ئاماده‌كردن – به‌شی هه‌واڵ
له میانه‌ی به‌شداریكردنی له به‌رنامه‌ی شرۆڤه‌ی كه‌ناڵی گه‌لی كوردستان (به‌شدار حەسەن) سه‌رۆكی تیمی پارێزه‌رانی گیراوەکانی بادینان رایگه‌یاند:له كۆتایی ساڵی 2020 له ماوه‌ی سێ مانگ و له هه‌ڵمه‌تێكی ره‌شبگیری له ده‌ڤه‌ری بادینان ژماره‌یه‌ك رۆژنامه‌نووس و چالاكوان له‌لایه‌ن ده‌زگا ئه‌منییه‌كانی ئه‌و ده‌ڤه‌رەوە ده‌ستگیركران، كه ژماره‌یه‌كیان ئازاد كران و به‌شێكیشیان تا ئێستا له زیندان ماون كه ژماره‌یان (12) كه‌سه، جگه له (بڵند ئامێدی) كه خۆی له بنه‌ڕه‌تدا سه‌رتاشه، به‌ڵام ته‌نها شیعرێكی له‌سه‌ر گیراوەکانی بادینان نووسیوه ئه‌ویش نزیكه‌ی سێ مانگه له ئاسایشی گشتی ده‌ستبه‌سه‌ره و تا ئێستا نه‌دراوه‌ته دادگا. وتیشی: دوانی دیكه‌یان له دهۆك (مه‌لا نه‌زیر و قاره‌مان شوكری) ئه‌وانیش به هه‌مان ماده‌ی یاسایی ژماره (21)ی ساڵی (2003)ی په‌رله‌مان كه یه‌كێكیان به شه‌ش ساڵ و ئه‌وه‌ی دیكه‌یان به حه‌وت ساڵ به‌ندكردن سزادراون، هه‌روه‌ها (شێروان شێرانی و مه‌لا شیڤان و ئه‌یاس كه‌ره‌م و گوهدار زێباری و ئه‌یوان عیسا) بۆ ماوه‌ی شه‌ش ساڵ زیندانی‌كران كه له چالاكوان و رۆژنامه‌نووسه دیاره‌كانی ده‌ڤه‌ری بادینانن و ئێستا له شاری هه‌ولێر له زیندانن.
(به‌شدار حەسەن) راشیگه‌یاند: له‌گه‌ڵ ئه‌وانیش پێنج كه‌سی دیكه له چالاكوانانی شیلادزێ هه‌ر‌یه‌كه له (نێچیرفان به‌دیع، ئه‌مجه‌د یوسف ریكانی، یوسف شه‌ریف، محمود ناجی، كۆڤان تارق) ئه‌وانه‌ش ئێستا له چاكسازی گه‌ورانی هه‌ولێر ده‌ستگیركراون.
داوامان كردووه دۆسێكانیان بگوازرێنه‌وه بۆ چاكسازی گه‌ورانی سلێمانی
له‌باره‌ی دۆخی زیندانیان و شێوازی مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵیان سه‌رۆكی تیمی پارێزه‌رانی گیراوانی بادینان رایگه‌یاند: له زیندانی چاكسازی گه‌وران گیراوەکانی بادینان له‌سه‌ره‌تایترین مافه‌كانیان بێبه‌شن و زوڵم و سته‌میان لێده‌كه‌ن، بۆیه داوامان كرد بگوازرێنه‌وه بۆ سلێمانی بۆ ئه‌وه‌ی له چاكسازی سلێمانی به‌و پێیه‌ی له‌وێدا مافی زیندانیان زیاتر پارێزراوه، روونیشی كرده‌وه: ئه‌مه‌ش وه‌كو كاردانه‌وه‌یه‌ك، چونكه ده‌بینین له‌كاتی كردنه‌وه‌ی خوله‌كان له‌ناو چاكسازی گه‌ورانی هه‌ولێر گیراوانی بادینان بێبه‌ش ده‌كرێن و رێگه‌ی به‌شداریكردنیان پێناده‌ن له‌و خولانه، هاوكات له رووی سه‌ردانكردنی كه‌سوكاریان ئازاری زۆر ده‌درێن، به‌جۆرێك كاتێك جل و به‌رگیان بۆ ره‌وانه ده‌كرێت دوای سێ هه‌فته ده‌گاته ده‌ستیان، وه‌كو یارمه‌تی پاره‌یان بۆ ره‌وانه ده‌كرێت جاری وا هه‌بووه به ئاگاداری و شاهێدی سه‌رۆكی ده‌سته‌ی مافی مرۆف له به‌رده‌م لیژنه و سه‌رۆكی داواكاری گشتی دانیشتبوو سێ مانگ بوو نزیكه‌ی (50) په‌نجا هه‌زاری بۆ ره‌وانه كرابوو ئه‌وانه‌ی شیلادزێ پاره‌كه‌یان نه‌ده‌گه‌یانده ده‌ستی. له‌گه‌ڵیشیدا (به‌شدار حه‌سه‌ن) وتی: شه‌ڕی ده‌روونیان له‌گه‌ڵ ده‌كرێت و ئیتر ئه‌م هۆكارانه وایان كرد كه داوای گواستنه‌وه بكرێت بۆ زیندانی چاكسازی گه‌ورانی سلێمانی.
