بۆچی بە ماتادۆر ناوی دەبەن؟

11:16 - 2022-10-31
وەرزش
380 جار خوێندراوەتەوە

هەڵبژاردەی تۆپی پێی ئیسپانیا یەكێكە لە هەڵبژاردە بەشدارەکانی ئەم مۆندیالەی قەتەر و یەكێكیشە لەو هەڵبژاردانەی پاڵێوراوە بۆ بردنەوەی نازناوی پاڵەوانی مۆندیالیش.
ئەم هەڵبژاردەیە نازناوێكی ناوازە و جێی سەرنجی هەیە ئەویش نازناوی (ماتادۆر) ە، ئەم نازناوەش بۆ زۆرانبازی گا دەگەڕێتەوە كە ئیسپانییەكانی پێ دەناسرێت و جیا دەكرێتەوە لە هەڵبژاردەکانی تر.
ئەم هەڵبژاردەیە جگە لە ماتادۆر بە نازناوی لارۆخا – ش ناسراوە كە بەمانای (توڕەیی سوور) دێت، جەگە لەو دوو نازناوە هێندێك جاری تریش بە نازناوی لۆس تۆرۆسیش ناساروە كە مانای (گایەكان) دەگەیەنێت و ئاماژەیە بۆ زۆرانبازی گا كە لە ئیسپانیا باوە.
دیارە  ماتادۆر و زۆرانبازی گا كە لە ئیسپانیا باوە، وەرزشێك یان ئارەزوویەكی سەرپێی هەڕەمەكی نییە، بەڵكو ئارەزو یان وەرزشێكە بەپێی چەند یاسایەكی تایبەت و پێوەری رۆشنبیری تایبەت بەو وڵاتە بەڕێوە دەچێت، جگەلە ئیسپانیا لە پورتوگال و مەكسیك و كۆڵۆمبیا و پیرۆ و باشووری فەرەنساش هەیە و دەكرێت.
زۆرانبازی گا بە رەزامەندی حكومەتی ئیسپانیا دەكرێت، ئیسپانییەكان پێیان وایە زۆرانبازی گا هونەرێكی تایبەتە، لەئیسپانیاش بە پێی یاسا رێگە پێدراوە و هەر بەپێی یاساش دەكرێت و بە بەشێك لە كەلەپور و نەریتی ئیسپانییەكانیش دادەنرێت.
لەگەڵ ئەم پیرۆزی و رێگە پێدانەی حكومەتی ئیسپانیا بەو هونەرە، بەڵام لەسەرتاسەری جیهانەوە دەنگی ناڕەزایەتی توند هەیە بۆی و گوشارێكی زۆر لەسەر ئیسپانیا هەیە تا رێگە لە زۆرانبازی گا بگیرێت چونكە نەوەرزشە و نەهونەرە، باسی ئەوەش دەكەن كە كارێكی نەشیاوە چونكە بە قێزەونترین شێواز ئەو گایانە لەبەرچاوی خەڵكە دەكوژن و ئازاریان دەدرێت.
لە كەتەلۆنیا كە هەرێمێكی گەورە و كاریگەری ئیسپانیایە پەرلەمانەكەیان بڕیاری قەردەغەكردنی داوە و ساڵی 2012 بڕیارەكە چووە بواری جێبەجێكردنەوە، بەڵام ساڵی 2016 حكەمەتی ئیسپانیا یاساكەی بەرسمی نەناساندن و هەڵی وەشاندەوە، بەڵام كەتەلۆنییەكان خۆیان بۆخۆیان لە هەرێمەكەیان بەهیچ شێوەیەك رێگە بە ئەنجامدانی ئەم نمایشە نادەن و لە كەتەلۆنیا ناكرێت.
دورگەی مایۆركاش ساڵی 2017 وەك كەتەلۆنیا هەمان هەڵوێستیان نواند و قەدەغەی زۆرانبازی گایان لە دورگەكەیان كرد، بەهەمان شێوە حكەمەتی مەركەزی و پەرلەمانی ئیسپانیا یاساكەیان بە ناشەرعی و نا دەستوری لەقەڵەمداو هەڵیان وەشاندەوە، بەڵام دانیشتووانی دورگەكە وەك كەتەلۆنییەكان ئەمانیش بەهیچ شێوەیەك بەلای ئەم زۆرانبازییەدا ناچن.
لەسەر ئاستی ئەوروپا و جیهانیش گوشارەكان تا ئەم ساتەش لەسەر حكومەتی ئیسپانیا زۆرە بۆ ئەوەی ئەم زۆرانبازی گایە قەدەغە بكرێت، بەجۆرێك شای ئیسپانیا رایگەیاندووە ئەگەر گوشارەكان بۆ قەدەغەكردنی زۆرانبازی گا بچێتە بواری رەسمییەوە ئەوا ئەوان لە یەكێتی ئەوروپا دچێتە دەرەوە.


#ســتادیـۆم

بابەتە پەیوەندیدارەکان