‌نی به‌رامبه‌ر.