بۆچی زیندانی چاكسازی گه‌ورانی سلێمانیتان هه‌ڵبژارد؟
(به‌شدار حەسەن) سه‌رۆكی تیمی پارێزه‌رانی گیراوەکانی بادینان ئاشكرایكرد: له‌به‌رئه‌وه‌ی به‌پێی زانیاری هه‌م خۆیان و هه‌م ئێمه‌ش و هه‌م كه‌سوكاریان، پێیان وایه له‌وێدا مافی زیندانی زیاتر ده‌سته‌به‌ر ده‌كرێت و مافی زیاتریان پێده‌درێت و وه‌ك ئێره نییه كه به‌چاوی دیل سه‌یری گیراوەکانی بادینان ده‌كرێت.
وتیشی: ئه‌گه‌ر دۆسێكانیان بگوازرێته‌وه بۆ سلێمانی ئه‌وكاته ئێمه ده‌توانین له رێگه‌ی دادگای (جنحی سلێمانی) داوای (ئیفراج شرگی) بكه‌ین، به دڵنیاییه‌وه سوودمه‌ند ده‌بن و ئه‌و ده‌ستوه‌ردانه سیاسییه زه‌قه‌ی له‌سه‌ر گیراوەکانی بادینان هه‌یه له‌وێدا نابێت، چونكه ئێمه پێمان وایه به‌هۆی ئه‌و ده‌ستوه‌ردانه سیاسییه ئه‌مانه سوودمه‌ند نه‌بن و ئازاد ناكرێن. له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا ئه‌وه‌ی خسته‌ڕوو: له‌هه‌مان دادگا و شار‌و ئه‌و زۆنه خه‌ڵكی دیكه ئازاد كراوه. بۆچی ئه‌مانه سوودمه‌ند نابن، چۆن ده‌بێت له‌بانێك و دوو هه‌وا بژین بۆ كه‌سێك هه‌بێت و بۆ كه‌سێك نه‌بێت.
مانگ و نیوێك دوو مانگ ده‌بێت رێگه ناده‌ن گیراوەکانی بادینان ببینین
(به‌شدار حه‌سه‌ن) ئه‌وه‌ی ئاشكراكرد: ئێمه نزیكه‌ی مانگ و نیوێك دوو مانگ ده‌بێت رێگه ناده‌ن گیراوانی بادینان ببینین، به‌تایبه‌ت له‌دوای ئه‌وه‌ی (شێروان شێروانی) له هۆڵه‌كه‌ی براوه تا ئه‌و كاته نازانین بۆ كوێ براوه ئێمه وه‌ك تیمی پارێزه‌ران (شێروان) مان نه‌بینیوه» ته‌له‌فۆنه‌كانی پچڕاون ئایا بۆ شوێنێكی نادیار و ده‌ره‌وه‌ی زیندانیان بردووه؟ تا ئێستا نازانین، كه هه‌رشتێكیش لێبێت ئۆباڵه‌كه‌ی ده‌كه‌وێته ئه‌ستۆی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته به‌تایبه‌ت ئیداره‌ی چاكسازی گه‌ورانی هه‌ولێر.
زیندانیان له‌هه‌ولێر به‌تایبه‌ت دۆخیان خراپه
سه‌رۆكی تیمی پارێزه‌رانی گیراوەکانی بادینان ئه‌وه ده‌خاته‌ڕوو: كه زیندانیان له هه‌ولێر به‌تایبه‌ت دۆخیان خراپه له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هۆڵه‌كانیان بچووكه و زیندانه‌كان پڕ بوون له خه‌ڵكی بێ‌تاوان نه‌ك خه‌ڵكی تاوانبار، (به‌شدار حه‌سه‌ن) وتیشی: ئێمه چه‌ندین جار له كۆنگره رۆژنامه‌وانییه‌كان و ته‌له‌فزیۆنه‌كان داوامان كردووه ئه‌و لێبووردنه گشتییه‌ی كه ره‌شنووسه‌كه‌ی ئاماده‌كردووه و ئاراسته‌ی هه‌موو لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كان كراوه هه‌موو لایه‌نه‌كانیش وه‌ڵامیان داوه‌ته‌وه، كه له‌لایه‌ن سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستانه‌وه ئه‌م لێبووردنه گشتییه نێردراوه، به‌ڵام تا ئه‌و ده‌قه سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران وه‌ڵامی نه‌داوه‌ته‌وه كه ماوه‌ی نزیكه‌ی چوار مانگ ده‌بێت نووسراوه‌كه‌ی لایه و هیوادارین وه‌ڵام بداته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و خه‌ڵكه بێتاوانه‌ی له زیندانن
ئازاد بكرێن.